هاوڵاتیبوون وەک مافێکی سروشتی
کنێر عەبدوڵا
گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی هاوڵاتیبوون ئامانجی هەموو سیستەمێکی دیموکراسییە، بۆیە ئامانج و ئامرازە. بەبێ هاوڵاتیبوون، دیموکراسی دەبێتە شێوەیەکی بێ ناوەڕۆک. هەروەک هەموو سیستەمێکی سیاسی کلتورێکی هەیە کە پاڵپشتی دەکات، ئەو ڕژێمانەی هەوڵی بونیادنانی دیموکراسی دەدەن کلتورێکی هاوڵاتیبوونیان هەیە کە لە چەندین بەها و ستاندارد بەدیدەکرێت، وەک: ڕێزگرتن لەوانیتر ، بۆ ئەوەی چیتر خودێکی ڕەها نەبێت کە ڕاستی و تەواوی بۆ خۆی قۆرغ بکات و نکۆڵی لەوانیتر بکات. گومان نییە کە ڕێزگرتن لەوانیتر مانای دانپێدانانی بۆچوونێکی دیکەیە، کە ڕێگە بە ئازادی بیروڕا و فرەیی فیکری و سیاسی دەدات.
هاوڵاتیبوون ؛بریتییە لە پەیوەندی تاکەکەس بەو دەوڵەتەی هەڵگری رەگەزنامەکەیەتی لە رووی ماف وئەرکەکانەوە ؛یەکێک لە گرنگترین مافەکانی هاوڵاتی مافی خوێندن ،کارکردن و بەدەستهێنانی بژێوی و چاودێری تەندروستییە، لەکاتێکدا یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی کە دەکەوێتە ئەستۆی، بەرگریکردنێتی لێی لەکاتی پێویستدا ئەگەر پێویست بکات و ئینتمای بۆی هەبێت.
ڕەگەزەکانی هاوڵاتیبوون:
١. ئینتیما: ئەو پەیوەندییە ڕۆحیەیە کە تاکەکەسێک بە وڵاتەکەیەوە دەبەستێتەوە و شانازی پێوە دەکات تەنانەت گەر ئەو کەسە نیشتەجێی نیشتمانەکەی نەبێت، بۆیە ئینتیماکەی وەک یەکەم و کۆتا بۆ وڵاتەکەی دەمێنێتەوە، کە چێژ لە هەڵگرتنی رەگەزنامەکەی خۆی دەبینێت.
٢. دادپەروەری و یەکسانی: بێ هاوڵاتیبوون ،یەکسانی و دادپەروەری لە دەوڵەتدا بوونی نابێت، بۆیە نابێت هیچ جیاکارییەک لە نێوان تاکەکاندا هەبێت، لە ڕووی ڕەگەز، باوەڕ، ئایین، هتد ،وپێویستە ئەم جیاوازییە لەسەر بنەمای یەکسانی ودادپەروەری لە نێوان ئەندامانی هەمان دەوڵەتدا ڕێزی لێبگیرێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ،چونکە تێکدانی دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی لە سەقامگیری دەوڵەتدا.
٣. بەرپرسیارێتی وبەشداریکردن: نوێنەرایەتی دەکرێت بە بەشداریکردنی تاکەکەس لە چالاکی و بۆنە کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسییە نیشتمانییەکاندا، کە ئەگەری ئەوە هەیە هەموو کەسێک بەشداری لەو جۆرە ڕووداوانەدا بکات بێ جیاوازی ،و بەشداربون لە منداڵیەوە گرنگە بۆ ئەوەی هەستی هاوڵاتیبوونیان تیا دروست بێت.
بەهاکانی هاوڵاتیبوون
١. یەکسانی: یەکێکە لە گرنگترین بەهاکان ،چونکە لە نەبوونیدا بوونی نییە ،وخۆیدەبینێتەوە لە؛ یەکسانی نێوان دەوڵەتان ،و لە نێوان ئەندامانی هەمان گەل و یەکسانی نێوان تاکەکان لە نێوان خۆیاندا .
٢. مافی جیاوازی: بە دڵنیاییەوە جیاوازییەک هەیە، جا لە ڕەگەز، ڕەنگ و بیروباوەڕی فیکری و ئاینی لەنێوان ئەندامانی هەمان دەوڵەتدا بێت، بۆیە پێویستە ئەم جیاوازییە ڕێزی لێبگیرێت و پێکەوە ژیان هەبێت وخۆی لەجیاکاری بەدووربگرێت.
٣. هاودەنگی: بریتییە لە هاوکاری نێوان تاکەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداو و ئەو سەختییانەی دەشێت دەوڵەتەکەیان پیایدا تێبپەڕێت، یان هاوکاریکردن لەنێوان خۆیاندا و زاڵبوون بەسەر ئەو جیاوازیانەی دەشێت لەنێوانیاندا ڕووبدات.
٤. لێبوردەیی: بەهایەکی مەعنەوی و ئەخلاقییە، بە مانای قبوڵکردنی ئەویدی دێت لە ڕووی فیکری و سیاسییەوە و ئامادەیی دەروونییە بۆ قبوڵکردنی چارەسەرەکانی ئەویدی لە دەسەڵاتدا لە ڕێگەی خولانەوەی ئاشتییانە و دەسەڵاتەوە. وەسندوقەکانی دەنگدان مەیدانی چارەسەرکردنی ناکۆکی سیاسییە، نەک پشتبەستن بە چەک و بنەماکانی دیکە.
ئەرکەکانی هاوڵاتیبوون:
١. بەشداریکردنی تاکەکان لە چالاکی و بۆنە نیشتمانییەکان و ئامادەبوونیان بۆ یەکخستنی ئەندامانی دەوڵەت بەیەکەوە.
٢. بەشداریکردن لەپرۆژە مەدەنییەکان ودابینکردنی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیەتی.
٣. هەستکردن بە دڵسۆزی و ئینتما بۆ نیشتمان و شانازیکردن پێوەی.
گرفتی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستاندا هەستنەکردنی مرۆڤەکانە بە هاوڵاتیبونیان ، ئەوەش بەهۆی نەچەسپاندنی رەگەزەکانی هاوڵاتیبون و لاوازبونی بەهاکان و نەبوونی سستمێکی دیموکراسی، کە لە دەرئەنجامدا هاوڵاتیان بەگشتی ئەوەندەی داوای مافی خۆیان دەکەن ،ئەرکەکانیان جێبەجێ ناکەن ،هەروەها لەقبونی باوەڕیان بە ئینتمای نیشتمان وبەها باڵاکان لە هەموو رویەکەوە.
بۆ ئەوەی هەر تاکێک هەست بە هاوڵاتیبونی خۆی بکات، گرنگە لە خۆناسینی خۆیەوە دەستپێبکات، تا بزانێت ئەرک ومافەکانی لە چی ولەکوێدا خۆیدەبینێتەوە، ئیدی لەو درککردنەوە دەتوانێت جومگەو دامەزراوەکانی حوکمڕانی بەهی خۆی بزانێت وچاودێریش بێت بەسەریانەوە، بەمەبەستی چەسپاندنی بەهاکان و پاراستنی رۆحی نیشتمانی کە بێ بونی ئەمانە مرۆڤ هەست بە هاوڵاتیبونی دەکات ونە کۆمەڵ هیچ گەشەکردن وپێشکەوتنێک بەخۆوە ئەبینێت.