ژینگەیەکی دۆستانەی کارکردن بۆ ژنانی کرێکار لە ئەردەن کاری بۆ دەکرێت

سەحەر عەلول، ئەندامی ڕێکخراوی سەداقە " هاوڕێیەتی" کە داکۆکی لە مافی ئابووری ژنان دەکات لە ئەرده‌ن، دەڵێت ئامانجی ڕێکخراوەکە دابینکردنی ژینگەیەکی دۆستانەی کارکردنە بۆ ژنانی کرێکار.

نور ئەسیل

 

ئەردەن- سەداقە "هاوڕێیەتی" ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە کە گروپێکی بەرفراوانی چالاکوانان کۆدەکاتەوە بانگەشە بۆ ژینگەیەکی دۆستانەی کارکردن دەکات بۆ ژنانی کرێکار بە پابەندبوون بە مادەی ٧٢ی یاسای کار و بە ئامانجی زیادکردنی بەشداری ئابووری ژنان لە ئەردەن.

سەداقە لە ساڵی ٢٠١١ لەلایەن کۆمەڵێک دایک و باوکی کرێکارەوە دامەزراوە کە ئەزموونی سەختی هاوسەنگکردنی کار و ژیانیان کردووە، سەحەر عەلول ئەندامی ڕێکخراوی سەداقە سەبارەت بە چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە لەگەڵ ئاژانسی نوژنها قسەی کرد.

“ئامانجی ڕێکخراوەکە لابردنی بەربەستەکانی بەردەم ژنانە”

سەحەر عەلول بە ئاماژەدان بەوەی کە سەداقە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە کە بانگەشە بۆ مافی ژنانی کرێکار دەکات لە ئەردەن، وتی: “ ئامانجی ڕێکخراوەکە ئەوەیە کە بەربەستەکانی بەردەم ژنانی ئەردەن لاببات، لە سەرەتادا داوای جێبەجێکردنی مادەی ٧٢ی یاسای کارمان کرد کە دەڵێت ئەو خاوەنکارەی کە لانیکەم بیست کارمەندی ژنی دامەزراندووە، پێویستە شوێنێکی گونجاو لە ژێر سەرپەرشتی چاودێرێکی شارەزادا دابین بکات بۆ چاودێریکردنی کارمەندەکان، و منداڵانی کەمتر لە چوار ساڵ بە مەرجێک ژمارەی منداڵەکان لە دە کەمتر نەبێت”.

"ئامانجمان زیادکردنی بەشداری ئابووری ژنانە"

سەحەر عەلول لە درێژەی قسەکانیدا وتی: " ئامانجێکی دیکەی سەداقە پشتیوانیکردنە لە دایک و باوکانی کرێکار بۆ نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی کە ڕووبەڕووی ژنانی کرێکار و خێزانەکانیان دەبێتەوە و هاندانی ژنان بۆ بەشداریکردن لە هێزی کاردا، هەرچەندە ژنان بناغەی کۆمەڵگەی ئێمەن، بەڵام بەشداری ئابووری ژنان لە سێ دەیەی ڕابردوودا لە ئەردەن ٪١٤ تێنەپەڕیوە، ئەمە ئەو خاڵەیە کە سەداقە دەیەوێت بیگۆڕێت، سەداقە بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی کار وۆرک شۆپەکانی ڕێکخستووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری نێوان ژنانی فەرمانبەران لەسەر مافەکانیان لە یاسای کار."

هەموارکردنەوەی مادەی ٧٢ی یاسای کار

دوای هەوڵی حەوت ساڵە، پەرلەمانی ئەردەن هەموارکردنەوەی مادەی ٧٢ی یاسای کار لە ساڵی ٢٠١٩ پەسەند کرد، سەحەر عەلول پێی وایە ئەم هەموارکردنە هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ مافەکانی ژنانی کرێکار.

جیاوازی مووچە لەسەر بنەمای جیاکاری ڕەگەزی

بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئه‌رده‌ن پێترا، ئامارەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن کە جیاوازی مووچە لەسەر بنەمای جیاوازی رەگەزی لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتیدا بە ڕێژەی ٢٧% وەستاوە.