بۆچی میدیا بازرگانی بە سۆزەوە دەکات

ماردین عه‌بدولكه‌ریم- ڕۆژنامەنووس

فەلسەفەیەکی بازرگانی هەیە دەڵێت من پێویستم بەو کاڵایەیە کە لای تۆ هەیە، تۆش پێویستت بەو کاڵایەیە کە لای من هەیە، لەوچوارچێوەیەدا میدیا مافی خۆیەتی بۆ دابینکردنی داهات و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی، پەنا بۆ ریکڵام و بازرگانییکردن ببات، بەڵام ئەو بازرگانییە نا کە لەپێناو ناو و ناوبانگدا وەبەرهێنانی ناشەرعی و بازرگانی بە هەست و سۆز و کەرامەتی تاکەکانی کۆمەڵگەوە دەکات، هەرچەندە ئەوەی بازاڕی ئەم بازرگانییەی گەرمکردووە، بەکارهێنەرانی میدیاکانن و هەرخۆشیان دەبنەوە کاڵاو و کڕیاڕی هەواڵە پووچەکان.


هاوکات میدیاکان بەجیاوازی سیاسەتیان، مەبەستیانە بەکارهێنەر پەلکێشی خۆیان بکەن، بەڵام تا کەرەستەی پەلکێشکردن سەرنجراکێشتربێت، لە رێی سەردێری جەنجاڵ و بەپەلە و گەورەکردنی دەستەواژەی نالۆژیکی وەک: (مایکی ناو پرسەکان وهەستی لەدەستدانی ئازیزەکان، یان فرێدانی سەرپۆش، قەوما و شەڕ روودەدات)، ئەوا خێراتر دەتوانن یاریی بە سۆزی بەکارهێنەر بکەن و بیانخەنە داوەکانیانەوە، هەموو ئەمانە ناڕاستەوخۆ بەکاڵاکردنی هاووڵاتی و بازرگانیکردنە بە هەست و سۆز و کەرامەتیانەوە، کاتێ تۆی بەکارهینەریش بێ لێکدانەوە لایک و کۆمێنت و فۆڵۆ و شێری لینک و بابەتەکان دەکەیت، ناراستەوخۆ دەبیتە کڕیار و مارکێتینگی بابەتە پووچەکان گەرم دەکەیت.  


لەوانەیە نەزانیت ئەلگۆریتمی میدیا ئەلەکترۆنییەکان بە بێلایەنی پرۆگرام ناکرێن و ئەوان بەرپرسی یەکەمن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵە بێ ناوەڕۆکەکان و بەکارهێنەریش مقاشەکەیانە، چونکە کاتێ میدیاکار، یان بەکارهێنەر پۆستیک ئەپلۆد دەکات، ئەلگۆریتم خولەکی یەکەم دەیخاتە بەردەم ژمارەیەکی کەم لە بینەر، بەڵام هەرکە زانی ئەم هەواڵە بینەری زۆری هەیە، لە قۆناغی دووەمدا دەیخاتە بەردەم بازنەیەکی فراوانتر لە بینەر، بەمشێوەیە بەرەو قۆناغێکیتر دەیبات تا پۆستەکە دەگاتە هەزاران کەس.


لەراستیدا ئەلگۆریتمەکان نە تۆ دەناسن و نە ناوەڕۆکی هەواڵەکەشیان لا گرنگە، بەڵام هەرکە زانیان هەواڵێک لایک و شێر و کۆمێنت و کارلێکی زۆری هەیە و بۆتە جێی سەرنجی بینەر، راستەوخۆ دەبێتە جێی سەرنجی ئەویش.


بۆ ئەلگۆریتمەکان گرنگ نییە، تا چەند ئەو هەواڵە توندوتیژیی و دوو جەمسەری و بەرەی دژبەیەک لەو کۆمەڵگەیەدا دروست دەکات، بۆی گرنگ نییە تا چەند بەها جوانەکانی کۆمەڵگەیەک دەخاتە ژێر پسسسسسرسیارەوە، بۆی گرنگ نییە کێ دەبێتە کاڵا و سووکایەتی بە هەست و سۆزی کێ دەکرێت، هێندەی بۆی گرنگە شوێن پەنجەی بەکارهێنەران دیاریی بکات و بزانێ گرنگی بە چ هەواڵێک دەدەن، تا هەواڵ و زانیاری تری لەو جۆرەیان بۆ بنێرێت، چونکە قازانجی کۆمپانیا و سەرمایەداریی سەکۆکان لە ئالوودەبوونی تۆی بەکارهێنەردایە، بۆیە زۆرکات پێتوایە مۆبایلەکەت گوێی لێتە، کەچی هەموو ئەمانە بەهۆی کلیکەکانتەوەیە لەسەر بابەتەکان.  


بەوجۆرە ئەلگۆریتم کارلێکی نێوان بینەر و پۆستە دڵخوازە نەشیاوەکانیان ڤایرۆس ئاسا بڵاودەکاتەوە، توێژینەوەکانیش سەلماندوویانە، هەواڵی ناسروشتی شەش جار خیراتر لە هەواڵی راست و دروست بڵاودەبێتەوە، بەپێچەوانەوە هەواڵ و زانیارییە سروشتییەکان، بەهۆی کەم بینین دیبەیتی جدی لەبارەیانەوە دروست نابێ، ئەوەش زۆرجار گلەیی پسپۆڕانی لێدەکەوێتەوە.


ئێستا دەبێت بپرسین ئەگەر ئەلگۆریتمەکان لە خزمەتی کۆمپانیا و سەرمایەداران پرۆگرام دەکرێن، ئەی میدیا و میدیاکار و بەکارهێنەر لە خزمەت کێدا پرۆگرام کراون؟ بۆ کۆمەڵگەیان ئالوودەی بابەت و دەستەواژەی پووچ و کەسانی پووچ کردووە؟ ئایا بەرژەوەندییان لە هەڵوەشانی بەها جوانەکانی کۆمەڵگەدایە و بۆ گەوجاندی کۆمەڵگە ئاراستە دەکرێن؟ یان بەهۆی نەزانی و نەشارەزاییەوە، دەستبەرداری دۆزی نەتەوە و دوژمنان بوون و بەربوونەتە گیانی یەکتر.


کەواتە مادام سەکۆ دیجیتاڵییەکان بوونەتە ئامرازێک بۆ بازرگانیی، دەبێ بەکارهێنەر بەوپەریی وریاییەوە کارلێک لەگەڵ بابەتەکاندا بکات، چونکە کلیکەکانی ئەوانە لە کاتی قەیرانەکانی مووچە و بەرزبوونەوەی نرخدا بە نموونە، وادەکات ئەلگۆریتم دەستبەجێ دەیان ڤیدیۆ و هەواڵی هاوشێوەی تۆقێنەر بهێنێتە نێو شاشەکانتانەوە، کە سەرەتا بەکارهێنەر تووشی دڵەراوکێی دەروونیی دەکات، لەوێنە گەورەکەشدا رایگشتی بەهەڵەدا دەبات و ئەوەی لەم نێوەندەدا قازانج دەکات تەنیا کۆمپانیا و میدیا نابەرپرسەکانن.