بزوێنەری بەرخۆدانن

ڕۆزا دڵشاد مەریوانی - نووسەر

لە دنیادا هەرزەکاران و گەنجانی ئەم سەردەمە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە قەیرانەکاندا و زۆرێکیان چالاکوانی مەدەنی ژینگە و مافی مرۆڤن و لەڕێی بڵاوکردنەوەی هاشتاگەکانەوە رای گشتی جیهانیی دەوروژێنن، بە خۆپیشاندان و شۆڕشی دیجیتاڵیی دژی کارەساتەکان دەوەستنەوە و کاریگەریی زۆر باش دروست دەکەن. وڵاتی ئێمەش هەرچەندە بە یەکێک لە وڵاتە گەنجەکان دادەنرێت واتا زۆرترین گەنج و هەرزەکار و منداڵمان هەیە، هاوکات تا رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژئاڤا زۆربەمان لە مەسەلە گرنگ و چارەنووسسازەکاندا هیوایەکی ئەوتۆمان پێیان نەبوو، بەڵام خۆشبەختانە دەرکەوت هەڵە بووین و وایکرد زۆربەمان لەو بیرکردنەوانە پەشیمان ببینەوە و بزانین ئەوان ئەو نەوەیەن کە جۆرە شۆڕشێکی نوێیان بەرپاکردووە ئەویش شۆڕشی دیجیتاڵی و سۆشیال میدیایە، رەنگە زۆربەمان لەو شۆڕشە تێنەگەین یان بە کەم تەماشای بکەین، بەڵام ئەم شۆڕشە هیچی وای لەو شۆڕشە کەمتر نییە کە بە چەک دەکرێت، بگرە ئەگەر لەم سەردەمەدا تەنیا بە چەک بکرێت ئەوە وادەکات دوژمنەکانمان وەک لە کۆندا کردوویانە هەرچی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی هەیە بەرامبەرمان بیکەن و کەسیش پێی نەزانێت، بەڵام ئەم شۆڕشەی نەوەی زێد و ئەلفا دەیکەن وادەکات دەنگی کورد و ئەو تاوانانەی لە دژی کورد دەکرێت بگاتە دنیا و رای گشتی جیهانیی بوروژێنن و نەهێڵن دوژمن بە ئیسراحەت بخەوێت، نموونەش ئەو دڕندەیە بوو کە کەزی کچە شەڕڤانەکەی بڕی، ئەوە ئەم نەوەیە بوون کردیانە ترێندێکی جیهانی.


ئەوەی ئەم ماوەیە گەنجان و هەرزەکاران و منداڵانی کورد کردیان و دەیکەن وامان لێدەکات لە کەمکردنەوەی بەهای ئەوان بەخۆماندا بچینەوە و تێبگەین لەوەی گەنجان و هەرزەکارانی کورد لەچاو وڵاتانی دیکەدا دەکرێت باشتر و جیاوازتر بن، هەروەها دەستخۆشی لە خۆمان بکەین کە توانیومانە بە شێوەیەک لە شێوەکان رۆحی کوردایەتییان تێدا بچێنین و لە هەستی کوردایەتی دانەبڕێن، لەم رۆژانەدا چاوپێکەوتنی کچێکم بینی لە خۆپیشاندانەکاندا لەوە دەچوو تەمەنی لە هەشت نۆ ساڵ زیاتر نەبێت بە کوردییەکی جوان و بە متمانەوە قسەی دەکرد و دەربارەی رۆژئاڤا هەستی خۆی دەردەبڕی، ئەوەی سەرنجی راکێشام جیاواز لەوەی ئێستا باوە دەیوت: «زمانی کوردی لە هەموو زمانێک گرنگترە و سوپاسی خودا دەکەم وەک کوردێک دروستی کردووم». بە راستی رێز و دەستخۆشیم بۆ دایک و باوک و ئەو مامۆستایەی هەیە کە پەروەردەیان کردووە و رۆحی کوردایەتییان تێدا چاندووە، هەروەها ئاخۆ دەبێت هەستی ئەوانە چی بێت کە بەناوی ئایینەوە مەسەلەی نەتەوایەتی و کوردبوون کەمدەکەنەوە و شۆڕشی سۆشیال میدیا و خۆپیشاندانەکانی گەنجان سووک دەکەن، بۆیە کاتێک منداڵێکی لەو جۆرە و هەڵوێستی گەنجان و هەرزەکارانی ئەمڕۆ دەبینن بەوەی یەکەمجارە لە مێژوودا کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان یەک بگرن، دەبێت شەرم لەخۆیان بکەن و جارێکی دیکە رووی ئەوەیان نەبێت لە بەردەم هیچ مایک و مینبەرێکدا قسە بکەن و ژەهری دووبەرەکیی بڕێژن و لە بەهای نەتەوەییبوونمان کەمبکەنەوە.