نیشتمانپەروەرێتی لە هەڵوێستی دایکێکدا

کنێر عەبدوڵا - چالاکوان

 

کاتێک لە پایتەختی کوردستانەوە (دەنیزجەودەت) بە شەهیدکراوی دەنێرێتەوە باکووری کوردستان دایکەکەی لەسەر تەرمی کوڕەکەی دەڵێت: "کوڕەکەم شەهیدی کوردستانە و هی هەرچوارپارچەی کوردستانە ...." شەهیدکردنی دەنیز و ووتەکەی دایکی کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی شەهیدبوونی سێ گەنجی دژە تیرۆر لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت دەرئەنجامە و هۆکار و کێشە و باسکردنی زۆر لەخۆدەگرێت، کە پێویستە هەموو خەڵکی کوردستان بەگشتی و حکومەت و حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئاوڕدانەوە و هەڵوێستی یەکگرتوو و یەکلاکەرەوەی جدی و ڕاشکاوانەیان هەبێت لەبارەی ئەنجامدەرانی کە لای هەموو کەس روونە کێ و بۆچی ئەم ڕووداوە یەک لەدوای یەکانە ڕوو دەدەن؟

 

من لێرەدا نامەوێ بچمە نێو شیکارکردنی ئەو دۆخە و باسکردن لە و واقعە؛ هێندەی دەمەوێت تیشک بخەمە سەر هەڵوێستی ئەو دایکەی پاش چەندین ساڵ نەبینینی کوڕەکەی بە شەهیدکراوی لە خاکی کوردستاندا تەرمەکەی دەباتەوە و لە قسەکانیدا هەستی نیشتنمانپەروەرێتی و خاكی کوردستان، هاوڵاتیبوون، کوردبوون وخەباتکردن لە کوردستاندا بۆ ئامانجە گەورەکە کە کوردستانە بەیەک پاکێج دەخوێنێتەوە؛ ئەمە لەکاتێکدا گەر کەسێک بە ووردی خوێندنەوەی هەبێت و بە ووردی سەیری هەڵوێستی زۆرێک لە میدیا، حزبە سیاسییەکان، حکومەت و خەڵک و هتد لە باشووری کوردستان بکەین لە هەمان رۆژدا، دەگەینە ئەوەی بڵێین پاش زیاد لە ٣٠ ساڵ حوکمڕانی باوەر بەو پەندە کوردییە بکەینەوە کە وتراوە: "ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیاڵێک".

 

بە واتایەکی تر لە هەموو ئەو کارەساتانەدا درک دەکەیت هیچ کاردانەوەیەکی جدیی و یەکگرتوو وەک کورد و خەڵکی کوردستان بەدیناکرێت لە بەرامبەر بکەراندا کە دژە کورد و کوردستانە، ئەوەی ئەکرێت ناڕەزاییە لە ڕێی بەیاننامەیەک یان کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی کە دەرئەنجام وەک هەموو جارێک زمانی هەمووان هاوشێوەی یەکتر دەبن و زۆرجار دەکەوێتە گومانەوە لەوەی کێ لایەنگر و کێ نەیاری مەسەلەکەتە وەک کورد؟!

 

بە نمونە تەلەفزیۆنێک، نیشانەی پرسەی بە شاشەکەوە نەکرد، حکومەت پرسەیەکی سەرتاسەری گەر بۆ ساتێکیش بێدەنگی بێت بۆ ئەو کارە تیرۆریستانەی ڕوویدا ئەنجام نەدا، ڕۆژنامەیەک لەبری راگەیاندنی ماتەم، لە یەکەم لاپەڕەی رۆژنامەکەیدا بابەتی هەمەڕەنگ و باسکردن لە هونەرمەندە جیهانییەکان دەبێتە جێی باسی و لەبری نیشاندانی هەڵوێستی ناڕەزایەتی و یەکگرتووانەی خەڵک لەسەر شەقام و کوچە و کۆڵانەکاندا، بێدەنگی و هاوخەمیی و بێئومێدی و بێچارەیی بووەتە دەرئەنجامەکان لایان و هەندێ جاریش لێرە و لەوێ وەک هەمیشە گوێبیستی ئەوە دەبین دەوترێت: "هیچ نەماوە نەیکەین"،"هەر ئەڵێین و کەس گوێمان لێناگرێت"، " شتێک نەماوە بە ناوی کوردایەتی و نیشتمان" و ئەمانە و چەندینی تر.

 

خودی هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن: بەرنامەی حوکمڕانی لە باشووری کوردستاندا پێویستی بە پیاچوونەوە هەیە، حزبە سیاسییەکان پێویستیان بە گۆڕینی بەرنامە و کولتووری سیاسی هەیە، خەڵکی کوردستان دەبێت خۆیان چارەنووسیان دیاری بکەن و لە هەمووی گرنگتر پێمان دەڵێت: "نیشتمانپەروەرێتی لە قەیراندایە و گەر فریای خۆمان نەکەوین هەموو دەگەڕێینەوە خاڵی سفر و خراپتر، چونکە بێ بەهاکان و هەستکردن بەهاوڵاتیبوون،  ئینتیمابوون بە نیشتمان، ئەوانیتر ڕێچکە ڕاست و ڕاستەقینەکەی خۆی ناگرێت".