رۆژنامه‌وانیی كۆمیدی و فلته‌ره‌كه‌ی سه‌ری زمانمان
ڤینۆس فایەق – نووسەر
بۆ به‌ده‌ستهێنانی نازناوی رۆژنامه‌وانێكی پڕۆفیشناڵ، مه‌رج نییه به بۆنه و بێ بۆنه نوكته بكه‌یت و قسه‌ی نه‌شیاوی كۆمیدی بكه‌یت كه هیچ خزمه‌تێك نه به كاره‌كته‌ری خۆت ونه به خه‌ڵك ناگه‌یه‌نێت. ناكرێ سه‌ری زمانت فلته‌رێكی ئه‌خلاقیی نه‌بێت و هه‌رچی به‌ده‌متا هات بیڵێیت، ئاخر قسه‌كردنی ناو دیوه‌خان و چایخانه‌كان له‌گه‌ڵ هاوڕێكانتا شتێكه و قسه‌كردن بۆ خه‌ڵك له‌به‌رده‌م كامێرادا شتێكی ته‌واو جیاوازه. له‌به‌رده‌م زوومی كامێرادا ئه‌خلاقی رۆژنامه‌وانی، و به‌رپرسیارێتیی كاری رۆژنامه‌وانی هه‌یه، بێگومان جگه له راستگۆیی و لێهاتوویی، ئه‌مانه پێویستن نه‌ك گاڵته‌وگه‌پی بێتام، بێگومان بوێریش زۆر گوتن و خراپ گوتن نییه، بوێری شێوازی تهرحكردنه نه‌ك وه‌رگێڕانی سه‌رله‌به‌ری هه‌واڵ بۆ نوكته و گاڵته‌جاڕی.
شتێكی باوه‌ڕپێكراو نییه رۆژنامه‌نووس ئاگای له زمانی نه‌بێت و بێ بنه‌مایه‌كی زانیاری وشه‌یه‌ك له ده‌می بێته‌ده‌ره‌وه. زیره‌كیی رۆژنامه‌وان له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ كه بزانێ چۆن و به چ مانایه‌ك چی ده‌ڵێت و له چ سیاقێكدا له كۆتایی به‌رنامه‌كه‌یدا به سوعبهتێك قفڵی بابه‌ته‌كه بدات.
ئه‌وه كاری رۆژنامه‌وان نییه له میانه‌ی هۆنینه‌وه‌ی هه‌واڵێكدا وه‌سفی خه‌ڵك بكات و ناو و ناتۆره‌یان لێبنێ، له‌ژێر ناوی قۆشمه‌یی و گاڵته‌جاڕیدا بۆ ئه‌وه‌ی زیاترین رێژه‌ی بینین و لایك وه‌رگرێت و ژماره‌ی كلیكی سه‌ر لینكی بابه‌ته‌كه‌ی زیاد بكات. فه‌رهه‌نگی رۆژنامه‌وانی و میدیا، ئه‌خلاقی پیشه‌ی رۆژنامه‌وانی به كۆمه‌ڵێك رێسای په‌یوه‌ندیدار به هه‌ڵسوكه‌وتی پیشه‌ییه‌وه ده‌ستنیشانكردووه، كه بریتین له ئه‌خلاقێكی گشتگیر و به‌رپرسیارێتیی ته‌واوكه‌ری یاساكان، كه ئه‌گه‌ر پله‌ی پڕۆفیشناڵیتی به‌ده‌ستبهێنیت ده‌بێت شاره‌زای بیت. ئه‌وه‌ی واده‌زانێت ئازادیی رۆژنامه‌وانی ره‌هایه و سنووری نییه هه‌ڵه‌یه، چونكه له بنه‌مادا كۆمه‌ڵێ ئه‌خلاقیاتی گشتی هه‌ن كۆنترۆلی ده‌كه‌ن وه‌كو راستگۆیی، شه‌ره‌فی پیشه‌یی و نه‌زاهه و به‌رپرسیارێتی، جگه له لایه‌نه په‌روه‌رده‌یی و هوشیارییه‌كه‌ی، كه له كۆتاییدا مه‌به‌ست له‌مانه هه‌مووی ئاڕاسته‌كردنی كاری رۆژنامه‌وانی و كۆنترۆڵكردنێتی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشت چینه‌كانی كۆمه‌ڵگا كه هه‌مووی له هۆنینه‌وه‌ی هه‌واڵێكدا ده‌بینرێته‌وه هه‌تا ده‌گاته به‌رنامه‌یه‌كی تۆلكشۆی سه‌عات و نیوی.
رۆژنامه‌وانی؛ بوارێك نییه بۆ نوكته و گاڵته‌جاڕی و ناوناتۆره، مه‌گه‌ر له سنوورێكی حساب بۆ كراوی ئه‌خلاقیدا به‌جۆرێك كه هه‌ستی كه‌س بریندار نه‌كرێت و كه‌سی پێ له‌كه‌دار نه‌كرێ. ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌یه‌كی كۆمیدی له كارهكتهریدا هه‌یه باشتره رۆڵی كۆمیدی له دراماكاندا ببینێت، كه ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه ده‌بێت له جوارچێوه‌ی ئه‌خلاقی پیشه‌ییدا بێت، نه‌ك له خۆڕا به‌ناوی قۆشمه‌یی و گاڵته‌وگه‌په‌وه هه‌ستی خه‌ڵك بریندا بكات. ئه‌وه‌ی كه له هه‌ندێ له كه‌ناڵه كوردییه‌كانه‌وه ده‌بینرێت، ته‌نانه‌ت ناشكهوێته ژێر خانه‌ی «راگه‌یاندنی گاڵته‌جاڕ»ه‌وه، چونكه راگه‌یاندنی گاڵته‌جاڕیش قانوون و رێسای خۆی هه‌یه، كاری راگه‌یاندن كه هه‌ڵگری په‌یامێكی ئینسانی و ئه‌خلاقییه هه‌رگیز نابێت به رۆحێكی ناشیرینی گاڵته‌جاڕی بشێوێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌زۆر له‌ژێر خانه‌ی راگه‌یاندنی گاڵته‌جاڕ یان كۆمیدیدا پۆلین بكرێت ئه‌گه‌ر به رۆحێكی به‌رپرسانه‌وه ئه‌و كاره نه‌كرێت.
نووسین و ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕ هه‌یه كه باس له پێشێلكارییه‌كانی ده‌سه‌ڵات له چوارچێوه‌یه‌كی گاڵته‌جاڕیدا ده‌كات به مه‌به‌ستی به‌تاڵكردنه‌وه‌ی بارگه‌یه‌كی تووڕه‌یی شه‌قام، به‌ڵام به‌له‌به‌رچاوگرتنی كۆمه‌ڵێ یاسا و رێسای تایبه‌ت به ئه‌ده‌بیاتی رۆژنامه‌وانیی ره‌سه‌ن، وه‌كو «ساتیریكڵ جورنالیزم»، به‌ڵام «میدیای كۆمیدی»م نه‌بیستووه كه رۆژانه هه‌واڵێك ده‌كاته بابه‌تێكی گاڵته‌جاڕ و به‌شێوه‌یه‌كی كۆمیدی دوور له بنه‌ماكانی كاری رۆژنامه‌وانی له هه‌واڵه‌كاندا پێشكه‌ش بكرێت.