قەیرانە ئابوورییەکان و پەرەسەندنی بەرپرسیارێتییەکان لە ناو خێزاندا باری قورس لەسەر شانی ژنان زیاد دەکات

قەیرانە ئابوورییە پەرەسەندوەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ژنان دەخەنە ژێر باری قبووڵکردنی ڕۆڵی زیاتر لە ناو خێزاندا، لە کاتێکدا پێکهاتەی خێزان خەریکە دەگۆڕێت و بەرپرسیارێتییەکانی ژن لە نێوان کارکردن، بەخێوکردن و چاودێریدا فراوانتر دەبن.

جوان شەریف زادە

 

بۆکان ـ پێکهاتەی خێزان و دابەشکردنی بەرپرسیارێتییە خێزانییەکان لە ئێراندا، وەک زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی جیهان، گۆڕانکارییەکی خێرای کۆمەڵایەتی و ئابووری بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە لە دۆخی ئێراندا ڕێڕەوێکی ئاڵۆزتر وەرگرتووە و ڕاستەخۆ کاریگەری لەسەر دۆخی ژنان و ڕۆڵیان لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا هەبووە.

 

قەیرانە ئابوورییە قووڵەکان، لە سەرووی هەمووشیانەوە هەڵاوسان، دابەزینی هێزی کڕین، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و فراوانبوونی بێئەمنی کاری، ژمارەیەکی زیادی لە ژنانی ناچار کردووە کە بەرپرسیارێتی بەخێوکردنی خێزانەکانیان لە ئەستۆ بگرن، بە بەشێکی یان بە تەواویتی، ئیتر ڕۆڵی ژن تەنها لە بەڕێوەبردنی کاروباری ماڵ و چاودێریکردنی خێزاندا کورت نەبووەتەوە، کە ئەمەش ئەو ڕۆڵانەن کە هەمیشە وەک بەرپرسیارێتی بێبەرامبەر سەیر کراون و دانیان بەوەدا نەدراوە کە کارێکی ئابووریین.

 

چیرۆکی خەدیجە. ئ، تەمەن ٥٥ ساڵ، ئەم ڕاستییە بە ڕوونی دەردەخات، سەرەڕای ئەوەی ژنی ماڵەوەیە، لە دوکانێکی فرۆشتنی پێڵاودا کار دەکات و کاری چنینی ماڵەوەش دەکات بۆ دابینکردنی داهاتێکی زیاتر بۆ خێزانەکەی، وتی: هاوژینەکەم هەندێک جار لە کارە دەستییەکاندا کار دەکات، بەڵام کارێکی نەگۆڕی نییە، داهاتەکەی منیش بەشێکی زۆری بژێوی خێزانەکە دابین دەکات.

 

پێشبینییەکان دەریدەخەن کە زیاتر لە شەش ملیۆن ژن لە ئێراندا بە فەرمی وەک بەخێوکەری خێزانەکانیان دەناسێنرێن، بەڵام ئەم ژمارەیە بە مەرجێک نییە کە قەبارەی ڕاستەقینەی ئەم دیاردەیە نیشان بدات، چونکە هۆکاری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و یاسایی تێکەڵ دەبن لە دیاریکردنیدا، لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆرێک لە ژنان لە ڕاستیدا بارگرانییە دارایی و خێزانییە گەورەکان هەڵدەگرن بێ ئەوەی بە فەرمی وەک بەخێوکەری سەرەکی خێزانەکانیان تۆمار کرابن.

 

بەخێوکردنی شاراوە و کاری دووهێندە

گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لە دابەشکردنی کاردا و گواستنەوە لە ڕۆڵی نەریتی ژنەوە لە کاتێکدا دێن کە هێشتا پێکهاتە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەما پیاوسالارییەکان ماونەتەوە، لەگەڵ توندبوونەوەی فشارە ئابوورییەکان دۆخی ژنانیش بە خێراییەکی زیاتر دەگۆڕێت، چونکە ژنانی زۆر هەن کە لەسەر کاغەز بە بەخێوکەری خێزانەکانیان هەژمار ناکرێن، هیچ پشتگیرییەکیان پێناگات.

کازیوە نەعیمی (ناوی خوازراو)، کۆمەڵناس و چالاکوانی مافەکانی ژنان، لە شیکردنەوەیدا بۆ ئەم بارودۆخانە وتی: لەو کاتەدا کە پێناسەی ڕۆڵی ژن گۆڕانکاری و وەرچەرخان لەسەر زەوی بەخۆیەوە دەبینێت، هێشتا ئەندامەکانی تری خێزان چاوەڕوانی ئەوە لە ژنان دەکەن کە پابەند بن بە ڕۆڵە نەریتییەکانەوە، هەروەها پێکهاتەکانیش نادادپەروەرن و ژنان کاری دووهێندە ئەنجام دەدەن.

 

لە سایەی قەیرانی ئابووری ئێستادا، ڕێژەیەکی بەرچاو لەو ژنانەی کە لەم دواییانەدا چونەتە ناو بازاڕی کارەوە، بریتین لەو ژنانەی کە لە ڕابردوودا ڕێگەیان پێ نەدرابوو کار بکەن یان بخوێنن، لەوانەیە هەلی بەدەستهێنانی خوێندنی گونجاویان بۆ نەڕەخسابێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کردەیی تواناکانیان بخەنە گەڕ و سوودیان لێوەربگرن وەک ئەوەی لێدواندەرەکەمان باسی دەکات.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە بازاڕێکی کاری فەرمی نییە، موچەی کەم، نەبوونی بیمە، نەبوونی ئاسایشی کاری و شتی تریش، لە کاتێکدا بەرپرسیارێتییە خێزانییەکان لە جێگەی خۆیاندا دەمێننەوە، ئەم بارودۆخە بۆ ئەو ژنانەی کە بەخێوکەری خێزانن و ئەوانەی تەنها دەژین دەبێتە دۆخێکی زۆر توندتر، چونکە لێرەدا داهاتی ژن ئیتر تەنها داهاتێکی تەواوکەر نییە بۆ داهاتی خێزان، بەڵکو دەکرێت تاکە سەرچاوەی بژێوی خێزانەکە بێت بۆ خودی ژنەکەش.

 

لەوانەیە خێزانێک هەبن وەک کازیوە نەعیمی باسی دەکات، کە پیاوەکە هێشتا وەک بەخێوکەری دارایی سەرەکی سەیر بکرێت، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا ژنەکە و کارەکەیەتی کە بژێوی خێزانەکە دابین دەکەن وتی: بە گشتی، ژن لەم پێکهاتەیەدا تەنهایە و پشتگیری کەمتری دەست دەکەوێت بەراورد بە پیاو، ئەم ئاراستەیە لە سایەی بارودۆخی ئابووری ئێستادا بە خێرایی لە پەرەسەندندایە.

 

ئاڕاستەی بەردەوام بۆ گۆڕانکاری لە شێوەکانی خێزاندا

شێوازی باڵادەستی خێزان کە بەزۆری پێکهاتبوو لە باوک و دایک و منداڵێک کە پێکەوە دەژین، دەستی بە گۆڕانکاری کرد، لەم گۆڕانکارییەدا، کە ئامارەکان لە ساڵانی ڕابردوودا ئاماژە بەوە دەکەن، تا ڕادەیەکی زۆر بەهۆی نەبوونی هاوسەرگیری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە، کێشە ئابوورییەکان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.

 

(هانیە. م)، تەمەن ٢٨ ساڵ و بەخێوکەری تەنهای کچەکەی، ماوەی چوار مانگە بە تەنها و بێ پشتگیری هیچ کەس یان دامەزراوەیەک دەژیت، وتی: هاوژینەکەی ئیتر ناتوانێت کاروباری ژیان بەڕێوە ببات، کاری گونجاوی نەبوو، ئیتر نەماندەتوانى تەنانەت کرێی خانووەکەش بدەین، ئەویش وەک پیاو ڕێگری لە من دەکرد کە کار بکەم، دایکم هەندێک جار پێداویستییەکانی بژێوی بۆ دابین دەکردین، کاتێک فشارە داراییەکان زیاد بوون، ئامادە نەبوو هیچ بەرپرسیارێتییەک هەڵگرێت.

 

دوای جیابوونەوە داوای لە هاوژینەکەی کرد، کە کچەکەیان بۆ ماوەی ساڵێک بهێڵێتەوە تا ئەو کاتەی دەتوانێت خانوویەک بەکرێ بگرێت و کارێک دەستەبەر بکات، بەڵام ئەو پێی وت دەبێت منداڵەکە ڕادەستی دامەزراوەی چاودێری کۆمەڵایەتی بکات، (هانیە. م) سەرپەرشتی کچەکەی بە مارەییەکەی گۆڕیەوە، ئێستاش لە ڕێگەی کارەکانی لە کلینیکێکی پزیشکیدا بە سەختی دەژی.

(ئیلهە. س)، پەرستارێکی تەمەن ٢٩ ساڵ، ژنێکی ترە کە پێکهێنانی خێزان بە شتێکی مەحاڵ دەبینێت سەرەڕای ئەوەی ئارەزووی دەکات، پێی باشتر بووە بە تەنها بژی "تێچووی ژیان بۆ دوو کەس، بێجگە لە خەرجییەکانی هاوسەرگیری، زۆر بەرزە، بۆیە ئێستا لە بەشەێکیناوخۆیدا لە شارێکی تر دەژیم و لە نەخۆشخانەیەکدا کار دەکەم، ژیان لە هەموو کاتێک قورستر بووە، بەڵام هاوسەرگیری بە دڵنیاییەوە قورستری دەکات.

 

ڕوونیکردەوە، کە ڕاستە ناتوانم لە ماڵی باوکم بژیم وەک ئەوەی لە ڕابردوودا دەژیام، بەڵام هەمووان بەو چاوە سەیرم دەکەن، نەک وەک کەسێکی سەربەخۆ، بەڵکو وەک بەشێکی سەر بەو خێزانە.

 

ئامینە. و، فەرمانبەرێکی خانەنشینکراوی تەمەن ٦٨ ساڵە، هەروەها لە ژیانیدا ڕووبەڕووی قەیرانی نوێ دەبێتەوە، جەختی لەوە کردەوە، کە  سێ ساڵ لەمەوبەر هاوژینەکەم کۆچی دوایی کردووە، نزیکەی ساڵێکە لەبری کوڕە پەنابەرەکەم لە یۆنان چاودێری منداڵەکەی دەکەم، دایکی منداڵەکەش هاوسەرگیری کردووە و بارودۆخ و توانای چاودێریکردنی نییە، منداڵەکە لەسەر کاغەز، لەژێر دەستی باوکیدایە، بەڵام من لە خانەنشینییەکەمەوە چاودێریی دەکەم.

 

هێشتا ژمارەی ئەو ژنانەی کە وەک ئەو بەرپرسیارێتی چاودێریکردنی منداڵان لەم قۆناغە تەمەنییەدا هەڵدەگرن لە پەرەسەندندایە.

ژن لە گەمارۆی نادادپەروەریدا

ئەوەی ئەمڕۆ لە ناو پێکهاتەی خێزانی ئێرانیدا دروست دەبێت دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ گۆڕانکاری قوڵتر لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەم گۆڕانکارییانەش دەموچاوێکی تری کێشە ئابوورییەکان دەردەخەن، لەگەڵ ئەوەشدا، گۆڕانکاری لە بارودۆخی کۆمەڵایەتیدا بە مەرجێک نییە کە بە واتای گۆڕانکاری بێت لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتدا.

 

ئەم جیاوازییە لەوانەیە یەکێک بێت لە گرنگترین کێشەکانی داهاتووی خێزان لە ئێراندا سەبارەت بە ژنان، کۆمەڵگە چاوەڕوانی بەشداری گەورەتری ژنان دەکات لە بوارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵام هێشتا دانی بە هەموو پێویستەکاندا نەناوە بۆ ئەم بەشدارییە.

 

لە وەها بارودۆخێکدا، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، پێش ئەوەی ببنە هۆی زیادبوونی سەربەخۆیی ژنان و هەڵبژاردنەکانیان، دەکرێت تەنها ببنە هۆی زیادبوونی بارگرانییەکان لەسەر شانیان، یان چارەنووسی ژنان زیاتر لەوانی تر بکەنە ژێر کاریگەرییەوە.