دەردی کوشندەی حکومڕانی نەزانین و ئاگانەبوونە لە یەکتر
پەیمان عیزەدین – پارێزەر
ئەمساڵ لە ٢٥ی ١١ و بەبۆنەی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی نیشتیمانیی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، بەڕێز وەزیری ناوخۆ بەناوی سەرۆکی حکومەتەوە وتی (لە ژێر فەرمان و ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆکی حکومەت ، ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی، نابێتن تاوانبارانی کوشتنی ئافرەت بەبەر لێبوردنی گشتیی بکەون).
لەو بۆنەیەدا سەدان چالاکوانی ژنان و یاساناس و بەرپرس و کەسایەتی ئیداریی و سیاسیی ئامادەیبوون، چەپڵە ڕێزانێکی بەدڵ بۆ ئەو فەرمانە لێدرا و دوابەدوای ئەوەش لە ڕاگەیاندنەکانی پارتی وەک فەرمانێکی یەکلاکەرەوە و داری سیحری کۆتایهێنان بە کوشتن و کێشەکانی ژنان وێنا دەکرێت.
ئەم ڕووداو و لێدوانە ئەگەرچی یەکەم جار نییە بەڵام دەقاودەق وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە مێشکی زۆرینەی خەڵکی کرۆشتووە (ئەم هەرێمە بۆ زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە بازنەیەکدا دەخولێتەوە؟ بۆ سەرەڕای کۆڕبەند و هەڵمەت و زانکۆ و خوێندن و کارکردن هیچ ناگۆڕێت؟) ، وەڵامی سادە و ساکار، نەزانینە، ئاگا نەبوونە لەکاری یەکتر، چوونەژێر کاریگەریی کێبڕکێی بچوکی حزبایەتیی و ململانێیە لە نەزانیندا.
لە ڕاستییدا ئینسان سەری ئەسوڕمێ و زیاتر لە سپیبوونی تەمەن سپی ئەبێت کە گوێی لەو جۆرە قسانە ئەبێ و لە بەرامبەریشدا بەسەر زۆرینەی نوخبەی سیاسیی و ئیداریی ئەم هەرێمەدا تێئەپەڕێت.
جا بۆ ئەوەی ورد ورد لەسەر ئەو لێدوانە بوەستم، بەچەند خاڵێک کەلێن و بۆشاییە یاساییەکانی ئەو فەرمانە ئەخەمە ڕوو:
یەکەم: لێبوردنی گشتیی یاساییە و ئەبێت لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەربچێت، نەک بە فەرمان و ڕێنمایی سەرۆکی حکومەت، کە ئەبوو بەڕێز وەزیری ناخۆ ئەوەی بە باشی بزانیایە.
لە هەرێمی کوردستاندا و لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە ساڵەکانی ٢٠٠٧ ، ٢٠١٢ ، ٢٠١٧ یاسای لێبوردنی گشتیی دەرچووە و لە هەرسێ یاساکەدا تاوانبارانی کوشتنی ژنان ڕیزپەڕبوون و یاساکان نەیگرتوونەتەوە بەم جۆرە:
١- یاسای ژمارە (٤)ـی ساڵی ٢٠٠٧
مادەی حەوتەم: ئەوانەی ئەم تاوانانەیان ئەنجامداوە یاساکە نایانگرێتەوە :
دەیەم : پڕدان و خراپکردنی ئافرەت .
یانزەیەم: کوشتن لەسەر مەسەلەی نامووس .
٢- یاسای ژمارە (٢) ساڵی ٢٠١٢
مادەی شەشەم: سوودمەند نابن لە حوکمەکانی ئەم یاسایە، ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە:
هەشتەم: دەستدرێژیی سێکسی.
نۆیەم: کوشتن بە بیانوی ئابڕوبەر.
٣- یاسای ژمارە (٤) ساڵی ٢٠١٧
مادەی نۆ: لێبوردنی گشتیی ئەو تاوانانەی خوارەوە ناگرێتەوە :
دەیەم: دەستدرێژی سێکسی.
سێزدەیەم: کوشتنی ژنان بە بیانوی شووشتنەوەی نامووس .
جا خودی کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە بە مەبەستبێ یان نەزانین ئاگاداری ئەو یاسایانە نەبن کە لەو بوارەدا دەچوون و دەقاودەق ئاماژەیان بەو فەرمانە کردووە کە سەرۆکی حکومەت لە ساڵی ٢٠٢٤ دەریکردووە، بەڵکو عەیبە قانوونییەکە ئەوەیە کە حکومەت لایەنی جێبەجێکاریی یاساکانە و هەر ئەوەندە ئەو یاسایانە ئەبینێ و ئەخوێنێتەوە کە لە پەرلەمانەوە دەردەچن .
دووەم: ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا ژنکوژی بەرداوە و ئازادیی کردووە لێبوردنی تایبەت بووە کە لە لایەن سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێم بەڕێز مەسعود بارزانییەوە دەرکراو بۆ هەموو ئەوانە بوو کە لێبوردنی گشتیی نەیئەگرتنەوە، بۆیە جێی خۆی بوو سەرۆکی حکومەت داوای لە سەرۆکی هەرێم بکردایە کە لێبوردنی تایبەت چیتر بۆ تاوانبارانی کوشتنی ژن دەرنەکات و مژدەی ئامادەکردنی پڕۆژەی ئاسای لێبوردنی تایبەتی بدایە، وەک ئەوەی لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە و تائێستا یاسای بۆ دەرنەکراوە و سەرۆکی هەرێم بەبێیاسا و چوارچێوە لێبوردنی تایبەت دەرئەکات.
ئینجا ئەوەی کێشەی سەرەکییە لە بابەتی کوشتنی ژندا و دیسانەوە پەیوەندی بە نەزانین و ئاگالێنەبوونەوە هەیە، نەبوونی ماددەیەکی تایبەتە بە سزای کوشتنی ژن لەسەر نامووس. چونکە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە و بە یاسای ژمارە (١٤)ـی ساڵی ٢٠٠٢ تەنیا حوکمەکانی مادەکانی ( ١٢٨ ،١٣٠ ،١٣١ ) یاسای سزادانی لەکارخستووە سەبارەت بە تێوەگلان لەتاوانی دەرهەق بە ژنان.
واتە تاوانکاریی بەرامبەر ژنان بە مەعزەرەتی یاسایی سزا سوککەر دانەناوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە لە نەبوونی مادەیەکی سزایی تایبەت بە کوشتنی ژندا، نە ڕێگریی و بەربەستی ڕاستەقینە لەبەردەم تاوانکاریی دژ بە ژنان دائەنێت و نە ڕیزپەڕکردنی تاوانبارانی ژنکوشتن لەیاسای لێبوردنی گشتییدا ڕۆڵی ئەوتۆی ئەبێت .
بۆیە چارەسەرکردنی ڕیشەیی تاوانکاریی بەرامبەر بە ژنان لە نووسینەوەی یاسایەکی تایبەت بە ژندایە کە کۆی کەتن و تاوانەکان بگرێتەوە کە بەرامبەر بە ژنان ئەکرێت و سزای توندیان بۆ دابنرێ، ئەوکات ئاسانتر ئەزانرێ تاوانکارانی بەرامبەر ژنان کێن.
بێگومان بۆ ئەمەش پەرلەمان و حکومەتێکی بەئاگا و ئیرادە و لێزانی ئەوێت .