چه‌قۆ وه‌شێنه‌كان چییان ده‌وێت؟

نیاز عەبدوڵا – ڕۆژنامەنووس و چالاکوان

 

-  مانگێك له‌مه‌وبه‌ر، چالاكوانی مه‌ده‌نی هاوڕێ كوردی له‌لایه‌ن  سێ كه‌س له شاری ‌هه‌ولێر رێگری لێكرا و له‌گه‌ڵ ئه‌شكه‌نجه‌دانی هه‌ڕه‌شه‌ی زمانبڕینیان لێكرد، مۆبایل و جزدانیان لێبرد، دوای ئه‌شكه‌نجه‌دانی هاوڕێ به‌ ژماره‌یه‌كی نه‌ناسراو ته‌له‌فۆن بۆ یه‌كێك له ‌براكانی ده‌كه‌ن و پێی ده‌ڵێن هاوڕێ سێ گوللـە‌ی لێدراوه‌.

 - ١٦ی شوبات پێنج رۆژنامه‌نووس و چالاكوانی مه‌ده‌نی بادینان، به‌ناوی به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری له‌ رێگای دادگای هه‌ولێره‌وه‌‌ تۆڵه‌یان لێكرایه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر نووسین و كاره‌ مه‌ده‌نییه‌كانیان كه‌ ناڕه‌زایی تێدابوو به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌ت و پارته‌كانی، ئێستاش ده‌یان رۆژنامه‌نووس و چالاكوانی دیكه‌ له‌ زیندانن یان فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان بۆ ده‌رچووه‌.

- ٢٦ی شوباتیش له شاری سلێمانی په‌رله‌مانتار د. غالب محه‌مه‌د له‌ پێش ماڵه‌كه‌ی خۆی به‌ر قه‌چۆدرا و تاوانبار رایكرد، ئه‌و به‌رپرس و حیزبانه‌ی سه‌ركۆنەی هێرشەكە‌یان كرد خۆیان زۆرترین تاوان و پیشێلكاری ئاشكرای رۆژانه‌یان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر په‌رله‌مانتار و رۆژنامه‌نووس و چالاكوانی مه‌ده‌نی و هاووڵاتی خۆپیشانده‌ر.

-  سه‌دان دۆسیه‌ هه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ رۆژنامه‌نووس و چالاكوانی مه‌ده‌نی و په‌رله‌مانتار، به‌رچه‌قۆی یاسا یان به‌رچه‌قۆی حیزبه‌كان و حكومه‌ت و په‌رله‌مان كه‌وتوون، له‌ دۆخێكدا ده‌توانین بڵێن له‌و دۆسیانه‌دا تاوانباران به‌ ره‌هایی ده‌ربازیان بووه‌ له‌ سزای یاسایی.

- ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و تاوانانه‌ی له‌ رۆژنامه‌نووسان و چالاكوانانی مه‌ده‌نی و په‌رله‌مانتاران ده‌كرێن، ئامانجه‌كه‌ی كۆتاییهێنانی ئه‌و ده‌نگانه‌یه‌ كه‌ راستییه‌كان ده‌خه‌نه‌ڕوو به‌ شێوازێكی مه‌ده‌نیانه، بۆیه‌ په‌یامه‌كه‌ بۆ سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستانه‌ و ئه‌وه‌ی راستی بڵێت له‌ هه‌رێمی كوردستان ژیانی له‌مه‌ترسیدایه، تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووسان (سۆرانی مامه‌حه‌مه‌، عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف، سه‌رده‌شت عوسمان، كاوه‌ گه‌رمیانی، ویداد حوسێن) به‌ڵگه‌ی ئاشكرای دۆخه‌ پڕ كاره‌ساته‌كه‌ن.