سوتەمەنی، سەرچاوەی نەفرەتی یان پێویستی هاوڵاتی

گرانی نرخی کاڵا و شتومەکەکان بارگرانی بۆ سەرشانی هاوڵاتیان دروستکردووە، هاوڵاتیان توانای دابینکردنی پێداویستییەکانیان نییە، شارەزایەکی ئابوریش دەڵێت ناسەقامگیری ئابوری هەیە، هیچ هیوایەکیش بۆ چارەسەر نییە، نەوت بووەتە نەفرەتی سەرچاوە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- دوای ٣٠ ساڵ حکومڕانی، خەمی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە خۆی لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان دەبینێتەوە، هەرچەندە هاوڵاتیان بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانیان چوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام وەک دیارە ئەوەش دادی کێشەکانیانن نەداوە.

 

بەهای دینار بەرامبەر دۆلار نزمە، بەهۆی ئەوەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش وڵاتێکی هاوردەکارن بۆیە زۆرینەی کاڵاکان بە دۆلار هاوردە دەکرێن، ئەمەش وایە نرخی سەرجەم کاڵا و شتوومەکەکان بەرزبوونەتەوە.

 

ئارد لە مانگی ئابدا نرخی زیادی کرد، تا ئێستاش چارەسەرێکی ئەوتۆی بۆ جێبەجێنەکراوە، لە تازەترین گرانیشدا نرخی سوتەمەنی زیادی کردووە، نرخی بەرمیلێک نەوت لە ١٥٠ هەزار دینار نزیک بووەتەوە، نرخی بەنزینی نۆرماڵیش زیاتر لە ٩٠٠ دینارە.

 

هێشتا مۆری پەنجەکانیان کاڵ نەبووەتەوە

کۆی گرانبوونی نرخی ئەم شتومەکانە، کە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی هاوڵاتیانن، بارگرانییان خستووەتە سەر شانی هاوڵاتیان، وەک باسی دەکەن ژیان تا دێت خراپتر دەبێت و خۆیان داوەتە دەست قەزاوقەدەر، ئەمەش سەرباری ئەوەی هاوڵاتیان مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا وەرناگرن و هیچ هەلیکارێکیش بۆ گەنجەکان بەردەست نییە.

 

کەژاڵ محەمەد، ژنێکی تەمەنی٦٠ ساڵە، ڕەخنەی ئەوە دەگرێت کە هێشتا مۆری پەنجەکانیان بۆ دەنگدان کاڵ نەبووەتەوە، بەڵام نرخی کاڵاکان هێندە گران بوون، کە بەشێکی هاوڵاتیان توانای کڕینی پێداویستییەکانیان نییە، حکومەتیش هیچ گرنگیەک بە کێشەی هاوڵاتیان نادات "حکومەت مێش میوانی نییە"، هاوکات بە پێویستی دەزانێت سەرجەم هاوڵاتیان و ژنانیش بێنە سەر شەقامەکان و داوای مافی خۆیان بکەن.

 

هەوار ڕەحیم، تەمەنی ٣٥ ساڵە، باس لە نرخی سەوزەوات، جلوبەرگ و سوتەمەنی دەکات کە تا دێت بەرەو گرانتر دەڕوات، هیچ چاوەڕوانییەکی بۆ دابەزینی نرخی کاڵاکانیش نییە، دەڵێت "دەبێت چاوەڕێ بکەین، هیچ هیوایەک نییە، ئێرە وڵاتی قەزاوقەدەرە، ناچاریە ژیانکرد و بەڕێی دەکەین، دەڵین باشین بەڵام لە ڕاستییە نەخێر".

 

سارا محەمەد، ژنێکی گەنجی ٢١ ساڵە، باس لەوەدەکات کە گران بوونی نرخی پێداویستییەکان کاریگەری کردووەتە سەر ژیانی هەموو هاوڵاتیان، پێویستە حکومەت چارەسەری کێشەی گرانی بکات، چونکە هەمووی لە دەسەڵاتی حکومەتدایە، دەبێت بیر لە هاوڵاتیان بکاتەوە.

ناسەقامگیری ئابوری

گرانی پێداویستییەکان، نزمی بەهای دراوی نیشتیمانی، نەبوونی هەلی کار، دابەشنەکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا و نەبوونی فرە سەرچاوەیی داهات بە سەرەکیترین هۆکاری ناسەقامگیری ئابوری دادەنرێت، وەک مامۆستایەکی ئابوریش باسی دەکات، ئابووری ئەم هەرێمە بووەتە قوربانی سیاسەت.

 

هاوناز عومەر، مامۆستای بەشی ئابوری کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری لە زانکۆی سلێمانی، باس لەوە دەکات کە گرانبوونی ئاستی گشتی کاڵاکان ناسەقامگیری دروست دەکات، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر دۆخی ئابوری و دەروونی هاوڵاتیان هەیە.

 

وەک شارەزا و مامۆستایەکی زانکۆ، ئەوە دەخاتە ڕوو کە لە ئابووریدا هاوسەنگی و نا هاوسەنگی هەیە، لە هەرێمی کوردستان بەهۆی گران بوونی کاڵا، فرە سەرچاوە نەبوونی داهاتەکان، وڵاتێکی هاوردەکار، نزمی دراوی نیشتیمانی و ڕێژەی هەڵئاوسان ناهاوسەنگی و ناسەقامگیری دروستکردووە.

 

"سەبەبی هەرە سەرەکی لە ناسەقامگیری خۆی دەبینێتەوە لە کێشە سەرەکییەکە، کە ئابوری عێراق یەک سەرچاوەیە، ئێمە  ٪٩٥ بۆ ٩٩ هەمووی هاناردەکانی عێراق بۆ دەرەوە تەنها نەوتە، کێشەکەش لێرەدا لەوەیە کە کەرتی نەوت بە تەنها لە سەدا یەک بۆ دوو هەلیکاری بۆ هاوڵاتیان دابینکردووە، چونکە کەرتی نەوت دابڕاوە لە کەرتەکانی دیکە، لە دەستی بیانیەکاندایە".

 

نەوت،نەفرەتی سەرچاوە

هاوناز ئەوەش دەخاتەڕوو، کە دابین نەکردنی هەلی کار و بوونی دەستێکی زۆری کار وا دەکات کرێی دەستی کار زیاتر کەم بکات، بۆیە تاک پەلەقاژەی دەرچوون دەکات، نەوتیش بە "نەعلەتی سەرچاوە" ناو دەبات، کە بوونی نەوت کێشەی دروستکردووە لەبری ئەوەی ببێتە مایەیی خۆشگوزارانی ژیانی هاوڵاتیانی وێران کردووە، زۆرینەی ئەو وڵاتانەی خاوەنی نەوتن لە گەندەڵیەوە تێوەدەگلێن، چونکە داهاتێکی زۆر و زەبەلاح بە ئاسانی دێتە دەست و بە ئاسانیش دەشاردرێتەوە.

 

هۆکاری گەندەڵی لە کەرتی نەوت و سوود نەبینین لەم کەرتە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە کەرتی نەوت کەوتووەتە دەستی گروپە میلیشیاکان، "بەم جۆرەی ئێستاش هەیە نە عێراق و نە هەرێمی کوردستانیش ئومێدی چارەسەرکردنی نییە، تا ئێمە ڕۆحییەتێکمان نەبێت بۆ کێشەکانمان چارەسەر نابن".

 

چارەسەرکانیش لە گێڕانەوەی داهاتی نەوتی بۆ حکومەت، فرە سەرچاوە کردنی داهاتەکان، گرنگیدان بە کەرتی تایبەت، پەرەپێدان بە بەرهەمی ناوخۆی و پەرەپێدانی بانکەکان دەبینێت.

 

ت.پ