تەواونەکردنی خوێندن نەیتوانی دایبڕێنێت لە کارکردن
نەرمین ئەو ژنەی بە هۆی کیمیابارانی هەڵەبجەوە نەیتوانی خوێندن تەواو بکات و بڕوانامە بەدەستبهێنت، بەڵام خولیای بۆ خوێندن وای لێدەکات لە بواری ژمێریاریدا لێهاتوو بێت.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- کیمیابارانی هەڵەبجە زۆر کەسی لە خوێندن دابڕی، هەندێکیان بەهۆی بەدەستنەهێنانی بڕوانامەوە نەیانتوانی بەردەوامی بدەن لەسەر گەیشتن بە ئامانجەکانیان، بەڵام نەرمین سەرەڕای دابڕانی لە خوێندن هەوڵی زۆریدا تا خۆی پێبگەیەنێت و بگاتە ئەو ئامانجەی کە هەیبووە.
نەرمین سادق حەمە کەریم فەرمانبەری بەشی ژمێریارییە، وەک خۆی باسی لێوە دەکات لە٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٣ەوە لەو فەرمانگەیە کاردەکات، ئەوەندەش لێهاتووە هەرکەسێک لە ڕووی ژمێریارییەوە کێشەیەکی هەبێت دەڵێن نەرمین خان بۆت چارەسەر دەکات.
نەرمین لە قسەکانیدا دەڵێت: "من دابڕابوون لە خوێندن و کارکردن بەهۆی کیمیابارانی هەڵەبجەوە ڕۆشتینە ئێران، سەرپەرشتیاری گەنجینەی سلێمانی ئاسۆ خان هاوکاری زۆرم بوو تابتوانم لە کارەکانم سەرکەوتوو بم، لە ٢٠٠٤یشەوە بەردەوام کاری ژمێریاری دەکەم"، ئاماژە بەوەش دەکات کە بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی دیکە زۆر هاوکاری دەکەن.
نەرمین بە گرنگی دەزانێت کە ژنان دەست بە کارکردن بکەن دەشڵێت: لە بواری ئیشکردنی ژنان لەناو فەرمانگە و دەرەوەی فەرمانگەدا ژنان ڕۆڵی زۆریان هەیە چونکە زیاتر گرنگی دەدەن بە کارەکان.
نەرمین ساڵی ١٩٨٨ و لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا خوێندکاری قۆناغی دووەمی خانەی مامۆستایانی سلێمانی بووە، بەهۆی کیمیابارانەوە ٢٢ کەسی خانەوادەی گیانیان لەدەستداوە، بەو هۆیەوە وازی لە خوێندن هێناوە بەڵام پێی وایە هەرگیز بڕوانامە پێوەر نەبووە و توانیویەتی لەو کارەی خولیای بووە سەرکەوتوو بێت.
نەرمین ئیستا بەڕێوەبەری ژمێریارییە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای هەڵەبجە و بە یەکێک لە ژمێریارە نمونەییەکانی هەڵەبجە دادەنرێت.
ت.پ