بەزمی دەستوور و سەرنجێک

نەرمین عوسمان – چالاکی سیاسی

 

دەستوور، بەرزترین یاسای وڵاتە، ئەو بەڵگەنامەیەیە کە شێوازی حوکمڕانی ‌و پرەنسیپەکانی پەیوەندی نێوان دەسەڵات ‌و هاوڵاتی ڕێکدەخات، هەروەها ماف‌ و ئەرکەکانیان دەستنیشان دەکات.

 

زۆربەی دەستوورەکان لەسەر ئەم بنەمایە نووسراونەتەوە و داڕێژراون، لەگەڵ بوونی هەندێک جیاوازیی بچووک، یاسایەکی نێودەوڵەتی نییە بۆ نووسینەوەی دەستوور، بەڵکو بەپێی شێوازی حوکمڕانی‌ و باری ڕامیاری ‌و ئابووری ‌و کۆمەڵایەتی ‌و ڕۆشنبیریی ‌و کەشی سیاسیی نووسراونەتەوە.

 

دەتوانین بڵێین دوو شێوازی سەرەکی لە نووسینەوەی دەستوور هەیە، یەکەمیان: لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دادەڕێژرێ ‌و وەک خەڵاتێک پێشکەش بە گەلی دەکەن، شێوازی دووەمیشیان؛ پاش سەرکەوتنی خواست ‌و دەسەڵاتی گەل‌ و گواستنەوەی دەسەڵات لە تاکڕەوییەوە بۆ گەل، ئیتر گەل خۆی خاوەنی دەسەڵاتە و خۆیشی شێوازی حوکمڕانیی دیاریدەکات ‌و دەسەڵات دەبەخشێتەوە و ئەرکەکان‌ و مافەکانی هاوڵاتیی تێدا دەستنیشاندەکات.

 

شێوازی نووسینەوەى دەستوور و داڕشتنی، گەل لە ئەستۆی دەگرێت، ئەوانیش ئەنجومەنێکی باڵا لە شارەزایانی نووسینەوەى دەستوور هەڵدەبژێرن ‌و مافی نووسینەوەی دەستووریان پێدەبەخشن. ئەوانیش وەک ئەنجومەنێکی باڵا، راوێژ بە پسپۆڕان ‌و هەموو چین و توێژ و لایەنێک دەکەن‌و هەوڵدەدەن داواکاری‌و ماف‌و ئەرکەکانیان لە دەستووردا جێبکەنەوە بە ڕەچاوکردنی بنەما نەتەوایەتی‌و نیشتمانییەکان، دەکرێت سوود لە ڕەشنووسەکەش وەربگرن.

 

نابێت دەسەڵاتی یاسادانان (تشریعی) (ئەنجومەنی نوێنەران، یان پەرلەمان)، ئەرکی نووسنیەوەی دەستوور بگرنە ئەستۆ، ئەگەرچی لەلایەن میللەتیشەوە هەڵبژێردراون، چونکە ئەرکی ئەنجومەنی نوێنەران داڕشتنی یاسا ئاساییەکانە، یان بەپێی بڕگەکانی دەستوور یاسا دادەڕێژێت کە لەگەڵ بڕگە دەستوورییەکە گونجاو بێت، دەشکرێت لە دەستوورەکەدا مافی گۆڕینی چەند بڕگەیەکی دیاریکراویان پێبدرێت.

 

دواى نووسینەوەی دەستوور لەلایەن ئەو ئەنجومەنە، لە زۆربەی کاتدا ڕاپرسی لەسەر دەکرێت، بەڵام پێشئەوە دەبێ خەڵک وشیار بکرێنەوە لەسەر بڕگەکانی دەستوور، بۆ ئەوەی کوێرانە و بەپێی ویستی دەسەڵات‌و پارتەکان‌و لایەنەکان دەنگ بە بەڵێ یان نەخێر نەدا، لە هەمووشیان گرنگتر؛ هەست بکات مافەکانی لە دەستوورەکەدا جێگەی کراوەتەوە.

 

بەتەواوبوونی نووسینەوەی دەستوور و ئەنجامدانی ڕاپرسی، ئەرکی ئەو ئەنجومەنە تەواو دەبێت، کەواتە ئەوە گەلە کە بەهەموو جۆرێک ڕەزامەندیی لەسەر دەستوورەکەداوە.

 

ڕەنگە کەسانێک هەبن بپرسن‌ و بڵێن باشە ئەنجومەنی نوێنەران خۆ لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێن، بەڵێ ڕاستە، بەڵام ئەو ئەنجومەنی نوێنەرانە کاتییە و لە زۆربەی جار لە چوار ساڵ تێپەڕنابێت، بەڵام دەستوور بۆ ماوەیەکی دورودرێژە، بۆیە پێی دەڵێن دەستووری هەمیشەیی.

 

ئەگەر لە پەرلەمان دەستوور بنووسرێتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو لایەنەی کە لەو خولەی پەرلەماندا زۆرینەن ‌و دەسەڵاتدارن، دەستوورەکە بە مەرام‌ و ویستی ئەوان بنووسرێتەوە و لەبەرژەوەندی ئەو لایەنە بێت، چونکە زۆرینەن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا دژ بە پره‌نسیپەکانی دیموکراسیەتە.

 

دەستوور هیی گەلە نەک هیی دەسەڵات، هەر گەلیش ئەو پەیوەندییە دیاریدەکات لەنێوان دەسەڵات‌و خۆیدا، هەر ئەویشە شێوازی حوکمڕانی بۆ دەسەڵات دیاریدەکات، بۆیە ئەوەى لە کوردستان دەگوزەرێت؛ دژ بە پره‌نسیپەکانی نوسینەوەی دەستورە لە حوکمڕانییەکی دیموکراتخوازییانەدا.