لە سەنگەسەر ژنان لە فێستیڤاڵێکدا بەرهەمەکانیان بەبازاڕ کرد

لە شارەدێی سەنگەسەر دەڤەری پشدەر فێستیڤاڵێک بۆ ژنانی دەستڕەنگین و خاوەن کار ڕێکخرا بوو بۆ ئەوەی ژنان کارەکانی خۆیان بە بازاڕ بکەن و بژێوی ژیانی خۆیانی پێ دابین بکەن.

دیڤان سیهاد

 

 سەنگەسەر- دوێنێ ٢٠ی ئایار، فێستیڤاڵێک بۆ ژنان لە شارەدێی سەنگەسەر دەڤەری پشدەر لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری ڕاپەڕین و بە بەشداری دامەزراوەی کەریمی عەلەکە بۆ ژنانی قەڵادزێ و سەنگەسەر و ڕانیە ڕێکخرا، کە ئامانج لێی خستنەڕوو بەبازاڕکردنی کارە دەستییەکانیان بوو.

 

نزار محەمەد، ڕێکخەری فێستیڤاڵەکە وتی: هەروەک دەبینن لە فێستیڤاڵی یەکەمین بەهاری ناودەشت کە ڕێکخراوە لە ناوچەی سەنگەسەر کە ئەویش بە ڕێکخستنی چەندین ناوەند، گروپی پەری بەشدارن و هەروەها خانەی کەلەپوری قەڵادزێ بەشدارە، ئەسپ سواری و چەندین چالاکی تری وەک موزیک و کارە هونەریەکان و شێوەکاری ئەنجام دەدرێت، هەموومان لێرەدا کۆبوینەتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەم فێستیڤاڵە ناوازە و جوانە، ئەوەی کە جێی سەرنجە ئەوەیە کە زۆربەی زۆری بەشداربووان ژنن، واتا ئەو ژنانەی کە لە ماڵەوە کاری دەستی دەکەن جا چ بە خواردن بێت چ بە ئیشی دەستی بێت کە لەبواری کولتووری و فەرهەنگی کوردەواری دابێت، لێرە دەستیان پێکردوە و هاتوون بۆ بە بازاڕ کردنی، گرنگیەکی زۆر زۆری هەیە ئەم فێستیڤاڵە بۆ ناوچەکانی ئێمە بە تایبەتی چەند ناوەندێکی بگۆڕ یەک بگرن بۆ ئەنجامدانی ئەم فێستیڤاڵانە بۆ ئەوەی ژنان و گەنجان بتوانن کارەکانی خۆیان لێرەدا ساغ بکەنەوە.

 

شەهلا محەمەد، خاوەن کار وتی: بەشداریم کردووە لە گروپی ژنان وکەلانەو کولێرە بە پەنیر دەکەم، کولێرە بە شەکرمان هەیە بەو شتانە بەشداری دەکەم، با ژنان بێن شت دروست بکەن گروپەکە زیاد بێت، زوو زوو ئەو فێستیڤاڵانە بکرێتەوە ئینشاڵا ڕزقی ئێمەو هەموویان دەدا.

 

عایشە محەمەد ئەمین، خاوەن کار وتی: دەستخۆشیان لێ دەکەم پێویستە ئەو چالاکیانە زوو زوو بکرێت، ئەو فیستیڤاڵ و هەفتە بازاڕانە بۆ بژێوی ژیان هەم بۆ ئەو ژنە دەستڕەنگینانەی، کە لەماڵەوەن بتوانن بێنە دەرێ ئەو کارە جوانانەی دەیزانن بیکەن و بەبازاڕی بکەن، بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن.

 

ساکار تەها، خاوەنکار وتی: لە قەڵادزێوە هاتووم بەشداریم کردووە لەو فێستیڤاڵە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هونەری ڕاپەڕین سازیان کردووە، ئێمە وەکو گروپی پەری بەشدارین لە سەنگەسەر وتی: وەکو خۆم بە کاری دەستی و خواردن بەشداریم کردووە ئەو فێستیڤاڵانە زۆر شتێکی باشە بۆ ئەوەی ئێمە بێینە دەرێ و شتەکانی خۆمانی تێدا نمایش بکەین، ئێمە هیچ شوێنێکمان نییە ئیشەکانی خۆمانی تێدا نمایش بکەین ئەگەر ئەو فیستیڤاڵانە بکرێت ئێمە دەتوانین لەم فیستیڤاڵانە بەشدار بین وەکو گروپ، هیوام وایە ژنانیش وەک ئێمە بێن و ئیشەکانی خۆیان بە بازاڕی بکەن.

 

 فاتمە عەلی، خاوەن کار دانیشتووی ژاراوە وتی: بەشداریم کردووە لەم فێستیڤاڵە بە کاری دەستی و بەرهەمی خۆماڵی و ئەو شتانە، دەستخۆشی لەو ئافرەتانە دەکەم هەستی خۆیان دەخەنە گەڕوو ئەو شتانەی کە دەیزانن دەیهێننە ڕوو خۆیان زیندانی نەکەن، دانیشتن هیچی لێ پەیدا نابێت، هەم سودێکیشی هەیە بۆ دەوور و بەرو بۆ خۆمان هیوادارم ژنەکان زیاتر بن.