"ژن، ژیان، ئازادی" شۆڕشی دانەمرکاوی ژنانە
سلێمانی
ڕژێمی ئێران لە ١٣ی ئەیلوول بەبیانووی باش دانەپۆشینی قژی ژینا ئەمینی دەستبەسەر کرد، دوای ئەوەی بەهۆی ئەشکەنجەی توندەوە کەوتە کۆما لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ گیانی لەدەستدا.
لە بەرامبەر زوڵم و توندوتیژی دژی ژنان و کوشتنی ژینا ئەمینی، ڕاپەرینی شۆرش کە بە "ژن، ژیان، ئازادی" ناسراوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و هەزاران ژن ئازایانە بەرامبەر ئاڵەنگارییەکان وەستانەوە و سەلماندیان کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە بەهێزکردنی بەهاکانی یەکسانی و دادپەروەری و مافەکانی هەموو ژنان بە ئامادەبوونی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسی خۆیان.
ژنان لەهەر سوچێکی ئەم جیهانە بەشێوازی جیاوازو بە ئاماجی یەک عەقڵیەتی ڕووبەڕووی توندوتیژی و کوشتن دەبنەوە، هەربۆیە کاتێک هاواری "ژن، ژیان، ئازادی" بەرز بۆوە، ژنان خاوەندارییان لێکردو بەیەک دەنگ وتیانەوە، ئەم شۆڕشە ژنانی لە سەرناسەری جیهان یەکخست.
فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" بووەتە موڵکی هەموو ژنان و فەلسەفەی ژیانە، ژنان لە پێکهاتەو نەتەوە جیاوازەکانەوە ئەم فەلسەفەیە بووەتە ناسنامەیان، بووەتە ناسنامەیەکی سیاسی و کولتووری، هێزەکەی لە تێکەڵکردنی هیوا و بەرخۆدانیدایە.