مافی ژنان و ڕۆڵیان لە بونیادنانی کۆمەڵگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
جوان میرزا، چالاکوانی عێراقی جەختی لەسەر گرنگی بونیادنانی بنکەیەکی بەهێزی بنەڕەتی کردەوە کە پرسەکان لە بنەڕەتدا چارەسەر بکات، بڕوای بە یەکسانی و پێویستی کۆتاییهێنان بە توندوتیژی، جیاکاری بەرامبەر بە ژنان هەبێت.
مەلڤا محەمەد
ناوەندی هەواڵ-سەرەڕای ئەو ئاڵەنگارییە جۆراوجۆرانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەسەندنی ژنانی بەخۆوە بینیووە، بۆ بەرەوپێشبردنی بەهێزکردنی ژنان و زیادکردنی بەشداریکردنیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بە سەرکردایەتیشەوە.
ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری دەبنەوە کە ڕێگرن لە دەستڕاگەیشتنیان بە پۆستی سەرکردایەتی و گەیشتن بە یەکسانی ڕەگەز. نەریتە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان کە دەرفەتەکانیان بۆ خوێندن و دامەزراندن و پێشکەوتن سنووردار دەکەن؛ کەمی پەروەردە و ڕاهێنان؛ نەبوونی پشتیوانی دامەزراوەیی؛ توندوتیژی و جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز؛بەهێزکردنی ئەو چەشنە چەقبەستووانەی کە ڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان پەراوێز دەخەن.
سەبارەت بە کاریگەری قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لەسەر ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا، جوان میرزا، چالاکوانی ژنانی عێراقی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی ژنانی ئامان وتی: ئەو ئاڵەنگاریانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی گەورە و ئاڵۆزن،ئەم ئاڵەنگارییە بریتین لە هەژاری، بێبەشی، بێکاری و توندوتیژی دژی ژنان، بەتایبەتی لە جەنگ و ململانێکان، کە ژنان تەنها لەبەر ئەوەی ژنن بە کەمتەرخەمی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. کەواتە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرەنجامی ئەم پرسانە لە ئەستۆ دەگرن، لە هەموو ساتێکدا بە تەنیا ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری دەبنەوە.
"ئەگەر گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستمی سەرمایەداریدا ڕوونەدات، ژنان ناتوانن ئازادی و سەربەخۆیی خۆیان بەدەست بهێنن"
سەبارەت بە میکانیزمی نوێنەرایەتی ژنان و زیادکردنی بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، پرسیاری کرد: ئایا نوێنەرایەتی ژنان لە سیاسەتدا دەتوانێت ڕێگەیەک بێت بۆ ڕزگارکردنیان لە ئازار؟ بە بۆچوونی من، وەڵامەکە نەخێرە، تەنانەت ئەگەر ژنان لە پەرلەمان یان لە بڕیاردانی سیاسیدا بە ڕێژەی ٥٠٪ نوێنەرایەتی بکرێن، دەتوانێت گۆڕانکاری بهێنێت، بەڵام ناوەڕۆکی سیستەمی ئابووری سەرکوتکەری سەرمایەداری ناگۆڕێت کە بەردەوامە لە چەوساندنەوەی ژنان و دەیانخاتە ژێر دەسەڵاتی پیاوان، بۆ نموونە لە پەرلەمانی عێراقدا کە ٩٨ ژن نوێنەرایەتی ژنان دەکەن نەیانتوانی بە شێوەیەکی کاریگەر چارەسەری پرسی ژنان بکەن، بەڵکو تەنها دەنگی پارتە ئیسلامییەکان دەنگ دەدەنەوە، کەواتە ئەگەر گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمی سەرمایەداریدا ڕوونەدات، ژنان ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان ئازادی و سەربەخۆیی خۆیان بەدەست بهێنن.
ئاماژەی بە ئەگەری گۆڕینی ئەم سیستەمە کرد،لە ئێستادا کە بیروبۆچوونی پیاوسالاری و سەرمایەداری زاڵ بووە بەسەر دەوڵەت و رژێمەکاندا، "گۆڕینی سیستەم پێویستی بە بنیاتنانی بنکەیەکی جەماوەری بەهێز هەیە کە لە ڕەگەوە چارەسەری پرسەکان بکات، بۆ ئەوەی ئەم بنکە باوەڕی بە یەکسانی و پێویستی کۆتایی هێنان بە توندوتیژی و چەوساندنەوە و جیاکاری دژی ژنان هەبێت. ئەم یاسایە دەبێت بەهاکانی ئاشتی لەخۆ بگرێت و وەبەرهێنانەکە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بێت، نەک دارایی جەنگ و بەفیڕۆدانی پارە و سامان لە ململانێکاندا. پێویستە تەڤگەرێکی بەهێزی ژن دابمەزرێنرێت کە بنکەیەکی جەماوەری هەبێت، بتوانرێت بەم ئاراستەیەدا هەنگاو بنێت.
هۆشیاری ژنان سەبارەت بە مافەکانیان بەتەنها بەس نییە،بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی بەهێزی ژن یان تەڤگەر. ئەمە چەندین ساڵ تێکۆشانی دەوێت، لەوانەیە ئەنجامی ئەم هەوڵە نەبینین هەتا دە بۆ ٢٠ ساڵ دواتر. تێکۆشانی ژنان لە ئەوروپا زیاتر لە سەدە و نیوێکە درێژەی کێشاوە. هەرچەندە ڕێگایەکی دوور ماوە، بەڵام دەبێت خۆری یەکسانی هەڵبێت و ڕژێمی سەرکوتکەر لەناوبچێت و سیستەمێک جێگەی بگرێتەوە کە دادپەروەری بۆ هەمووان دابین بکات.
هاوپەیمانێتییەکە هەوڵی بەدەستهێنانی سێ سکرتاریەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی دەدات، یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی هۆشیاری ژن، بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەژموونی پیاوان.
هاوپەیمانی ژنانی ئامان بە کۆبوونەوەی تەنها ١٠ ژن دەستی پێکرد، هەندێکیان بەردەوام بوون و هەندێکی تریان دوورکەوتنەوە.ئەم تەڤگەرە ڕێڕەوێکی ڕوونی وەک شەمەندەفەری هەیە، کە ژنانی نوێ دەتوانن بەشداری بکەن یان کەسانی تر دەتوانن لە وێستگەی جیاواز بڕۆن. هەروەها ژنانیش هەن کە هەست بە بەشێک لەم تەڤگەرە ناکەن، لە کاتێکدا هەندێکی تریش هەن کە حەز دەکەن بگەنە ئەو تەڤگەرە. لەبەر ئەوە، ئێمە ئەو بنەمایە دادەنێین کە تەڤگەرەکە لەسەر بنچینەی دامەزراوە.
"بزووتنەوەی ژنان لەعێراقدا زۆر لاوازە"
جوان میرزا ئاماژەی بەوەدا کە بزووتنەوەی ژنان لەعێراقدا زۆر لاوازە، زۆرجار قسە لەبارەوە پشتگوێ دەخرێت، هیچ گفتوگۆیەک لەسەر دامەزراندنی تەڤگەرێکی بەهێزی ژنان لەو وڵاتەدا ناکرێت، ئامانجمان لە هاوپەیمانی ژنانی ئامان دروستکردنی رێکخراوێکی تەقلیدی نەبوو ،کە پشت بە پارەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ببەستێت، چونکە پەیوەندیمان لەگەڵ بەشداربووان دوای کۆتایی هاتنی پڕۆژەکە کۆتایی دێت. ئێمە ناوی "ئامان" مان هەڵبژارد بۆ ئاماژەکردن بە ئاسایشی ئابووری، واتە دابینکردنی هەلی کاری سەلامەت بۆ ژنان، بەتایبەتی لەبەر بەربڵاوی دیاردەی هەراسانکردن لە شوێنی کار، جیاوازی گەورەی موچە. لە ئێستادا ژنان تەنها لە %١١ی هێزی کاری عێراق پێکدەهێنن، ئەمە پرسیار دروست دەکات، چۆن دەتوانرێت لە ژێر سایەی ئەم ڕێژە بەرزەی بێکاریدا بەهێز بکرێن.
ئاماژەی بە گرنگی داهاتی ژنان کرد بۆ ئەوەی ناچار نەبن لە ترسی بێ ماڵ بوون و لەدەستدانی منداڵەکانیان لە پەیوەندیدا لەگەڵ پیاوێکی توندوتیژدا بمێننەوە، نەبوونی ئاسایشی ئابووری ژنان ناچار دەکات لە کاری لاواز و هەلومەرجی سەختدا کار بکەن، بۆ نموونە لە کارگەی خشت ژنان بەبێ هیچ ئامرازێکی پاراستن کار دەکەن و پلەی گەرمی خشتەکان دەگاتە ٣٠٠ پلەی سیلیزی، دەبێتە هۆی سووتانی دەست و دەموچاویان بە موچەیەکی زۆر کەم.
سەبارەت بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ڕوونیکردەوە کە لەسەر بنەمای کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە جیاکاریەک دژ بە ژنان دامەزراوە، "دەبێت لە ماڵەوە، شەقام، لە شوێنی کار و پەروەردەدا هەست بە سەلامەتی بکەن، ڕووبەڕووی هەراسانکردن و هەڕەشەی ئەلیکترۆنی و هەموو جۆرە توندوتیژییەک نەبنەوە.
"ژنانی عێراق ڕووبەڕووی مەترسی توندوتیژی و ڕفاندن و ناوزڕاندن و هەڕەشە دەبنەوە"
ئاسایشی سیاسیش بەندە بە مافی ژنان بۆ دەربڕینی ئازادانەی بیروڕاکانیان،"دوو ڕۆژ لەمەوبەر، مامۆستایانی ژن لە شاری ناسریە هاتنە دەرەوە و داوای موچەی زیاتریان کرد، بەڵام خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەیان لەلایەن پۆلیسەوە بە لێدان و دەستگیرکردن ڕووبەڕوو بووەوە، هەرچەندە دەستوور مافی دەربڕینی بیروڕاکانیان بە سەلامەتی بۆ دەستەبەر دەکات. لەگەڵ ئەوەدا ژنانی عێراقی دەترسن لە چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی و تەلەفزیۆنیدا دەربکەون، بۆ ئەوەی خۆیان لە هێرشەکان بپارێزن کە لەوانەیە دواتر ڕووبەڕووی ببنەوە، ڕووبەڕووی مەترسی توندوتیژی و ڕفاندن و ناوزڕاندن و هەڕەشە دەبنەوە ،ناوی ئەو ژنە پارێزەرانەی کە بەرگرییان لە هەموارکردنی یاسای ژمارە ١٨٨ کردووە لە سەندیکاکە سڕاوەتەوە، پرسی ،ئاسایشی سیاسی ژنان لە کوێیە؟ ئەی سکرتاریەتەکان لەکوێن؟.
"هەموواری یاسای ١٨٨ دژی بەرژەوەندی ژنانە"
سەبارەت بەو یاسایانەی کە هاوپەیمانێتی دەیەوێت هەمواریان بکاتەوە، بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان وتی: بەداخەوە هەموارکردنی یاسای ژمارە ١٨٨ ی ساڵی ١٩٥٩ بە نایاسایی لە پەرلەمانی عێراقدا دەنگی لەسەر درا، هەرچەندە ئەم یاسایە لە باشترین یاساکانی ناوچەکە بوو، هەندێک لە وڵاتانی وەک میسر و ئوردن و لوبنان لە داڕشتنی یاسای باری کەسایەتیدا ئیلهامی لێوەرگرت، ئەمە یارمەتیدەر بوو بۆ بەدیهێنانی بەشێک لە یەکسانی ڕەگەز. هەرچەندە لە ٦٠کانەوە پەرلەمان بەتایبەتی پارتە ئیسلامییەکان هەوڵیانداوە ئەم یاسایە بگۆڕن بەبیانووی نایاسایی بوون، هەرچەندە لەسەر بنەمای چوار مەزهەب دامەزراوە،لەلایەن نازیە دولەیمی، هاوبەش داڕێژراوە ئەمڕۆ هەموارکردنەوەکە دژی بەرژەوەندی ژنانە، چونکە لەوانەیە لە مافەکانیان بێبەش بکرێن لە میرات، نەفەقە و بەخێوکردنی منداڵ، ئەمە دەبێتە هۆکاری زیندانی کردنی لە ماڵدا لەگەڵ پیاوێک کە ناتوانێت لەگەڵیدا بژیت.، ئێمە هەوڵ دەدەین یاسای شوشتنی شەرم هەموار بکەینەوە کە ڕێگە بە پیاوان دەدات ژنێک بە خوێنی سارد بکوژن بەبێ ئەوەی سزا بدرێن، هیچ یاسایەک نییە مافی لەباربردنی ژنان مسۆگەر بکات. ژنانی ئێزدی دوای کەوتنە دەستی داعشەوە ئازارێکی زۆریان بەم دۆسیەیە چەشتووە.
جوان میرزا لە کۆتاییدا ئاماژەی بە هەڵمەتەکانی هاوپەیمانی بۆ پشتیوانی لە ژنان کرد لە ناوچەکەدا، کامپینی داکۆکیکردنمان بۆ ژنانی سودانی رێکخست، چەند کامپینێکی دیکەمان بۆ ژنانی ئەفغانی ڕێکخست کە بەهۆی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها کامپینێکمان دەستپێکرد بۆ پشتیوانیکردن لە ژنانی غەززە، لەوانە ڕێکخستنی سیمینار لەگەڵیان، نووسینی وتار، بڵاوکردنەوەی بیربۆچونەکانیان، گەیشتن بە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە غەززە، قسەکردن لەسەر ئازارەکانی ژنان لە کاتی جەنگدا، دوای هاتنی جولانی بۆ دەسەڵات کامپینێک بۆ ژنانی سووریا دەستیپێکرد، ئامانجی هاوپەیمانی ژنی ئامان بەدیهێنانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی بۆ ژنان لە عێراقە، هەوڵی بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژنە لە نێو ژنان و پیاواندا دەدات، لە هۆکارەکانی چەوساندنەوەی ژنان تێبگات، ڕاستی پیاوسالاری و هەژموونی پیاوسالاری بەسەر ژناندا لە کۆمەڵگەدا، فشار خستنەسەر دامودەزگاکانی حکومەت، بۆ گۆڕینی ئەو یاسایانەی سووکایەتیکردن بە کەرامەتی ژنان دەکەن، لە جێگرتنەوەیان یاسایەک دابنێن کە ڕێزیان لێبگرن،بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ پیاواندا بکەن.