ئەژین فوئاد: پێویستە ژنان ئەوەی لە مێشک و توانایاندایە بیکەن وهیچ شەرم نەکەن

ئەژین فوئاد، خاوەن پێداویستی تایبەت دەڵێت: پێویستە ژنان کاربکەن، چونکە لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە سودی لێدەبینن، بۆیە پێویستە ژنان شەرم نەکەن لەو حەز و خولیایانەی هەیانە و کار بکەن بۆ بەدیهێنانیان.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی- ژنان بەردەوام لە هەوڵی فێربووندان و دەیانەوێت توانا و بەهرەکانیان دەربخەن، بەهەمان شێوەش ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش هەوڵیانداوە بەربەستەکان بشکێنن، هەربۆیە بە هەوڵ و ماندووبونی خۆیان توانیویانە یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٧ دابمەزرێنن، کە بەگوێرەی ئاماری یەکێتی کەمئەندامان، لە هەرێمی کوردستان ٨٩ هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت موچەیان بۆ بڕاوەتەوە، هەروەها بە زۆرترین خاوەن پێداویستی تایبەتیش لە سنوری پارێزگای سلێمانین، پاشان هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە دێن.

 

''سەرەتا کە دەستمان پێکرد تەنها سێ ژن بووین و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەمان زیادیکرد''

ئەژین فوئاد، خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەندامی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد، وتی: ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٩٧ەوە هەیە و من لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە دەستم بەکارکردن کردووە تێیدا، هەروەها لە چەندین خولی کۆمپیتەر و خەت خۆشی و خەیاتی بەشداریم کردووە، ماوەی ٣ ساڵیشە ئەم خولانە دەکەینەوە بۆ ئەوەی ژنان بەشداری تێدا بکەن و سودی لێوەربگرن، سەرەتاش ٢٤ ژن بووین، بەڵام دوای هەڵسەنگاندنی کارەکانمان تەنها ١١ ژن ماینەوە، کە هەریەکەمان خاوەن دەست ڕەنگینییەکین، کە دووانمان تایبەتەن بە ئیشی سیرامیک، هەروەها  دووانی تریشمان تایبەتەن بە خەیاتی، هەندێک لە ژنەکانی تریش هەموو ئیشەکان دەکەن، وەکو کوێستان خان، کە هەموو ئیشێک دەکات و شێفیشە لە هەمان کاتدا.

 

ڕاشیگەیاند: چالاکییەکانی ئێمە زیاتر لە هاوکاریکردنی کەسانی  خاوەن پێداویستیی تایبەت خۆی دەبینێتەوە، هەروەها کۆمەڵێک خولی جیاواز دەکەینەوە و بە پێی توانا لە چالاکی و فێستیڤاڵەکاندا بەشداری دەکەین، هەروەها سەرەتا کە دەستمان پێکرد تەنها سێ ژن بووین و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەمان زیادیکرد، یەکەم سپۆنسەریش کە لە سەرەتایی کاردا هاوکاری کردین یەکێتی ژنان وکۆمپانیای ئاراز بوو.

 

''ماوەی سێ ساڵە سەرپەرشتی ١١ ژن دەکەم کە کاری دەستی دەکەن لەم رێکخراوەدا''

ئەژین فوئاد، خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەندامی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، وتی: ماوەی سێ ساڵە سەرپەرشتی ١١ ژن دەکەم کە کاری دەستی دەکەن لەم رێکخراوەدا، هەروەها ڕێکخراوەکە لە چەند بەشێک پێکهاتووە، وەکو بەشی سیرامیک، چنین، خەیاتی و ئێکسسوارات، هەروەها پێویستە ژنان کاربکەن، چونکە لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە سودی لێدەبینن، تەنانەت ئێمە ژنمان هەیە کە پێویستی بەم ئیشە نیە، بەڵام بەردەوام سەردانمان دەکات بە چارەسەرێکی سروشتی دەزانێت، بۆیە ئەم کارە لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە پێویستە و دەبێت ژنان   زیاترهەوڵ بدەن و کۆڵنەدەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: من لێرە کاری دەستی دەکەم و سەرپەرشتی ئەوانی دیکە دەکەم  و کاری بازارکردنی کاڵاکانیش هەرمن دەیکەم، پەیوەندییەکانیش من و هاجەرە خان ڕێکی دەخەین، هەروەها کۆمەڵێک ژنیشمان هەیە کە لە دوای بەشداری کردنیان لەگەڵماندا جگە لەوەی کە کارەکەی بەرەپێش چووە مامەڵەکردنیشی لەگەڵ کڕیارەکان باشتربووە، بۆیە ئێمە ئەو کەسانەمان هەڵبژاردووە کە خۆیان دەستڕەنگینن کە دەتوانن لێرە تواناکانیان باشتر بکەن، بە جۆرێک ساڵ لە دوایی ساڵ باشتر دەبن، بە جۆرێک دەتوانن بە تەنها بەبێ ئێمە بەشداری چالاکییەکان بکەن.

 

''پەیامی من بۆ ژنان ئەوەیە کە ئەوەی لە مێشک و توانایاندایە بیکەن''

ڕاشیگەیاند: لە پلانماندایە پرۆژەکانمان گەورەتربکەین، بۆئەوەی  بتوانین زیاترهاوکاری کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بکەین، بەتایبەتی لە کاتی خۆشی و ناخۆشیدا، هەروەها ببینە ڕەمزێکی جوان بۆ ڕێکخراوەکە و ئیشی ژنەکانیش بە وڵاتانی دیکە بناسێنین و بڵێین کە ئەوە ئیش و ماندویەتی ژنی کوردە کە زۆر دەستڕەنگینن، بۆنموونە لە چالاکی و فێستیڤاڵەکاندا بەس ئێمە ئیشی سیرامیک دادەنێێن لە سەر مێز و کۆشکەکاندا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا پەیامی خۆی بۆژنان ناردوو، وتی: پەیامی من بۆ ژنان ئەوەیە کە ئەوەی لە مێشک و توانایاندایە بیکەن وهیچ شەرم نەکەن، چونکە جگە لە لایەنی ماددی بۆ لایەنی دەروونیش زۆر سودی هەیە، هەروەها من حەز دەکەم زوو ئەو ڕۆژە بێت لە هەفتەکەدا کە دێینە ئێرە و لەگەڵ هاورێکانم یەک دەبینین و زۆر دڵخۆشین پێکەوە.