ئابوری هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتەوە قۆرخکراوە
لاوازی سیستمی بەرێوەبردنی هەرێمی کوردستان ئابورییەکەی پەک خستووە، بە قۆرخکردنی داهاتی نەوت و سامانە سروشتییەکانیش تا دێت ژێرخانی ئابوری لاوازتر دەبێت، دەوڵەتانی دراوسێش بە ڕێگەی جیاواز کۆنتڕۆڵی بازارەکانی هەرێمیان کردووە، ئابوریناسێکیش دەڵێت کە ئاڕاستەی سیاسی لە هەرێم ئاڕاستەیەکی هەڵەی هەیە.
شنیار بایز
سلێمانی- لەگەڵ ئەوەی باشوری کوردستان خاوەنی سامانی سروشتی و خاکی بە پیتە بۆ کشتوکاڵ، بەڵام خەڵکەکەی بەدەست بێ موچەی و خراپترین دۆخی ئابوریدا تێدەپەڕن، هۆکارەکانیش خراپی بەڕێوەبردن، نەبوونی سیستمێکی گونجاو، ڕێگە خۆشکردنە بۆ دەستتێوەردانی دەوڵەتانی دراوسێ.
بازرگانیکردن بە نەوت لەلایەن چەند کەسێکی دەسەڵاتەوە ئابوری هەرێمی کوردستانی پەکخستووە، حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بۆ ماوەی چەندین ساڵ نەوتی هەرێمی کوردستان دەفرۆشن بێ ئەوەی بزانرێت داهاتەکەی بۆ کێیە و چی لێیەت.
بەپێی دوایین راپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت بۆ بەرهەمهێنان، لە كۆی هەناردەكردن و داهات و خەرجی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠، تەنیا ٪٣٠ داهاتەكەی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەتەوە.
دکتۆر ماردین محسوم، ئابوریناس و مامۆستای ئابوری لە زانکۆی سلێمانی، باس لە دۆخی ئابووری باشوری کوردستان دەکات، پێی وایە ئابووری هەرێم ناجێگیرە و شوێنکەوتەی دەوڵەتانی دیکەیە.
"هەرێمی کوردستان ناتوانێت بەرهەمی خۆماڵ ساغ بکاتەوە"
هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی خاوەنی بەرهەمی خاو و هەلی گونجاوە بە وەبەرهێنان، بەڵام هەرێمێکی بەکاربەرە، دکتۆر ماردین پێی وایە ئەو بەرهەمانەی لە ناوخۆی هەرێمدان سیستمێک نییە بۆ ئەوەی ساغ بکرێنەوە و سودیان لێوەربگیرێت: "دەتوانرێت لە ڕێگەی بەرهەمە خۆماڵیەکانەوە پیشەسازی خۆراکی پەرەی پێبدرێت، تا لە داهاتوودا حکومەت بتوانێت پێداویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە بەڵام بە هۆی نەبوونی ڕێکار و سیستمێکی ڕاست ناتوانرێت بەرهەمەکان ساغ بکرێنەوە".
هەرێمی کوردستان لەبەرئەوەی سیستمێکی بەڕێوەبردنی کارای نییە لایەنە حیزبییەکان بەڕێوەی دەبەن، بۆیە بەپێی بەرژەوەندی حیزبەکان کاری بازرگانی ئەنجام دەدرێت، کاتێکیش لەلایەن جوتیار و خاوەنکارەکانەوە هەوڵی بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی و بەرهەمە خۆماڵیەکان دەدرێت، ئەگەر دەستمایەیەکی حیزبەکانی تێدا نەبێت ڕیگری لێدەکرێت، دەستتێوەردانی دەوڵەتانی دراوسێش یەکێکی دیکەیە لە ڕێگرییەکان.
ماردین باس لەوەدەکات هاوردەکردنی کاڵا سود و زیانیشی هەیە، هاوردەکردن پێداویستی بازاڕەکان پڕ دەکاتەوە و ڕێگری دەکات لە بەرزبوونەوەی نرخ، لە بەرامبەردا زیان بە لایەنی ئابوری دەگەیەنێت و ناهێڵێت بەرهەمی ناوخۆ پێشبکەوێت، ئەمەش هەرێم دەکاتە بەکاربەری وڵاتانی دراوسێ، لەگەڵ ئەوەشدا پەرەدان بە بەرهەمی خۆماڵی سودمەندی یەکەم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبن، لەگەڵ پەرەپێدانی هەر بەرووبوومێکدا زەوی بەکاریەت، کە پێویستی بە دەستی کارە، دەتوانرێت لەو ڕێگەیەوە چەندین خێزان سودمەند بن ئەمە جگە لەلایەنە تەندروستییەکەی کە بەرهەمی ناوخۆ تەندروست ترە.
وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت دەوڵەتی تورکیا دەستی خستۆتە نێو ئابووری هەرێم
دەوڵەتانی دراوسێ و بە تایبەت دەوڵەتی تورکیا بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستوەردەداتە ئابوری هەرێمی کوردستان، ئەو دەوڵەتە لە ڕووی سیاسی، پەروەردە و کۆمەڵایەتیشەوە هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانج، دکتۆر ماردین لەسەر باشوری کوردستان دەڵێت: لە ساڵی ٢٠٠٣وە هەرێم بە تەواوەتی بووەتە شوێنکەوتەی دەوڵەتی تورکیا لە ڕووی سیاسیەوە، هەروەها چەندین دام و دەزگا هەن بە فکری دەوڵەتی تورکیا کاردەکەن، ڕاگەیاندن و دراما تورکییەکانیش کاریگەری کۆمەڵایەتیشیان دروستکردووە و نەوەی داهاتوو کاریگەر بە سیستمی دەوڵەتێکی دەرەکی وەک تورکیا پەروەردە دەکەن، ئەمانەش کوردبوون لە ناخی گەنجاندا کاڵ دەکاتەوە.
دکتۆر ماردین ئاماژە بەوەش دەکات، کە حکومەت دەیەوێت بیری نوێ بهێنێتە ناو هەرێمەوە بەڵام پێویستە لەسەر ئاستی یەک دەوڵەتی وەک تورکیا نەبێت، چونکە ئەمە فکرەیەکی سیاسی درێژخایەنی لەپشتە کە کورد ببێتە شوێنکەوتەی دەوڵەتی تورکیا.
"ڕێکەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوت ئاڕاستەیەکی سیاسی هەڵەیە"
فرۆشتنی نەوت لە وڵاتانی جیهاندا بۆ باشترکردنی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، ژنها دەپرسێت تا چەند ئاڕاستەی سیاسەتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم ڕاست و تەندروستە؟
دکتۆر ماردین لە وەڵامدا ئاماژەی بەوەدا: لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگەیەکی تری نییە بۆ ناردنی نەوت بۆ دەرەوەی هەرێمەکەی، بۆیە ڕێکەوتنی ٥٠ ساڵەی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا ئەنجام داوە، بەڵام بنەمای ڕێکەوتنەکە زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، بەوەی کە نەوت هەرزان فرۆش دەکرێت ئەمەش وادەکات کورد نەتوانێت سیاسەتی سەربەخۆی نەوتی هەبێت و دەوڵەتی تورکیا دەستی بەسەرداگرتووە.
دەشڵێت: ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوتدا دەست دەکەوێت لای هاوڵاتیان ڕوون نییە، کە نیشانەی پرسیار لەسەر سیاسەتمەدارانی کورد دروست دەکات، فرۆشتنی نەوت بە ڕێکەوتنی ٥٠ ساڵەی نێوان تورکیا و هەرێم بۆ مانەوەی حیزبە سیاسییەکانی ناو حکومەتی هەرێمە.
لە درێژەی قسەکانی دا دەڵێت: "ڕاستە پێویستە قەبارەی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان بپارێزرێت و فرۆشتنی نەوت کارتی هێزە بۆ گەل، بەڵام لێرەدا پێویستە باس لەوە بکرێت، فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە بۆ دەرەوەی عێراق داهاتەکەی بۆ گەل نییە، بۆیە دەگەین بەو بڕوایەی هەرێم سەرجەم نەوتەکەی خۆی ڕادەستی عێراق بکات باشترە وەک پێدانی بە دەوڵەتی تورکیا کە لەسەر ڕێکەوتنێک ئەنجامی دەدات کەس نازانێت داهاتەکەی چەندە و بە چ یاسا و بنەمایەک واژۆ کراوە.
"تورکیا دەیەوێت بەپێی قەڵەمڕەوی عوسمانییەکان کوردستان داگیربکات"
ئەو ئابوریناسە داهاتی نەوت بە مافی تاکی کورد دادەنێت، لە فرۆشتنی نەوتیشدا بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ مافی پێنج نەوەی داهاتوو لەناودەبرێت لە پێناو مانەوەی حیزبێکی سیاسی ناو دەسەڵاتدا، پێشی وایە فرۆشتنی نەوت بە تورکیا کاریگەری خراپی هەیە لەسەر تاکی کورد و سەربەخۆی کوردستان هەروەها کاریگەری لەسەر سەرچاوەی سروشتی و دارای هەیە، تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم ڕێکەوتنەوە بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی و ناوچە کوردییەکان داگیربکات، کەواتە تورکیا هەوڵ دەدات هەنگاو بە هەنگاو هەموو لایەنەکانی وەک ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی کوردستان بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
تا چەند بایکۆتی کاڵای تورکی، ئابووری هەرێمی کوردستانی بوژاندووەتەوە؟
دوو ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی ٢٠١٩ بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کورستان وەک پشتیوانی گەلی باشوری کوردستان کامپەینی بایکۆتکردنی کاڵای تورکییان ڕاگەیاند، ئەم بایکۆتە ڕێگەی خۆشکردن تا بەرهەمی ناوخۆ پەرەی پێبدرێت و خواست لەسەری بەرز بووەوە، بووە پاڵپشتییەک بۆ پیشەوەران و جوتیاران بەپێی توێژینەوەیەکی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بەشی ئابوری لە ماوەی ٤٥ ڕۆژ لێکۆڵینەوەدا دەرکەوتووە ( لە ماوەی چوار مانگدا ١٨ پیشەسازی خۆراکی بچوک بەرهەم هێنرا).
دکتۆر ماردین دەڵێت، بایکۆت کردنی کاڵا بیانییەکان و بە تایبەت کاڵای تورکی پێویستی بە بەردەوام بوونە، تا بتوانین پەرە بە لایەنە جیاجیاکانی هەرێم بدەین، نابێت تەنها لە کاتی بوونی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا بیرمان بکەوێتەوە کە پێویستە بایکۆت بکەین، بەڵکو دەبێت لە ناخی هەموو تاکێکی کورددا هەڵوێست بۆ بایکۆتکردن بوونی هەبێت.
چی بکرێت بۆ بوژاندنەوەی ئابووری هەرێم؟
دکتۆر ماردین ئابوریناس و مامۆستای بەشی ئابوری لە زانکۆی سلێمانی، گۆڕانکاری لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوت لەنێوان هەرێم و تورکیا بەگرنگ دەزانێت، بۆ ڕێگری کردن لە هاوردەکردنی کاڵای بیانیش ئاماژە بەوەدەکات کە پشتگیری بەرهەمی ناوخۆ بکرێت، دەشڵێت: گرنگە سود لە داهاتی خاڵە سنورییەکان وەربگرێت و باجی زیاتر لەسەر ئەو کاڵایانە دابنێت کە بەرهەمە ناوخۆکەی لە هەرێمدا بوونی هەیە، هەروەها حکومەت ڕێگە خۆشبکات بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت وەبەرهێنان بکەن لە ناوخۆی هەرێمدا، هەبوونی سیستمێکی تۆکمەش بۆ دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان بە چارەسەر دەزانێت.
ت.پ