كێ ژنەكان دەكوژێت؟
شاناز هیرانی - نووسەر
بڕیاردان لەسەر چارەنووسی مرۆڤ بە (كوشتن)، هەروا سانا نییە و كەسی ئاسایی ناتوانێت ئەم بڕیارە قورسە بدات، ئەگەر لەناو خودی خۆیدا لە جەنگێكی دژواردا نەبێت!
هەرگیز لەخۆمان پرسیوە ئەوانە كێن؟ باوک و براو هاوسەر و…هتد ن یان هەموو كۆمەڵگەكە بووەتە كۆمەڵگەی ژنكوژەكان؟ چونكە سەرەتا ژنەكە بە دەستی كەسێكی نزیكی دەكوژرێت و دواتر دەكرێتە بابەتێكی كۆمەڵایەتی و پەردەپۆش دەكرێت بە بیانوو و پاساوی جیاجیا.
هەر ئەوەشە وا دەكات بابەتەكە ببێتە ڕاگوزەر و زوو كپ بكرێتەوە و بە پاساوی بابەتی (كۆمەڵایەتی) بوونی، بێ دەنگی لێبكرێت.
كێشەكە هەر ئەوەش نییە، بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتنی مرۆڤ لەخۆی و تێنەگەیشتن لە بەهای كەسی بەرامبەر، كە تا ئێستا وەک مرۆڤ سەیری ئەوی تر ناكات، بەڵكو كائینێكی لاوازتر و بن دەستە و بۆی هەیە چارەنووسی یەكلابكاتەوە بەوەی خۆی دەیبینێ، بەڵام ژنكوژەكان تەنیا باوک و برا و هاوسەرەكان نین، زۆرینەی ئەو خەڵكەن كە ڕەوایەتی دەدەن بە ژنكوشتن و لە كولتووری كۆمەڵگەوە ئەو دیدە هەڵدەقوڵێ و سەرچاوەكەشی ئەو نا تێنەگەیشتنەیە كە بۆ خودی مرۆڤبوون هەیە.
هەرگیز بڕیاردان لەسەر چارەنووسی مرۆڤ بە (كوشتن) هەروا سانا نییە و كەسی ئاسایی ناتوانێت ئەم بڕیارە قورسە بدات، ئەگەر لەناو خودی خۆیدا لە جەنگێكی دژواردا نەبێت! بێگومان هۆكار زۆرن و زۆریش باس دەكرێن، كە ئاخۆ ئەو مرۆڤە بۆ گەیشتۆتە ئەو جۆرە بڕیارە، هەڵەكە و هۆكارەكە و عەقڵەیەتەكەش دیارە، ئەی میكانیزم چییە بۆ ڕێگری كردن؟
من هەمیشە بیر لەوە دەكەمەوە ئاخۆ ئەو كەسەی دەستی دەچێتە خوێنی كەسێكی هەرە نزیک لە ڕۆح و جەستە و ژیانی، لەو ساتەدا هەست بەچی دەكات؟
بە شەرەفمەندی و ئازایەتی و ئاسودەیی؟ چونكە ئەو هەستانە كاتێک لای مرۆڤێكی ئاسایی دروستدەبن كە كارێكی مەزنی ئەنجام دابێت، بەڵام بڕیاری كوشتنی مرۆڤێک چ شەرەفێک و ئازایەتی و ئاسودەییەک دەبەخشێت؟.
لێسەندنەوەی ژیان و بێبەشكردنی مرۆڤێک لە ژیانكردن بەهەموو پێوەرێک كاری خودای گەورە و قەدەر و چارەنووسە، هیچ ڕۆح لەبەرێک ئەو مافەی نییە بڕیار لەسەر مانەوە یان نەمان لە ژیاندا بۆ كەسێكی تر بدات، هەموو عورف و یاسا و ڕێسا و تەنانەت ئایینەكانیش جەختیان لەوە كردۆتەوە.
تاكی ئێمە وا فێركراوە یاخود وا پەروەردە كراوە كە خۆی بە فلتەری هەڵە و كەموكووڕی و نەنگییەكانی ڕەگەزی مێ داناوە و ڕەوایەتی بەخۆی دەدات، مادام تۆ نێریت كەوایە حاكم و بڕیار بەدەستی، ئەو عەقڵەیەتە وا لە تاكی ئێمە دەكات لەهەر بارودۆخێكدا ببن بە كەسی پاڵەوان، بۆیە تا ئەو جۆرە بیركردنەوە و ئایدیایە بنبڕ نەكرێت، هەموو ڕۆژێک پاڵەوانێكی (نێر) دەبێتە بكوژێكی پاڵەوان.