چەمکی ئازادیی راستەقینە و بەها باڵاکەی

ڤیان حەسەن- نووسەر

ئازادی یەکێکە لە گەورەترین و بەنرخترین مافەکانی مرۆڤ و بەهایەکی بێوێنەیە لە ژیانی هەر تاک و کۆمەڵگەیەکدا.
هەندێک جار ئەم چەمکە پیرۆزە بە هەڵە یان بە خراپی لێکدەدرێتەوە، لە کاتێکدا ئازادیی راستەقینە بڕبڕەی پشتی بەرەوپێشچوون و داهێنان و ئاشتیی کۆمەڵایەتییە.


ئازادی بە واتای ئەوە نایەت کە مرۆڤ هەرچی ویست، بەبێ گوێدانە لێکەوتە و ئەنجامەکانی بیکات، بەڵکو ئازادی واتە، خاوەندارێتی لە بڕیارەکانی خۆت و رزگاربوون لە ژێردەستەیی و زۆرداری، هەبوونی ئیرادەی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی رێگەی ژیان، بیرکردنەوە، کارکردن و دەربڕینی راوبۆچوونەکان بە شێوازێکی هێمن و دوور لە توندوتیژی.


مرۆڤێک کە رێز لە ئازادیی بیرکردنەوەی بگیرێت، دەتوانێت داهێنان بکات.

 

لە لایەکی ترەوە، ئازادی دەرفەت بە تاك دەدات کە ئەزموونەکان بەکاربێنێت، هەڵە بکات، لە هەڵەکانی فێر بێت و کەسایەتیی خۆی بەهێز بکات.


لە راستیدا، ئازادی و بەرپرسیارێتی تەواوکەری یەکن، کاتێک تاک ئازادە، لەگەڵیشیدا بەرپرسیارێتیی تەواوی بڕیارەکانیشی دەگرێتە ئەستۆ، ئەمەش لە کۆتاییدا کۆمەڵگەیەکی پێگەیشتووی پێشکەوتوو، بەرهەم دەهێنێت.


ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا رێز لە ئازادیی تاک و بڕیاردانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ دەگرن، بێگومان تەندروستتر و ئارامترن. ئازادی رێگە لە زوڵم و چەوسانەوە دەگرێت و وادەکات هەموو تاکێک هەست بە بەها و بوونی خۆی بکات.


ئازادیی راستەقینە فێرمان دەکات کە رێز لە بیروباوەڕ و ئایین و شێوازی ژیانی جیاوازیش بگرین کە ئەمەش هەر خۆی بنەمای سەرەکیی پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە.


ئازادی درەختێکە کە میوەکەی تەنها بەهای مرۆڤایەتی و پێشکەوتنە، ناکرێت هەرگیز بەهۆی بەکارهێنانی هەڵەی هەندێک کەسەوە، ناو و بەهای بەرزی ئازادی لەکەدار بکرێت.


کاتێک ئازادی لەگەڵ رێزگرتن لە مافی کەسانی تر و بەها باڵاکانی رەوشت تێکەڵ دەبێت، دەبێتە گەورەترین هێز کە مرۆڤ بەرەو ئاسوودەیی و سەربەرزی دەبات.‌‎