چەک تەنها سەرچاوەى ئەم توندوتیژیانە نییە
بەناز حەمە – مامۆستای زانکۆ
ئەگەرچى توندوتیژییەکان لە حاڵەت دەرچوون و بوونەتە دیاردەیەکى مەترسیدار، تێپەڕبوونى هەر رۆژێکمان بە بیستنى کارەساتێکى دڵ تەزێنە، ڕووداوى کوشتنى دوو مامۆستاکەى زانکۆ کە هەموانى توشى شۆککرد، بەراستى پرسیارێکى لاى هەمووان دروستکرد ئاخۆ ئەو کێشەیە ئەوەندە گەورە بوو قابیلى چارەسەر نەبوو تا ئەو کارەساتەى لێکەوتەوە؟ دەبوو زانکۆکان ببنە شوێنى چارەسەرکردنى کێشەکان مەخابن ناخۆشترین رووداو لەناو زانکۆ ڕایچڵەکاندین، بۆیە هەر لەدواى روودانى ئەم توندوتیژییە بریارى دەستگرتن بەسەر چەکى بێ مۆڵەت درا، بەڵام لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت ئایا تەنها بوونى چەک سەرچاوەى روودانى ئەو توندوتیژیانەیە؟ لە راستیدا سەرچاوەى توندوتیژییەکان تەنها خۆى لە بوونى چەکدا نابینێتەوە، بەڵکو چەک ئامرازە بۆ ئەنجامدانى توندوتیژی، بەڵام چەندان هۆکاریتر بەرۆکى هاوڵاتى ئەم هەرێمەى گرتووە کە دەبنە پاڵنەرى سەرهەڵدانى کێشەکان و دواتر بە ئەنجامدانى توندوتیژییەک کۆتایی دێت .
کاتێک تاک بارى گوزەران و بژێوى ژیانى لەسەرشان قورس دەبێت تواناى هەڵگرتنى ئەو قورساییەى نابێت پاڵە پەستۆیەک لەسەرى دروستدەبێت و دەرجەیەک نادۆزێتەوە بۆ دەربازبوون لەو حاڵەتە بۆیە دواتر بە توندوتیژییەک کۆتایی دێت، ئەم گرانییەى لە ئێستادا بەرۆکى هاوڵاتى گرتووە قورسە لاى زۆر لەو خێزانانەى خاوەن داهاتێکى دیاریکراون بتوانن پێداویستیەکانیان دابینکەن، کاتێک لە خێزانێکى کەمدەرامەتدا ئەندامانى خێزان چاوەڕێن دایک و باوکیان بە دەستى پڕەوە بگەڕێتەوە ماڵەوە، کاتێکیش کە ئەمە ڕوونادات بێگومان توندوتیژى سەرهەڵدەدات یان لەناو خودى خێزانەکەدا یان بەلاڕێدا رۆشتن و ئەنجامدانى توندوتیژییەک و تاوانێک لە دەرەوەى خێزان، نادادى و نایەکسانى کۆمەڵایەتى لە نێوان تاکەکان و سەرهەڵدانى ژمارەیەکى زۆر لە خەڵکانێک کە بەسەر میللەتەوە بوونەتە خاوەنى داهاتێکى زۆر و خۆشگوزەرانى بۆ ئەوان حەڵاڵە و بۆ ئەمان حەرامە، کاتێک گەنجێک دەبینێت منداڵى بەرپرسێک خاوەنى چەندین کۆمپانیا و ڤێلا و خۆشگوزەرانیە ئەمیش لە توانایدا نییە ژیانێکى ساکار بژى ئیدى چۆن توندوتیژ نابێت ..
هۆکارى زیادبوونى توندوتیژییەکانى کوشتن، خۆکوشتن، دەرئەنجامى بوونى فشارێکى زۆرى کۆمەڵایەتى و دەروونی و ناسەقامگیرى سیاسیە لەسەر هاوڵاتى، دەسەڵات بارگرانیەکى زۆرى خستۆتەسەر ژیانى هاوڵاتیان باجێکى زۆر لەسەر هاوڵاتى زیادیکردووە، رۆتیناتى دام و دەزگاکان زۆرن، داواکارییەکانى ژیان زۆرن، خەڵکانێکى زۆر بێکارن بەتایبەتى گەنجان، نادادى و نایەکسانییەکى زۆر لەنێوان چین و توێژەکاندا بوونى هەیە، نەبوونى زمانى گفتوگۆ و لەیەک تێنەگەیشتنى نێوان تاکەکان و بوونى زمانێکى زبر، ئەمەش داهێنانێکى ترى حیزبەکانە بە خستنەگەرى بەلێشاو لاپەڕەى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و شەڕە جنێوى نێوان حیزبەکان و سەرقاڵکردنى تاک بەشتى لاوەکى و لەبیربردنەوەى بابەتە سەرەکیەکان، بوونى ناسەقامگیرى سیاسى و زۆرى ململانێکان وەک بیرمەندى کۆمەڵناسى (ئمیل دورکایم) دەڵێت: "لە هەر کۆمەڵگەیەک شەڕ و ململانێ بوونى هەبێت ئەوا کوشتن زۆر دەبێت و پێچەوانەکەشى ڕاستە"، بۆیە کۆمەڵگە پەرتەوازە دەبێت و یەکانگیرى کۆمەڵایەتیش.