بەشداریی سیاسیی ژن

سۆزان حەمە تاتە - نووسەر

 

بەشداریی سیاسیی سەرەتاییترین مافی هەموو هاوڵاتییانە هاوبەشبێ لەسەر هاوكێشە و گۆڕانكارییە سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییەكان،کەواتە بوونی ژن گرنگە لەو پێگەیەدا ، چونكە دەبێتە كارەكتەرێكی كاریگەریی گوێلێگیراو، دەچێتە قۆناغی بەشداریكردن لە پرۆسەی بڕیارسازی كە نەخشیی دەبێت لەسەر چارەنووسی دۆزە رەواكەی.

 

پرسیاری گرنگ ئەوەیە بەشداریی سیاسیی ژنان لەڕووی چەندێتی یان چۆنیەتییەوە گرنگە؟ بێگومان چۆنێتی گرنگترە، چونكە ژنانی ئازا و خاوەن ئیرادە پێویستە بەشداربن لە پرۆسەی بڕیارسازی نەك ژمارەیەك ژنی سازاو کە خاوەن کەسایەتی خۆشی نەبێت تەنها وەک ڕۆبوتێک بەکار بهێنرێن یان لەگەڵ عەقڵیەتی پیاوسالاری.

 

بڕیارسازی لە بچووكترین یەكەی سیاسی و دەوڵەتییەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە هەڵبژاردن كە ئەوەشیان بۆ سەركەوتنی ئیرادەی ژن گرنگە، چونكە بوونی ژنی خاوەن ئیرادە دەبێتەهۆی بەرپاکردنی ئاشتی و بەربەست لەبەردەم پیاوی دەسەڵاتخوازی و دژە ژن.

 

ئاشکرایە کە ژنی یەكسانیخواز دژی پیاو نییە وەك رەگەز، بەڵكو دژی ویستیی خۆسەپێنیی پیاوە كە مافەكانی ژن رەتدەكاتەوە، یەكێك لە میكانیزمەكانی ئەو رەتكردنەوەیە لاوازكردنی ئیرادەی ژنی ئازادە، بۆیە هەندێک کارلەسەر ئەوە دەکەن کە هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە ژنی بێ ئیرادە بكانە هاوبەشی بڕیارسازیی خۆیان.

 

تووندوتیژی بەرهەمی دەسەڵاتی پیاوسالارە، ئەوانەی ژنی بێدەنگیان دەوێ، ژنێك بەڵێ و نەخێری لەگەڵیان بێت، سیاسەتی پیاوسالارانەی قبووڵ بێت، هەروەها ملکەچ بێت و خاوەن بیركردنەوەی جیاواز نەبێت.

 

دروستە جیاوازیی ئایدۆلۆژی بووەتە زیاننێکی گەورە بۆ ژنان و دەرفەتێك بۆ پیاوان بۆ زاڵكردنی ئیرادەی خۆیان، ژنان دەبێت ئەوە رەتبكەنەوە، بەڵكو جیاوازییەكانیان بكە خاڵی بەهێزبوون بەرانبەر پیاوسالاری و دەسەڵاتی دڵڕەق.

 

بەشداریی راستەقینەی ژنان لە پرۆسەی سیاسی، پیاوسالاری لاواز دەكات، بۆیە بۆ ژنان گرنگە لە دەوری كۆبەندێك كۆببنەوە، بۆ ئەوەی كۆتایی بە تووندوتیژییەكانی پیاوانی دژە ژن بهێنن بۆ هەموو بڕیارە سیاسی وچارەنووسسازەکانی گەلەکەمان خاوەن ئیرادەو هەڵوێست بن .

 

هەروەها پێویستە لەم هەڵبژاردنەدا کاندیدە ژنانەکان وەک خۆیان بن بە متمانە و ڕاستگۆی پڕۆژە و بیرۆکەی جوانی خزمەتگوزاری بەڵێن بە دەنگدەران بدەن تا سەربەرزانە بچێتە مەیدان وکێبڕکێ بۆ سەرکەووتن و گۆڕانکاری.