میكانیزمی سیسته‌می كۆتا له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ نوێنه‌رایه‌تیكردنی ژنان له ‌پۆسته‌ سیاسیه‌كاندا

ئیراد منوچەر سان

 

به‌شداری سیاسی ژنان له‌ عێراق له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بایه‌خ و گرنگی خۆی هه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی پابه‌ندبوونی به‌ ڕێكه‌وتنامه‌ نێوده‌وڵه‌وتیه‌كان و بڕگه ‌یاساییه‌ ناوخۆییه‌كان عێراق و هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ عێراق ده‌وڵه‌تێكی ئه‌ندامه‌ له ‌هه‌ردوو رێكه‌وتنامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی مافی مه‌ده‌نی و سیاسی و نه‌هێشتنی هه‌موو جۆره‌ جیكاریه‌ك دژ به‌ ژنانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووكان، جگه‌ له‌مه‌ش عێراق پابه‌نده‌ به‌ ئامانجی په‌ره‌پێدانی به‌رده‌وامی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ئامانجی ٥ تایبه‌ت به‌ یه‌كسانی ڕەگه‌زی و بونیادنانی توانای كچان و ژنان كه‌ ئامانجی گشتی بریتییه ‌له‌ ده‌سه‌تبه‌ركردنی به‌شداری ته‌واو و كاریگه‌رانه‌ی ژنان و پێدانی هه‌لی یه‌كسان بۆ سه‌ركردایه‌تیكردن له‌ هه‌موو ئاسته‌كانی بڕیاردان له‌ بواری سیاسی و ئابووری و ژیانی گشتیدا.

 

له‌ ده‌ستووری عێراقیدا هه‌موو هه‌ڵاواردن و جیكاریه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای رگه‌زی قه‌ده‌غه ‌كردووه‌ و گه‌ره‌نتی مافه‌كانی ژنان ده‌كات له‌وانه‌ مافی به‌شداریكردن له‌ كاروباری گشتی و مافه‌ سیاسیه‌كانی وه‌ك مافی ده‌نگدان، هه‌ڵبژاردن و كاندیدبوون، سه‌ڕه‌ای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌نگاوێكی نوێ و ده‌ستپێشخه‌ریه‌كی ناوازه‌ له‌ مێژووی عێراقدا ده‌ستووری ئه‌و وڵاته‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٥ به‌شداری سیاسی ژنانی به‌هه‌ند وه‌رگرت و ڕێژە‌ی كۆتای بۆ ژنان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنەرانی عێراق دیاریكرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ‌مێژووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیشدا به‌شداری ژنان له ‌حكومه‌ت یان په‌رله‌مان له‌ ئاستی سیاسی وه‌ك پێویست نه‌بوو، به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی هاوسه‌نگی له‌ نیوان ژنان و پیاواندا بۆ ده‌ستگه‌یشتن به‌ پۆسته‌ گشتیه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كان سیسته‌می كۆتا وه‌ك میكانیزمێكی كاتی ده‌گیرێته‌به‌ر كه‌ به‌پێی رێكه‌وتنامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی به ‌فه‌رمی دانپێدانانی بۆ كردووه‌، به‌ئامانجی به‌دیهێنانی یه‌كسانی و به‌رەوپێشچوون له‌نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌زدا.

 

له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ كاتێك باس له‌ كۆتا ده‌كرێت به‌واتای ته‌رخانكردنی ژماره‌یه‌ك یان ڕێژه‌یك له‌ كورسی بۆ نوینه‌رایه‌تیكردنی ژنانه‌ له‌ ده‌ستەی هه‌ڵبژێردراوه‌كانی وه‌ك په‌رله‌مان و لیژنه‌ یان حكومه‌ت.

 

به‌پێی ده‌ستوور و یاسای هه‌ڵبژاردنی عێراق نابێت نوێنه‌رایه‌تیكردنی ژنان له ‌٪٢٥ له‌ كه‌متر بێت له‌ كۆی گشتی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كه ‌و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانیش، پێویسته‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له ‌٪٢٥ له ‌كاندیده‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ ژنان بن، له ‌هه‌ر بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنه‌كانیشدا پێویسته‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ كورسیه‌ك بۆ كاندیدی ژنان ته‌رخان بكرێت، به‌و پێیه‌ش پێویسته‌ له‌ كۆی  ٣٢٩ کورسی په‌رله‌مان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ٨٣ له كورسیه‌كان بۆ ژنان ته‌رخان ده‌كرێت، كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی  ٪٢٥.٢ سه‌رجه‌م كورسیه‌كان، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ رێساكانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌عێراق و هه‌رێمی كوردستان كارئاسانی كردووه‌ و ڕێگه‌ ده‌دات كه‌ ژنان كورسی زیاتریان بۆ ته‌رخان بكرێت ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌ڵبژێردران.

 

بۆ دڵنیابوون له‌ میكانیزمه‌كانی چۆنێتی دانانی كورسی كۆتا بۆ ژنان له‌ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكاندا، سه‌رەتا كورسیه‌كان ده‌درێته‌ كاندیده‌ براوه‌كان كه‌ زۆرترین ده‌نگیان به‌ده‌ستهێناوه‌ به‌بێ گوێدانه‌ ڕه‌گه‌ز، ئه‌گه‌ر هاتوو كۆتای ژنان به‌ده‌ست هاتبوو له‌ بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا به‌ گوێره‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، ئه‌و كاته‌ هیچ پرۆسه‌یه‌كی جێگره‌وەی نابێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو ژنان نه‌یانتوانی هیچ كورسیه‌ك له‌ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌و كاته‌ دوایه‌مین پیاوی براوه‌ له‌ هه‌ر بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردندا ده‌گۆڕێت بۆ ئه‌و كاندیده‌ ژنه‌ی كه‌ زۆرترین ده‌نگی لەناو سه‌رجه‌م كاندیده‌ ژنه‌كانی هه‌مان بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ستهێناوه‌.

 

له ‌هه‌رێمی كوردستانیش له‌ ڕێگه‌ی سیسته‌می كۆتا به‌شداری سیاسی ژنان به ‌ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، به‌تاییه‌تی دوای په‌سه‌ندكردنی بڕگه‌ی (١) له‌ مادده‌ی چواری له‌ یاسای هه‌مواركردنی چواره‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان - عێراق یاسایی ژماره‌ (٢)ی ساڵی ٢٠٠٩ كه ‌له ‌ده‌قه‌كه‌یدا هاتووه‌ "هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی سیاسی له‌ كوردستانی ـ عێراق بۆی هه‌یه‌ لیستێكی تایبه‌ت به‌ خۆی پێشكه‌ش بكات، كه‌ ناوی پالێوراوه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان- عیراق تیادا بێت، به ‌مه‌رجێک ڕێژه‌ی ژن له ٪٣٠ی كه‌متر نه‌بێت و زنجیره‌ی ناوه‌كان به‌ جۆرێک رێك بخات ئه‌م ڕێژە‌یه‌ی ژنان ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌ مه‌رجێک ژماره‌ی پالێوراوان له‌ هه‌ر لیستێكی هه‌ڵبژاردن له‌ سێ كه‌متر نه‌بێت."

 

له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ جێه‌جێكردنی سیسته‌می كۆتا له‌ عێراق وهه‌رێمی كوردستان هانده‌رێكی گرنگه‌ بۆ به‌شداری ئه‌رێنی ژنان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا و ڕۆڵی كاریگه‌ر ده‌بێنیت له‌ گه‌شه‌كردن و تواناسازی سیاسی ژنان.