ئەڤین ئەحمەد دەربارەی میللەت لە نێوان دوو باوەڕیدا دەنووسیت

ئەڤین ئەحمەد – ڕۆژنامەنووس

ئەڤین ئەحمەد – ڕۆژنامەنووس

 

هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك دۆخى كۆمه‌ڵایه‌تى ڕووى له ‌گرژبوون و ناسه‌قامگیرى كرد ده‌بێت ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ جه‌نگ به‌رامبه‌ر به ‌دوولایه‌ن به‌رپا بكات بۆ ڕزگاربوون و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خاڵى جێگیربوون .. یه‌كه‌م به‌رامبه‌ر به ‌بازرگانانى ئاین و ئه‌هلی سه‌ر مینبه‌ر.. دووه‌میش ئه‌هلى خوێندن و مه‌عریفه‌ى موزه‌یه‌ف، كه‌ ئه‌مانه‌ش ده‌كرێت وه‌سفى ڕۆشنبیرى جاهیل باشترین پێناسه‌ بێت بۆیان.

 

ئه‌م بۆچوونه‌ مه‌تله‌ق و گشتگیر نییه‌ واتا به‌شى زۆرینه‌ ده‌گرێته‌وه،‌ نه‌ك هه‌موو هه‌ربۆیه‌ پێویست به‌هه‌ڵچوونى زیاد له‌ پێویست ناكات له‌لایه‌ن به‌رامبه‌ره‌وه، ده‌مه‌وێت بڵێم به‌ حوكمى ساڵانێكى زۆر له‌ كارى مه‌یدانیم له ‌كایه‌ى كارى رۆژنامه‌گه‌ریدا به‌ركه‌وته‌ى زۆرم هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو چینه‌، هه‌ربۆیه‌ به ‌نموونه‌یه‌ك له ‌هه‌ریه‌ك له‌و دوو چینه‌ كورته‌ باسێك ده‌خه‌مه‌ڕوو.

 

له ‌یه‌كێك له‌و جێگایانه‌ى ماوه‌یه‌ك كارم تێداكرد به‌رپرسێكم هه‌بوو عه‌ره‌ب وه‌ته‌نى ( كل فى الكل) خۆى بوو، شه‌و و ڕۆژ خۆى به ‌كتیبێكه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردبوو، وه‌كو ئه‌وه‌ى بلێی هه‌موو جیهان له‌سه‌ر تێگه‌شتنى ئه‌و بۆ شته‌كان په‌كى كه‌وتبێت.. جا ئه‌م به‌رپرسه‌ ده‌ست به‌تاڵه‌ هه‌ر كه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ى كتێبێك ئه‌بوویه‌وه‌ فه‌لسه‌فه‌ى ناو كتێبه‌كه‌ى به‌سه‌ر كارمه‌نده‌كاندا جێبه‌جێ ده‌كرد و ئاستى مه‌عریفیانى تاقی ده‌كرده‌وه‌، ده‌یوت ئێوه‌ له ‌دنیا نه‌گه‌شتوون و زۆرتان ماوه‌! ... چونكه‌ به‌پێ تێگه‌شتنى ئه‌و ئه‌وه‌ى له ‌كتێبه‌كان نووسراون ده‌بێت له ‌هه‌موو زه‌مان و مه‌كانێكدا كار پێكراوبن.. ئیدى له ‌نه‌زانینى خۆیدا و دواى ئه‌و هه‌موو كتێب خویندنه‌وه‌یه‌ دركى به‌وه‌ نه‌ده‌كرد منێك كه‌ به ‌هه‌زار حاڵ فریاى نانى ڕۆژانه‌ى خۆم و به‌ڕێكردنى ژیانى ڕۆژانه‌م ده‌كه‌وم، چۆن بتوانم هاوسه‌نگى له‌ نێوان جیهانه‌ خه‌یاڵیه‌كه‌ى ئه‌و و واقیعه‌ تاڵه‌كه‌ى ژیانى ڕۆژانه‌ى خۆم ڕاگرم، تاوه‌كو بتوانم له ‌هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانى ئه‌و ئه‌نیشتاین ئاسا بۆى بقوچێنم و ئافه‌رینێكى به‌ده‌ستبهێنم.. هه‌ربۆیه‌ زۆرجار ئێمه‌ى كارمه‌ندەكان ژێر به‌ژێر هه‌ڵسوكه‌وته‌كانى ئه‌ومان تاقی ده‌كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بزانین ئه‌وى خوێنه‌ر و ڕۆشنبیر تاچه‌ند ئه‌زموونى نێو كتێبه‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بوو له ‌ژیانى واقعى خۆیدا و سوودی به‌ ده‌ورووبه‌رى ده‌گه‌یاند، مخابن، بڕواتان هه‌بێت دواجار به‌زه‌ییمان پێدا ده‌هاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ى ده‌مانبینى تێكه‌ڵبوونێكى خه‌ستى (جاهیلانه‌ و نه‌زانانه‌ی) خۆى بوو بۆ مه‌فهومى ڕۆژئاوایى بۆ شته‌كان له‌گه‌ڵ مه‌فهومى شه‌رقى، ئێراقى، كوردى و ...... هتد، هه‌ربۆیه‌ سەری لە هەردوو فەلسەفەی شەرقی و غەربیش تێکدابوو، و زوو زووش وه‌كو سارد و گه‌رمى كاره‌با شۆرتى به‌خۆى و ئێمه‌ش ده‌كرد، به‌ڵام باش بوو ئێمه‌ دڵ و ده‌روونێكى گه‌ورەمان هه‌بوو ده‌نا زوو زوو كاره‌سات ده‌خوڵقا.

 

سه‌باره‌ت به ‌ئه‌هه‌لى سه‌ر مینبه‌ریش هه‌ر له‌ هه‌مان چوارچێوەى كارى مه‌یدانى و ڕۆژنامه‌گه‌ریمدا سودفه‌ى كردووه‌ كه‌متر بەم كه‌سانه‌ ئاشنا بووبێتم، به‌ڵام ئه‌وانه‌ش پێیان ئاشنا بووم هه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌ى ڕۆشنبیره‌ جاهیله‌كان به‌شى خۆیان ده‌بڵ مۆراڵیان تێدابوو له‌ په‌یام و قسه‌ و فه‌تواكانیاندا... ئاخر هه‌بووه‌ مه‌لا و پیاوى سه‌ر مینبه‌ر بێت، به‌ڵام ژن ڕفێن بێت و به‌دواى ژنى خه‌ڵكه‌وه‌ بێت، هه‌موو ئه‌قڵ و هۆش و فه‌توایه‌كت ته‌نها چاودێرى كردنى قاچ و قول، باڵا، سه‌وت و ڕه‌نگى ژن بێت؟!!

 

مه‌لایه‌ك هه‌بوو گیر بووبوو به‌ هاوپیشه‌یه‌كمه‌وه‌ .. جا ئه‌و هاوپیشه‌یه‌م، كه‌ زه‌واجى نه‌كردبوو، ئه‌یوت ڕۆژێكیان بۆ پرسیارێك تیلی ئه‌و مه‌لایه‌م كرد، زۆر به ‌ئیتیك جوابى داومه‌وه‌ ئیدى بۆ زۆرینه‌ى پرسیار و به‌دواچوونه‌كانیش زۆرجار ڕووم له‌و مه‌لایه‌ ده‌كرد.. وتى: ڕۆژ تێپه‌رى و مه‌لا لێمبوو به‌ وه‌لى دێوانه‌، جاروبار نامه‌ى ته‌سه‌وفانه‌ى بۆ ده‌ناردم و جاروباریش ڕاسته‌وخۆ تیلى ده‌كرد و پێی ده‌وتم ده‌مه‌وێت به ‌حه‌ڵالى بتكه‌م به ‌خێزانى خۆم، كه‌چى خۆشى دوو هاوسه‌رى هه‌بوو و ده‌یویست لێخۆڕێ بۆ سێیه‌م .. ئیدى وتى دواجار ژماره‌ ته‌له‌فۆنه‌كه‌م گۆرى و نه‌جاتم بوو له‌ رۆمانسیه‌ت و ته‌سه‌وفى مه‌لا.

 

یه‌كێك له ‌كێشه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانى میلله‌تى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كوێرانه‌ دواى ئه‌م دوو چینه‌ كه‌وتوون .. خه‌ڵكانێك هه‌ن كوێرانه‌ تا ڕاده‌ى كوێله‌بوون وابه‌سته‌ى وتارێك، یاخوود وشه‌یه‌كى ده‌مى مه‌لابوون.... به‌شێكیش به‌خوێندنه‌وه‌ى چه‌ند په‌ڕه‌ كتێبێك لێمان بوون به ‌ئه‌نیشتاینی سه‌رده‌می خۆیان نه‌وه‌كو ئێمه،‌ چونكه‌ هه‌موو خوێنه‌رێك رۆشنبیر نییه‌ به‌ڵكو به‌شێكیان جگه‌ له ‌سه‌رچاوه‌بوون بۆ كاره‌ساتى فكرى هیچى تر نین .. لاى ئه‌م به‌شه‌ش په‌ڕه‌یه‌كى كتێبێك و پێكێك وێسكى هاوتایه‌ به‌ گه‌شتن به ‌لوتكه‌ى رۆشنبیر بوون .. ئیدى خودا فرسه‌تى میلله‌ت بدات كه‌ گیرۆده‌ى ئه‌م دوو ئاڕاسته‌یه‌ بووه‌ و ده‌ره‌نجامه‌كانیش ڕۆژانه‌ زۆر به‌ جوانى ده‌یبینین و دركى پێده‌كه‌ین.