شەهید لەیلا قاسم؛ بووكی كوردستان

زوڵفان غەریب - چالاکوان

 

لەیلا قاسم ناوێكی بەرزە وەكو شاخەكانی كوردستان، ئەو تەوارەی لەبەردەم پەتی سێدارە دوژمنی شەرمەزاركرد، لەكاتی گیرانی لەبەردەم وەڵامی پرسیارەكانی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی بەعسدا بێباكانە دەڵێت "بە كوشتنی من هەزاران كورد لە خەونی نەزانی وشیاردەبنەوە، زۆر خۆشحاڵم‌ و سەربەرزم كە گیانم فیدای رێگەی رزگاریی كوردستان دەكەم"، هەموو ئازار ‌و ئەشكەنجەیەك نەیانتوانی بڕیاری پەشیمانی بە لەیلا دەربڕن.
 

لە دوا ساتەكانی ژیانیشی دڵخۆشە بەوەی كە لەدوای خۆی سەدان لەیلا دروست دەبێت، لەناو گەلی كورد هەمیشە ژنان پێشەنگبوون لە خەبات ‌و تێكۆشاندا لە هەر چوار پارچەی كوردستان بە ئازایەتی‌ و بوێریان دۆست ‌و دوژمنیان سەرسام كردووە.
 

لەناو هەر شۆڕشێك ‌و میرنشینێكی گەلی كوردا كە مێژوو نووسرابێتەوە ناوی چەند تەوارێكی شۆڕشگێڕمان بەرچاو دەكەوێت كە سیمبوڵی تێكۆشانی ژنانی كورد بوون ‌و بەدرەوشاوەیی لە خەباتی تێكۆشانی گەلی كورد ‌و ژناندا دەمێننەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە نووسینەوەی مێژوودا بەداخەوە كەمتر رۆڵ و سەرمەشقی ژنان نووسراوە، ئەوەی دەمەوێت لێرەدا ئاماژەی پێ‌ بدەم لە یادی شەهیدبوونی شەهید لەیلا قاسم ئەو تەوارە تێكۆشەرەی كە نیو سەدە لەمەوبەربوو فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو بۆ جارێكیش پەشیمانی نیشان نەدا كە ئەو لە بەهاری تەمەنیدا بوو خوێندكاری قۆناغی سێیەمی زانكۆدا بوو.
 

لەیلا قاسم لە ساڵی (1952) لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێكی نیشتمانپەروەری كورد لەدایكبووە و خاوەنی (3) برا‌ و خوشكێك بوو بە ناوەكانی (سەبیحە، سەلام، سەفا، سەلاح)، باوكی ناوی قاسم و دایكی ناوی كانی بوو، باوكی كارمەندی كرێكاربوو لە كۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی ئەڵوەند كاتێك كە خانەنشین بوو باوكی شەهید لەیلا ماڵیان گواستووەتەوە بۆ بەغدا.
 

لەیلا قاسم لە ساڵی (1958) لە شاری خانەقین دەچێتە بەر خوێندن ‌و قۆناغەكانی سەرەتایی ‌و دواناوەندی لە خانەقین تەواوكردووە ‌و لە ساڵی (1971) لە بەشی كۆمەڵناسی كۆلیژی ئادابی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە، بەڵام ئەم تەوارە هەر زوو ئاشنایەتی بە خەبات ‌و كاری رێكخستن دەبێت لە رێگەی برا گەورەكەی كە ناوی سەلاح بوو پەیوەندی بە رێكخستنەكانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان كردووە ‌و رۆڵێكی كاریگەری لەنێو خوێندكارانی سەردەمی خۆی هەبووە ‌و چالاكانە بێ‌ ترس‌ و دڵەڕاوكێ‌ كاری سیاسی دەكرد، لەو كاتەشدا دژی جیاوازیی نێوان مافەكانی ژن ‌و پیاو بوو لە خەباتكردندا، چونكە خۆشی لە كۆلیژێك دەیخوێند كە كۆمەڵناسی بوو.
 

ئەم تەوارە بەرزەفڕە لە چیرۆكی عەشق ‌و ئەوینیشدا ناوێكی جوانی خۆشەویستییە كە لەگەڵ هاوڕێیەكی ناوی (جەواد هەمەوەندی) بوو زۆر یەكتریان خۆشدەویست‌ و دەیانویست ژیانی هاوسەری پێكبهێنن، بەڵام بەداخەوە دوژمن رێگەی نەدان بە لەسێدارەدانیان چیرۆكی ئەمانیش وەكو ئەفسانەیەك هێشتەوە، ئەم دوو عەشقە زۆر سەرسەختانە لەگەڵ دوو هاوڕێی نزیكیان خەبات ‌و چالاكیان دەكرد ‌و كە هاوڕا ‌و هاوبیربوون لە دۆزی گەلەكەیاندا.
 

لەیلا قاسم بۆ ماوەیەكیش لە باشووری كوردستان چووەتە نێو ریزەكانی هێزی پێشمەرگە بۆ ناسینی رەوشی سیاسیی كورد بۆ باشتر بەڕێوەچوونی خەباتی رێكخستنی نێوان شارەكان.
 

لە سەرەتای ساڵی (1974) لەیلا ‌و جەواد لێكۆڵینەوەیەكی زانستییانە لەسەر كۆمەڵگەی گەلی كورد ئەنجامدابوو، بەڵام بەگیرانی لەیلا لەلایەن سیخوڕەكانی دوژمنەوە لێكۆڵینەوەكەیان لەناوبرا، لەیلا ‌و هاوڕێكانی بڕوایان وابوو تەنها خەباتكردن لە شاخ پێویست نییە، بەڵكو دەبێت لە شاریش چالاكی سیاسییان زیادبكرێت كە چەقی پێگەی دوژمنە، هەربۆیەش لە پایتەختی عیراق لە شاری بەغدا زیاتر چالاكی و خەباتی سیاسیان دەكرد.
 

سەد مەخابن لە كاتژمێر (7) ی بەیانی رۆژی 12 ی ئایاری 1974 لەیلا قاسم ‌و هەر چوار هاوڕێكەی بەناوەكانی (جەواد هەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید ‌و ئازاد سلێمان میران) لە سێدارەدران. 
 

تەرمی پیرۆزی لەیلا قاسم لە گۆڕستانێكی شاری نەجەف لەژێر خاك نرا، پاش ماوەیەك سەلاح قاسم برا گەورەی لە شاری بەغدا شەهیدكرا، چونكە وێنەی شەهید لەیلای ناردبوو خوێندكارانی كورد ‌و یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات بەهۆی لەدەستدانی دوو رۆڵەكەی، باوكیشیان پاش ماوەیەكی كەم بەهۆی لەدەستدانی دوو رۆڵەی تێكۆشەری گەلەكەی كۆچی دوایی كرد.
 

بەڵام ناویان بۆ هەمیشە لە هزری هەر تاكێكی كورد دەمێنێتەوە‌ و هەزاران خێزان ناوی كچەكانیان ناوناوە لەیلا، شاعیری گەورەی كورد شێركۆ بێكەس‌ و چەند شاعیرێكی تریش وەكو جگەرخوێن ‌و هێمن لەسەر قارەمانی لەیلا هۆنراوەیان هەیە، هەروەكو هێمن موكریانی دەڵێت:
 

لە دووی لەیلا بە واوەیلا ‌و شیوەن
 

دەڕۆم‌ و پۆلی شینگێڕ وا بەدواوەم
 

بزەی هاتێ‌! وتی رووناكە ئاسۆم
 

وەرە جەلاد پەتت باوێژە ئەستۆم
 

ئەوە پەت نییە مێداڵی ئیفتخارە
 

كە بوومی قارەمانی میللەتی خۆم
 

كە تۆ تۆرای لە چاوان وەك خەوی من
 

لە بسكت رەشترە مانگەشەوی من
 

بڕۆ مەجنون! بە لەیلا خۆت مەنازە
 

كە ناوبانگی پتر رۆیی ئەوی من