لە زەحمەتی ئازارەوە بەرەو لوتکەی سەرکەوتن؛ چیرۆکی پەرێز ئازاد

پەرێز ئازاد، ئەو ژنەی لەبەر منداڵەکانی دەستیکرد بە کارکردن تا بژێوی ژیانیان بۆ پەیدا بکات دەلێت: دەبێت بیرو باوەڕمان بەهێز بێت، نابێت تواناکانى ژنان شاراوە بێت.

شلێر کۆیی

 

کۆیە- لەنێو جەنجاڵی و سەختییەکانی ژیاندا، هەمیشە چیرۆک گەلێک هەن کە پێمان دەڵێن "کەوتن کۆتایی ڕێگاکە نییە، بەڵکو دەستپێکی هەستانەوەیەکی بەهێزترە" یەکێک لەم نموونە درەوشاوە و هێما سەرنجڕاکێشانەی ژنی کورد لە شاری کۆیە، ژنی کۆڵنەدەر، پەرێز ئازاد ناسراو بە "دایکی پەیڤین و داریا" بڕیار دەدات نەکەوێت؛ خۆی کۆدەکاتەوە و وەک دایک قۆڵی لێهەڵدەکات بۆ ئەوەی بە ئارەقەی نێوچەوانی، بژێوی و پاشەڕۆژی دوو منداڵەکەی دابین بکات.

 

پەرێز ئازاد، تەنها وەک دایکێک نەمایەوە، بەڵکو بەهرە و تواناکانی خۆی گۆڕی بۆ هێزێکی بەرهەمهێنەر، ئەو بە تەنیا سپۆنسەری و بەڕێوەبردنی ماڵەکەی نەکرد، بەڵکو بووە نموونەی ژنێکی فرەبەهرە و سەرکەوتوو لە چەندین کایەی جیاوازدا، پەرێز ئازاد، دانیشتوى شارى کۆیەیە, سەبارەت بەکارەکانى رۆژانە دوکانێک بەڕێوەدەبات وکارى فێرکارى دەکات لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، هاوکات بەتەنها دوومنداڵ و ماڵى بەڕێوەدەبات، پەرێز هەرکە هاوژینەکەی لە ژیان نامێنێت خۆى کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەى پشت بەخۆى ببەستێت ودەست بەکارکردن دەکات.

 

پەرێز ئازاد قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: خاوەن دوومنداڵم وبەدایکى پەیڤین ناسراوم، چونکە رۆژانە وەک دایک و باوک کاردەکەم ولەسەرپێى خۆم وەستاوم، بژێوی ژیانمان دابین دەکەم، یەکەم کارم لە ساڵى ٢٠٢١ بوو کە لەمارکێتێک بانگێشت کرام برنج لێبنێم بۆ تاقیکردنەوەو ریکلام، لەوەوە پەیجەکەم زیاتر ناسراو بەناوبانگ بووم لەو سنوورە، کارەکانم هەمەجۆرن، دوکان ولە ماڵەوەش کارى فێرکارى خواردن درووستکردن دەکەم بەتایبەت خواردنى کوردەوارى، بەلاى من نابێ تەنیا خواردنى ناوچەکەى خۆت بزانى بۆیە من خواردنى شارەکان و ناوچەکانى دیکەش دەزانم، چێشتلێنەر دەبێت شارەزایی هەبێت لەسەر خواردنە جیاوازەکان، جگە لە چێشتلێنان  شت وشک دەکەمەوە بەتایبەت تەماتە داواکارى زۆرى لەسەرە، تەنانەت بۆ دەرەوەى وڵاتیش داواى شتى وشک کراوە دەکەن.

 

هەموو هەورازێک نشێویەکى تێدایە ودایکى پەیڤین ئەو هەورازەى بڕیوە

دایکى پەیڤین وتیشی: بەهێزى من لەوە دایە کە زۆر ئازارو مەینەتم چەشتووە چونکە هەرکات مرۆڤ کەوت هەستانەوەیەکى تێدایە منیش وابووم کەوتمە هەورازێکى زۆر قورس، بەڵام توانیم بیبڕم وردە وردە هاتمە لێژایی ژیان، لەگەڵ ئەوانەشدا دایکم زۆر پالپشتم بوو باوکم و خوشک و براکانم هانیان دام لەسەر پێى خۆم بوەستم.

 

پەرێز بۆتە سینبول بۆژنانى دیکە

پەرێز ئازاد وتیشی: رۆژانە چەندین نامەم بۆدێت دەڵێن چۆن دەست پێبکەین چۆن لەسەر پێى خۆمان بوەستین، من هاوکاریانم تا بتوانن دەستتێبکەن. منیش رێنمایانم کردووە کە بە ئارەقەى نێوچەوانى خۆیان خۆیان پێبگەیەنن و پێیان دەڵێم بە کۆمێنتى نەشیاو ورەتان دانەبەزێت، دەبێت هەوڵدەن چونکە زۆرکەس کۆمێنتت بۆ دەکات تا ساردبیەوە تا کارەکەت سەرکەوتونەبێت ئەوە کارێکی ناشیرنە هیوادارم نەمێنێت، هیوادارم پالپشتى یەکبین و یەک نەشکێنین.

 

لەکۆتایی قسەکانیدا پەڕێز ئازاد وتی: پێویست ناکات لەکاردا بترسین کە بەرەو پیش رۆشتن ئاوڕ لە دواوە مەدەنەوە، هەرکەس خۆى ئازابێت پێویست ناکات کۆمێنتى کەسانێک کاریگەرى هەبێت لەسەرى، بۆیە وادەڵێم خۆم زۆر کۆمێنتى نەشیاوم بۆهاتوقە لەلایەن کەسانێک کەمن ناناسن، بەڵام ئەوەى من بناسێت دەزانێت من وانیم، بۆیە نابێت لە بەردەم کامیڕا بترسین، دەبێت بیرو باوەڕمان بەهێز بێت، نابێت تواناکانى ژنان شاراوە بێت، بابێنە دەرەوە وەک ئێمە کاربکەن.