"دەستوور یان دەسکێک توور"

گەرمیان خالید گڕاوی – مافپەروەر

 

کاتێک تێکەڵی خوێندنی یاسا بووین، یەکەم شت پێمان گوترا: "دەستوور لوتکەی ھەڕەمی یاساکانە"، واتا لەسەرووی ھەموو یاساکانە، لە دەستوور بەرزتر بوونی نیە.

وە دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستانیش پێکدێن لە:

دەسەڵاتی یاسادانان.

دەسەڵاتی جێبەجێکردن.

دەسەڵاتی دادوەری.

کاتێک کەوتینە نێوان بەراوردکاری لە واقعەکەمان لەگەڵ ئەوەی لە بەشی یاسا دەیخوێنین، چیتان پێ بڵێم:

ھیچی لەیەک نەدەچوو و لەیەکیش ناچێت!

یاسا و کتێبە یاساییەکان ئەوەندە جوان و بەرزن، پێتخۆشە بەردەوام بیانخوێنیەوە زیاتر و زیاتریان لێ فێربیت، وەک؛ سیسرکێک لە نێویاندا بێت و بچیت.

لەخەیاڵت سەرۆک و سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان بانگ دەکەی لەسەر یەک مۆری ساختە سزایان دەدەی، لێیان دەپێچیەوە و لایان دەدەیت، ئای چەندە جوانە دەستوور و یاساکانمان، چەند بەرزن.

 

ھەرێمی کوردستان نزیکی ٣٠سی ساڵە بێ دەستوور، ھەموو ڕێ و شوێنە یاسای و نایاساییەکانیشی بەڕێ دەکات، حەزبکات نەخوێندەوار بکاتە سەرۆک دەیکات، حەزی پێ نەکات پرۆفیسۆر بێکەڵک دەکات و لای دەدات، دەکرێت تۆمەتیشی بۆ دروست بکات، کەواتە ڕوونە چۆن و چی کراوە.

 

*خێرە وا ئێستا پەلە لە دەستوور دەکرێت.؟

*ئایا بارودۆخ و وەزعە سیاسیەکان لەبارە بۆ پرسی دەستووری.؟

*ئەم پرسە لەم کاتەدا، تەنھا بۆ لەبیر بردنی کێشەکانیانە و لەپاڵیدا ئامادەکارییە بۆ ساختەکاری ھەڵبژاردن.؟

 

جیا لە تەواوی ھۆکارەکان، دەبێ لایەنە سیاسیەکان و ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ڕازی نەبن بە تێپەراندنی پرسە دەستووریەکەیان، چوونکە دەستوور پێویستی بە تاک بە تاکی کۆمەڵگایە تا مافەکانیان پارێزراو بکات، نەک وەک پرسە یاساییەکانی دیکە لە پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ بەڕێی بکرێت، ئاگادربن ئەمە دەستوورە، وەک مادە تێپەڕێندراوەکانی دیکەی پەرلەمان نیە، بڵێن زۆرینەین لە پەرلەمان یاڵا با بڕوا، ئەوەش لە بەرژەوەندی خۆمان کۆتایی پێدەھێنین.

 

 

ئاگاداربن دەستورەکە نەبێتە، دەسکەتورێکی هەولێری گوتەنی؛ سر بردووی( قانگ) کەتەنها بۆ فڕێدان بشێت.