سەرکەوتنی ژن سەرکەوتنی ژیانە
ڤارونا عومەر - شێوەکار
بێگومان ژن کە خوداوەندی زاین و بەرهەمهێنانی سەردەمی نیئۆلتیک بووە، بە درێژایی مێژووی کۆمەڵگەی چینایەتی زۆر شتی خۆی لە دەست داوە، بۆیە مێژووی گەشەسەندنی کۆمەڵگەی چینایەتی، بووەتە مێژووی سەرکەوتنی پیاوسالاری، ڕێسا کارپێکراوەکانیش بۆ ئەم مەبەستە درۆکانی میتۆلۆژیا و سزا خوداییەکانن، کە زۆرداریەکی پەتی قەبەیان پێ پەردەپۆش کراوە.
بە درێژایی مێژوو بێبەریکردنی ژن لە ناسنامە و کەسایەتی و کردنی بە یەخسیری پیاو، دیاردەیەکە کە لە دروستبوونی چینایەتی زیاتر ئەنجامی نەرێنی لێ کەوتووەتەوە، گومانی تێدا نیە کە ڕاستکردنەوەی ڕەوتی ئەم مێژووە ئەنجامی کۆمەڵایەتی بەهێز لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، سەرلەنوێ لە دایکبوونەوەی ئازادانەی ژنیش هەموو دامودەزگاکانی سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگە ناچاری ئازادبوون و ڕوناکبیری و داد دەکات.
بەداخەوە ۲ ساڵ پێش ئێستا ژینای ئێمە شەهید کرا لەلایەن کۆماری پەت و سێدارە، بەڵام شەهید بوونی ژینا بووە هۆی چەخماخەی ڕاپەڕین و هەڵمەت و بەرخۆدان، هەروەها بووە هۆی ژیانەوەی خەونی گەورەی کوردان و ئاڵۆزکەری خەوی داگیرکەران، کە سەرەڕای شەهیدکردن و بریندارکردن و سێدارەی داگیرکەران بەڵام ئەم شۆڕشە بە نەیاران کپ نەکرا.
ژینا بوو بە زیندووکەرەوەی فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی " کە سەرچاوەکەی ڕێبەر ئاپۆیە، ئەو فەلسەفەیەی بوو بە ئیرادەیەک بۆ کۆکردنەوەی ژنانی هەموو جیهان، ئەم دروشمە بە سەرجەم جیهاندا بڵاو بوویەوە هەر لە ئەمریکای لاتینی تا ئەوروپا و ئاسیای بۆ لای خۆی ڕاکێشا، دوا نموونەش هندستانە کە لە ئابی ئەمساڵدا بە سەدان هەزار کەس لە دژی نا دادپەروەری بەرامبەر بە ژنان لەم وڵاتەدا بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هاتنە مەیدان.
ژن لە سەرهەڵبڕینی دیموکراتیانەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا جێگای تایبەتی خۆی هەیە، وەک هێزێکی خوڵقێنەری قۆناغی نیئۆلیتیک تا ئێستاش سوکایەتی پێ کردنی لەلایەن کۆمەڵگەی چینایەتیەوە پێ هەرس نەکراوە، لەم واتایەدا لەگەڵ دەستپێ بوونی سەدەی ۲۱ سەردەمی وشیار بوونەوە و ئازادبوون و بەهێزبوونی ژن لە ڕزگاری چینایەتی و نەتەوایەتی زۆر گرنگ ترە...
بەڕای من پێشکەوتن و بەرزبوونەوەی ژن لە سەردەمی شارستانی دیموکراتیدا لە هەموو قۆناغەکانی تر زیاتر دەبێت، بەهۆی چینایەتیەوە پێشکەوتنی شارستانیەکان لە تەوەری پیاوسالاریدا، ژن لە ڕوویەکی تریشەوە دەکاتە دژە تێزێک بۆ ئەم بابەتە.
تەنانەت بۆ کۆتایی هێنان بە کۆمەڵگەی چینایەتی، نەک تەنها دژە تێزێکە، بەڵکو نرخی سەنتێزێکی هەیە، کەواتە لە کۆتایدا، ژینا سەلماندی کە دەنگی نەتەوەیەک بە تایبەت کاتێک یەکگرتوو بێت دەتوانێت جیهان بگۆڕێت، هەروەها بە ڕای من، شۆڕشی ژینا دەبێتە خاوەنی ڕاستەقینەی هەڵمەتی دیموکراسی و تۆڵەی خۆی لە مێژوو دەستێنێتەوە.