به‌كارهێنانى ژن بۆ لێدان له دۆزى ژن
ئه‌ڤین ئه‌حمه‌د - ڕۆژنامەنووس
ناو به‌ناو له سۆشیاڵ میدیاى كوردییه‌وه به تایبه‌ت دیارده‌یه‌كى قێزه‌وه‌ن زه‌ق ده‌كرێته‌وه و بۆ ماوه‌یه‌كى زۆریش كۆمه‌ڵگا و ڕاى گشتى پێوه سه‌رقاڵ ده‌كرێت.. هه‌ڵبه‌ته وه‌كو زۆر جاریش تێبینی ده‌كرێت پاڵه‌وانى ئه‌و دیاردانه كۆمه‌ڵه ژنانێك ده‌بن كه به پێی پێوه‌ر و عورفه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به شێوه‌یه‌ك ده‌ناسرێن و پێناسه ده‌كرێن هاوئاواز و هاوته‌ریب نین له‌گه‌ڵ پێوه‌ره ئه‌خلاقییه‌كانى كۆمه‌ڵگاى كوردى، هه‌ربۆیه ده‌بینین له‌و گۆشه‌یه‌وه به دیاریكراوى شه‌پۆلى دژه ژنى په‌ره‌ده‌سه‌نێت هه‌ریه‌ك لاى خۆیه‌وه به پشت به‌ستن به دید و تێڕوانینى په‌روه‌رده‌یى و فیكرى خۆی بۆ دۆزى ژن، پێناسه‌ى ژن و چۆنییه‌تى ڕوانینى له ئازادى ژن ده‌كه‌وێته داوى پلانێكى قێزه‌ونه‌وه كه مه‌به‌ست لێى لێدانه له سه‌رجه‌مى ئه‌و مه‌فهومه گشتى و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ى جه‌خت له نووسینه‌وه‌ى سه‌رده‌مێكى نوێى ده‌كه‌نه‌وه بۆ ژنان.. ئیدى هه‌ر له‌وێشه‌وه شاڵاوى ته‌شهیر، ناوزڕاندن، جنێو و سوكایه‌تى به ده‌یان شێوازى جۆراوجۆر به‌رامبه‌ر به‌و ژنانه تۆخ تر ده‌بنه‌وه و ڕاى گشتیشیان زیاتر و زیاتر پێ جۆش ده‌درێت...
كه‌واته كێن ئه‌وانه‌ى به‌رپرسن له وروژاندنى ئه‌و دیارده مه‌ترسیداره و مه‌به‌ستیان چییه؟
لێدان له پێوه‌ره ئه‌خلاقی و عورفه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له هه‌ر لایه‌نێكه‌وه بێت هه‌ڵبه‌ته قبوڵكراو نابێت هه‌رگیز، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له لایه‌ن خودى كۆمه‌ڵه (به‌ناو ژنانێكیشهوه) بن، چونكه ئه‌وه له دواجاردا بابه‌تێكى ته‌واو په‌یوه‌سته به ئه‌خلاقییاتى خێزان و كۆمه‌ڵگاى كوردییه‌وه و ده‌بێت به پێی یاسایش مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێت به‌ڵام، ئایا یاسا كارا و كارپێكراو ده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌و لایه‌نانه‌ش كه كار له‌سه‌ر وروژاندنى دۆسییه‌كانى ژنان ده‌كه‌ن به‌شێوه نه‌رێنییه‌كه، وژن وه‌كو كائینێكى مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر ئه‌خلاقیاتى تاك و كۆمه‌ڵگا ده‌ناسێنین؟.. بۆ نموونه ئه‌و سیاسه‌ته‌ى ژینگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگاى كوردی كردۆته ژینگه و بازاڕێكى ته‌واو له‌بار بۆ به كاڵاكردنى ژنان و سه‌رهه‌ڵدانى ده‌یان دیارده‌ى ئه‌خلاقى وكۆمه‌ڵایه‌تى نامۆ به دابونهریتى كومه‌ڵگا..
"میدیاکان بوونەتە مینبەری کوشتنی ژنان"
هه‌روه‌ها ئه‌و سیاسه‌ته میدیاییانه‌ش كه بونه‌ته مینبه‌رى ڕاسته‌وخۆى كوشتنى ژنان به ده‌یان شێوازى جۆراوجۆر، و هه‌رجاره و به‌شێوازێك كار له‌سه‌ر ژه‌هراوى كردنى زیاترى كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن و تێڕوانینى كۆمه‌ڵگاش به‌رامبه‌ر به دۆژى ژن به شێوه‌یه‌ك جۆش ده‌ده‌ن كه كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆى هه‌یه له‌سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنى زیاترى دۆسییه‌كانى توندوتیژى دژ به ژنان هه‌ر له كوشتنى جه‌سته‌ییه‌وه تا ده‌گاته تێرۆرى مه‌عنه‌وی ژنەكانیش؟.
"بەکارهێنانی ژن بۆ لێدان لە دۆزی ژن لە لایەن سیاسەت و میدیاوە"
ئه‌وه‌ى ئه‌مرۆ دیارده‌ى كچه مۆدێله‌كانى به قێزه‌وه‌نترین شێواز زه‌ق كردۆته‌وه سیاسه‌تێكه كار له‌سه‌ر كوشتنى پره‌نسیپه‌كانى ژن و ئامادهگهرییان ده‌كات له ئێستا و له‌داهاتووشدا، و له ڕێگاى میدیا و سۆشیاڵ میدیاشه‌وه كار له‌سه‌ر لێدانى دۆزى ژن ده‌كات.. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش له دواجاردا ده‌بێته قوربانى ئه‌م گه‌مه مه‌ترسیداره ته‌نها كۆمه‌ڵگا و له نێو كۆمه‌ڵگاش به تایبه‌ت خودى ژنان خۆیانن.
له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر زیاتر هۆشیار بین، وورتر له‌م دۆسییه مه‌ترسیداره بڕوانین زۆر به ڕوونى ده‌گه‌ین به‌و حه‌قیقه‌ته‌ى كه‌لاى زۆرینه‌مان نه‌بینراو وهه‌ست پێنه‌كراوه ئه‌وه‌ش به‌كارهێنانى ژنه بۆ لێدان له دۆزى ژن له ڕێگاى گه‌مه‌یه‌كى سیاسى ـ میدیایى ته‌واو به‌رنامه بۆ دارێژراوهوه كه ئامانجى سه‌ره‌كى هاتنه كایه‌وه‌ى لێكترازانى ئه‌خلاقییه به سپۆنسه‌رى خودى ژنان خۆیان.