توندوتیژیی لە کلتووری پیاوسالاریدا

سۆما خالید - ڕۆژنامەنووس

 

توندوتیژی پیاو دژی ژن ئاماژەیە بە هەر جۆرە هەڵسوکەوتێکی ئازاربەخش و بێرێزی کە لەلایەن پیاوێکەوە بەسەر ژندا بسەپێنرێت. ئەم توندوتیژییە دەتوانرێت بە شێوەی جۆراوجۆر دەربکەوێت لەوانە، توندوتیژیی جەستەیی، دەروونی و سۆزداری، هەراسانکردنی سێکسی و دەستدرێژیکردن، ئابووری واتە سنووردارکردنی دەستگەیشتنی ژن بە سەرچاوە داراییەکان یان کۆنتڕۆڵکردنی داهات و خەرجیەکانی بە شێوەیەکی نەگونجاو، کۆمەڵایەتی واتە دابڕانی ژن لە بنەماڵە و هاوڕێکانی و سنووردارکردنی ئازادییە کۆمەڵایەتیەکان و ئازادییە تاکەکەسییەکان لەخۆدەگرێت. ئەو جۆرە توندوتیژییە کاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی ژنان هەیە و مافەکانی بە گشتی پێشێل دەکرێت.

ئەم کاریگەرییانە دەتوانن ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، کورت خایەن یان درێژخایەن خۆیان دەربخەن. کاریگەرییەکان بریتین لە، کێشەی درێژخایەنی تەندروستی، مەترسییەکانی دووگیانی، دڵەراوکێ و خەمۆکی، هەستکردن بە بێ بایەخ و تاوان، کۆمەڵایەتی و تێکچوونی کار و ژیان و پەیوەندییە خێزانیەکان، پشتبەستن بە ئابووری، کاریگەریی لەسەر منداڵ و لەدەستدانی هەستی متمانە. توندوتیژی دژی ژنان نەک تەنها زیان بە دەروونی ژنان دەگەیەنێت، بەڵکو دەرئەنجامی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و ئابووری دووری هەیە، کە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەش هەیە.

 

هۆکارەکانی توندوتیژی پیاوان دژی ژنان ئاڵۆز و فرە ڕەهەندین و لەوانەیە پەیوەندی بە فاکتەرە کۆمەڵایەتی، کولتووری، دەروونی، ئابووری و کەسایەتییەکانەوە هەبێت کە گرنگترین هۆکارەکانن، هەروەها نایەکسانی جێندەر و شێوازە کەلتوورییەکان وەک هەڵوێستی نەریتی و پیاوسالاری، ترس لە لەدەستدانی دەسەڵات هۆکارێکی دیکەی توندوتیژییەکانن.

لە کۆمەڵگەکانی خاوەن کەلتووری پیاوسالاری، پیاوان خۆیان لە پێگەیەکی بەرزتر لە ژنان دەبینن و توندوتیژی وەک ئامرازێک بۆ هێشتنەوەی ئەم دەسەڵاتە دەبینن، ئەو پیاوانەی کە شاهیدی توندوتیژی خێزانییان بووە یان خۆیان قوربانی توندوتیژی بوون لەوانەیە لە تەمەنی گەورەیدا ئەم ڕەفتارانە دووبارە بکەنەوە. ئەو پیاوانەی توانای پەیوەندیکردن و چارەسەرکردنی ناکۆکییان لاوازە، پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان یان ناکۆکییەکان لە پەیوەندییەکاندا، نەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن یان چارەسەرکردنی کێشەکە بە شێوەیەکی ئاشتیانە.

 

لەو کۆمەڵگەیانەدا کە سیستەمی یاسایی و کۆمەڵایەتی توندوتیژی خێزانی بە شێوەیەکی کاریگەر غەرامەی قورس ناسەپێنێت، پیاو توندوتیژی وەک ڕەفتارێکی پەسەندکراو بە بایەخ دەبینێت. لەگەڵ ئەوەشدا، توندوتیژی دژ بە ژنان تەنیا دەرئەنجامی فاکتەری تاک و دەروونی نییە، بەڵکو بەشێکی زۆری پەیوەندی بە کێشەی پێکهاتەیی کۆمەڵگەکان، کەلتوورە نایەکسانی و پەیوەندییەکانی هێز لە نێوان ڕەگەزەکانەوە هەیە. بۆیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە دەبێت ڕەگ و ڕیشەی کەلتووری و کۆمەلایەتی و ئابووری چارەسەر بکرێت.

چارەسەرکردنی توندوتیژیی پیاوان دژی ژنان ئاڵنگارییەکی ئاڵۆزە، کە پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە لەسەر ئاستی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری و یاسایی. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کێشەیە، پێویستە چەند ڕێگایەکی جیاواز بەکاربهێنرێت، وەک پەروەردە کردن و هۆشیاری لە ناوەندەکانی خوێندنگا و زانکۆکان، تاکەکانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی سیمینار و نامیلکە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن هۆشیار بکرێنەوە.

 

داڕشتن و بەهێزکردنی یاساکانی دژە توندوتیژی، دروستکردنی تۆڕی پاڵپشتی بۆ ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، دروستکردنی سیستەمێک کە بە شێوەیەکی کاریگەر و خێرا مامەڵە لەگەڵ سکاڵاکانی توندوتیژی خێزانی بکات، پاڵپشتی ئابووری بۆ ژنان و تواناسازی کۆمەڵایەتی و کولتووری، دابین کردنی پرۆگرامەکانی گۆڕینی ڕەفتاری پیاوانی توندوتیژ، بەشێکن لە چارەسەر و میدیا دەبێت بە شێوەیەکی کاریگەر بەرەنگاری ئەو کڵێشە ڕەگەزییە ببێتەوە، کە توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا شەرعییەت پێدەدات، میدیا دەتوانێت فشاری کۆمەڵایەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دروست بکات.