باجی بێپەروەردەیی؛ چۆن کۆمەڵگە مرۆڤایەتی لەدەست دەدات و توندوتیژی بەرهەم دەهێنێتەوە
مژدە عەلی- نووسەرو مامۆستا
بێگومانپەروەردە تەنها پرۆسەیەکی فێربوونی ئەکادیمی یان وەرگرتنی بڕوانامە نییە، لەهەمانکاتدا ئەو کۆڵەکەیەیە کە ڕەوشت، مرۆڤایەتی و هاوسەنگی دەروونیی تاکی لەسەر بنیاد دەنرێت. کاتێک کۆمەڵگەیەک لەم چەمکە سەرەکییە بەتاڵ دەبێتەوە و بێپەروەردەیی دەبێتە باڵادەست، یەکەم قوربانی، بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان دەبن. بێپەروەردەیی تەنها نەخوێندەواری نییە، بەڵکو نەبوونی هۆشیارییە بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ، بەرامبەر بە ئەخلاق ،بەرامبەر بە ئینسانیەت…هتد کە ئەنجامەکەیشی دروستبوونی ژینگەیەکی لەبارە بۆ گەشەکردنی هزری توندڕەوی و چەسپاندنی زهنیەتی پیاوسالاریی باڵادەست. با لە داماڵینی تاکەوە دەست پێبکەین کە چۆن لە ئەخلاق و کاری مرۆڤایەتی داماڵراون.
کاتێک سیستمی پەروەردە (لە ناو خێزان و قوتابخانەدا) پەکەکەوێت، تاک بێبەش دەبێت لە فێربوونی چەمکەکانی وەک: هاوسۆز، ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان، و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی. لە رووی ڕووشانی ڕەوشتیشەوە لە نەبوونی پەروەردەیەکی دروستدا، بەها ئەخلاقییەکان جێگەی خۆیان دەدەن بە بەرژەوەندیی تایبەتی و یاسای جەنگەڵ. تاک تەنها بیر لە مانەوەی خۆی دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی ئازارەدانی کەسانی تریش بێت.
دوورکەوتنەوە لە مرۆڤایەتی یەکێکی ترە لەو ئاڕقستانەی کە بيگومان مرۆڤ بە سروشتی خۆی پێویستی بە گەشەپێدانی لایەنە ڕۆحی و مرۆییەکانی هەیە. بەڵام دواجار بێپەروەردەیی وا دەکات مرۆڤەکان بەرامبەر بە ئازاری ئەوانی تر بێباک بن؛ دیاردەکانی وەک هاوکاری، بەخشندەیی و چاکەکاری کەم دەبنەوە و لە جیاتی ئەوان، تووڕەیی و ڕق کایەی کۆمەڵایەتی داگیر دەکەن.
وە بيگومان بەرزکردنەوەی زهنیەتی پیاوی باڵادەست و توندڕەو مەترسیدارترین لێکەوتەی بێپەروەردەیی، زیندووکردنەوە و بەهێزکردنی ئەو زهنیەتە کۆنەپەرستانەیە کە مرۆڤەکان لەسەر بنەمای ڕەگەز، هێز و دەسەڵات پۆلێن دەکات.
بۆیە هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کاتێک پەروەردە غائیب دەبێت، هێزی بازوو دەبێتە پێوەری ڕاستی و باڵادەستبوون زهنیەتی پیاوی باڵادەست لە کۆمەڵگەیەکی کەمپەروەردەدا، تێگەیشتن بۆ چەمکی پیاوەتی دەشێوێنرێت. پیاوەتی لە بری ئەوەی ببێتە هێمای پاراستن، بەرپرسیارێتی و نەرمونیانی، دەگۆڕێت بۆ: سەپاندنی دەسەڵات، سەرکوتکردنی ژنان، و ڕەتکردنەوەی یەکسانی. ئەم ژینگەیە وا دەکات پیاوی باڵادەست وا هەست بکات کە خاوەنی مافێکی ڕەهایە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی ئەوانی تر دواجار کە تاک فێر نەکرا کێشەکانی لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە چارەسەر بکات، توندوتیژی دەبێتە تاقە زمانی ئاخاوتنی. زهنیەتی توندڕەو لە ناوچە تاریکەکانی بێپەروەردەییدا گەشە دەکات. مرۆڤی بێپەروەردە بە ئاسانی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکان و ئامادە دەبێت بۆ ڕشتنی خوێن و بەکارهێنانی توندوتیژی، تەنها بۆ سەلماندنی بوونی خۆی یان بیروباوەڕەکەی. ئەم ڕووداوە پڕ لە دڕندەیی و هۆڤێتییە، کە ژن کوشتن و سوتاندنیان بە بنەما گرتوە نەک هەر ویژدانی مرۆڤایەتی دەهەژێنێت، بەڵکو پەردە لەسەر قووڵترین کارهەساتی بێپەروەردەیی و داڕمانی ئەخلاقی لادەدات.
کاتێک مرۆڤێک هاوسەر و هاوبەشی ژیانی خۆی بە زیندووی دەسوتێنێت تەنها بۆ تێرکردنی حەزێکی کاتی، ئەمە تەنها تاوان نییە، بەڵکو مەرگی فەرمیی مرۆڤایەتییە لە ناخی ئەو تاکەدا هەڵبەتە مرۆڤی پەروەردەکراو و هۆشیار، خاوەنی کۆنتڕۆڵە بەسەر غەریزە و حەزەکانیدا، بەڵام تاکی بێپەروەردە و توندڕەو، غەریزەکانی دەبنە یاسای باڵا.
دڕندەیی بێ سنوور: بەکارهێنانی ئاگر وەک ئامرازێک بۆ کوشتنی هاوسەرێک کە ڕۆژانێک شەریکی ژیان و خەمەکان بووە، نیشانەی تێکچوونی تەواوەتیی پێکهاتەی دەروونیی تاوانباری سورەکی و. ئەووی پشت دەرگا داخراوەکانی ڕووداوەکانیشە، ئاگر لێرەدا تەنها جەستەی ژنەکان ناسوتێنێت بەڵکو مانا و پیرۆزیی پەیمانی هاوسەرگیری و خێزانیش دەکاتە خۆڵەمێش ئەم جۆرە تاوانانە پێمان دەڵێن کە مەترسیی گەورە لەسەر کۆمەڵگەکەمان چییە.
کاتێک مرۆڤێک دەگاتە ئەو ئاستەی بە مێشکێکی سارد و دڵێکی ڕەقەوە، هاوسەری خۆی بخاتە ناو کڵپەی ئاگرەوە و گوێ لە هاوار و ناڵەی سووتانی نەگرێت، واتە: ئیتر هیچ بەهایەکی ئەخلاقی نەماوە کە بتوانێت ڕێگری لە دڕندەیی مرۆڤ بکات. کاتێک لێبوردەیی، بەزەیی و هاوسۆزی دەمرن، مرۆڤ لە ئاژەڵی کێویش هۆڤیتر دەبێت.
ئەم تاوانە نوێ نییە و بێگومان کۆتایش نییە تا ئەم بێپەروەردەییە لە ڕەگەوە چارە نەکریت لە کۆتایدا دەڵێم ئەم دیمەنە هۆڤقییە، زەنگێکی مەترسیدار و سوورە بۆ هەموو کۆمەڵگە، سوتاندنی ژنێک لە پێناو حەزێکدا، هاواری قوربانییەکە نییە تەنها، بەڵکو هاواری داڕمانی سیستمی ئەخلاقی و پەروەردەیی و یاسایی وڵاتێکە. ئەگەر ڕیشەی ئەم زهنیەتە پیاوسالارە توندڕەوە لە ڕێگەی پەروەردەیەکی مۆدێرن و مرۆڤدۆستانەوە هەڵنەکێشرێت، و ئەگەر یاسا نەبێتە قەڵایەک بۆ پاراستنی لاوازەکان، ئەوا ژمارەی ئەم جەلادە هۆڤییانە لە ناو تاریکیی بێپەروەردەییدا زیاتر دەبێت و مرۆڤایەتی زیاتر بەرەو خۆڵەمێشبوون دەچێت.