ئامینە مەحمود: تا بەروبوومى خۆماڵی مابێت بەرووبومى دەرەوە بەکارناهێنین

لە کەشێکى پایزانە و لە گوندی قاجری سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، خانویەکی لێیە و دوو ژنی ڕەنجکێش بە دەم خەندە و پێکەنینەوە پێشوازیان لێکردین و وتیان: سەرەتا وەرن چایەکى گەرم بخۆن و پاشان دەچین بامیە و تەماتەو بەروبوومى خۆماڵی دەچنینەوە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- ئامینە ژنیکی خەڵکی کەلارە و پاش هاوسەرگیریکردن دیتە سەیدسادق و لە گوندی قاجر بە هاوکاری هاوژینەکەی کێڵگەیەکى بەرهەمهێنانى گوڵەبەڕۆژە، بامیە و باینجان، گەنم و سەرجەم بەروبوومە خۆماڵییەکان بەرهەمدێنن، بە دەم کارکردنەوە ئامینە بۆمان دواو وتى: "من هەموو بەیانییەک لە سەیدسادقەوە دێمە گوندەکەمان و شان بەشانى هاوژینەکەم کار دەکەم زۆر حەزم لە کارکردنە".

پاشان ئاردی هێنا و بەدەم هەویرکردنەوە ئاماژەی بەوەدا کە ئاردی نانەکەش گەنمی خۆیان بووە و لە ئاش هاڕدراوە، "هەرگیز ئاردی ئێرانی و تورکی بەکارناهینین و خۆم کولێرە و ناوساجی پێدەکەم بۆ خۆم و دراوسێکانیشمان".

پاش تەواو کردنى شێلانی هەویرەکەی و بۆ ئەوەى جوان گەرم ببێت و هەڵبێت، دایە ئامینە وتی: هەتا هەویرەکە ئامادە دەبێت، دەچم گوڵەبەڕۆژە دادەتەکێنم بەهاوکاری هاوژینەکەم بۆ ئەوەى زوو نەجاتمان ببێت، باسی لە گوڵە بەڕۆژەکەشیان کرد و وتى: ئەمساڵ بەهۆی بێ بارانییەوە خۆمان ئاومان یاوە و بە بەرهەمهاتووە.

ژنان هەمیشە لە کاروباری ناو باخ و دەشت و کشتوکاڵدا کاردەکەن و هاوکاری خێزانەکانیشیان دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا نان دەکەن و خواردن بۆ خێزانەکەشیان ئامادە دەکەن، وەک دایە ئامینە و ژنانی دیکەش دەڵێن بەردەوام دەبن لە کاری کشتوکاڵ تاوەکو دووربن لە بەکارهێنانی کاڵای بێگانە.

 

ت.پ