لە بەرهەمی وەرزییەوە بۆ پڕۆژەیەکی بچووک
لە گوندی «ئەلعەونا»ی پارێزگای ئەسیوەت، ژنان بە دامەزراندنی یەکەیەکی بەرهەمهێنانی هەنار و دروستکردنی بەرهەمی جۆراوجۆر، ڕێگای بەشدارییان لە چالاکییە ئابوورییەکان خۆش کردووە و بە هەوڵ و کارکردن، توانیویانە بەربەستەکانی کاری وەرزی تێپەڕێنن.
ئییمان سمیر عەلی
میسر – لە گوندی ئەلعەونا، لە پارێزگای ئەسیوەتی میسر، هەنار کە پێشتر بەرهەمێکی کشتوکاڵی وەرزی بوو، بەهۆی یەکەیەکی بەرهەمهێنانی بەرهەمی جۆراوجۆرەوە، بووەتە سەرچاوەی داهات و دەرفەتی کار بۆ ژنان. ئەمەش ئاسۆی نوێی بۆ بەشداریی ئابووری و باشترکردنی بارودۆخی ژیان کردووەتەوە.
ئیلهام ئەحمەد، کە لە یەکەی بەرهەمهێنانەکەدا کار دەکات، دەڵێت ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە بە بەکارهێنانی هەنار، بەرهەمی جۆراوجۆر بەرهەمبهێنرێت. بەرهەمەکانی وەک پارچەهەنار، ڕۆنی هەنار کە لە پەڕۆکی هەنارەوە بەرهەم دەهێنرێت، بەرهەمەکانی دیکەی کشتوکاڵی، کەلوپەلی جوانکاریی دروستکراو لە پەڕۆکی هەنار، هەروەها میوە و سەوزەی وشککراو، نرخ و گرنگیی هەناری ئەو ناوچەیە زیاد دەکەن کە بە هەنارەکەی ناسراوە.
«پلانمان ئەوەیە لە تەواوی وەرزەکانی ساڵدا کار بکەین»
بەپێی ڕوونکردنەوەکان، کار لە یەکەی بەرهەمهێنانەکەدا بە جیاکردنەوەی هەناری باش لەو هەنارانەی گونجاو نین، دەست پێ دەکات. پاشان هەنارەکان دەشۆردرێن، دەبڕدرێن و بەپێی جۆری بەرهەمی داواکراو جیا دەکرێنەوە. بۆ بەرهەمهێنانی هەناری هەڵبژێردراو، تۆوەکانی لە کیسەدا پاکەت دەکرێن بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی کۆمپانیاکان؛ بەڵام دۆشی هەنار لە قازاندا دەخرێتە سەر ئاگر و دەکوڵێنرێت، پاشان پاکەت دەکرێت.
یەکەی بەرهەمهێنانەکە لە وەرزی هەناردا دەرفەتی کاری بۆ ژنان دابین دەکات و بەشداریی ئابوورییان زیاد دەکات، بە تایبەتی لە کاتێکدا دەرفەتی کاری ژنان لە گوندەکاندا سنووردارن.
چالاکییەکانی ئەم یەکەیە تەنها بە وەرزی هەنارەوە سنووردار نین؛ بەڵکوو کارمەندان ئامانجیانە بە وشککردن و ترشکردنی میوە و سەوزەکانی ناوچەکە، وەک ترێ، هەنجیر، مانگۆ، پرتەقاڵ و مۆز، بەرهەمهێنان لە تەواوی ساڵدا بەردەوام بکەن.
ئامێرە نوێکان هەنگاوێکی گرنگن
ئیلهام ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات کە جۆراوجۆرکردنی بەرهەم و چالاکییەکان، یەکێکە لە ڕێگاکانی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە یەک وەرزی کشتوکاڵی و دابینکردنی دەرفەتی کاری بەردەوام بۆ ژنانی کرێکار، لەبری ئەوەی کارەکەیان تەنها بە وەرزی کۆکردنەوەی هەنارەوە سنووردار بێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە قۆناغە سەرەتاییەکانی پرۆسەکە بەهۆی بەکارهێنانی ئامێری دەستی و پێویستی بە ماوەیەکی درێژ وەستان لەبەردەم ئاگر بۆ کوڵاندنی هەنار، سەختن؛ ئەم بارودۆخەش لە کاتی پلەی گەرمیی بەرزدا زیاتر قورس دەبێت.
دابینکردنی ئامێری نوێ هەنگاوێکی گرنگە بەرەو باشترکردنی بارودۆخی کاری ژنان. گرنگیی پەرەپێدانی پڕۆژە بچووکەکانی بەرهەمهێنان، تەنها لە زیادکردنی بەرهەم و قازانجدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ماندووبوونی جەستەیی و دابینکردنی ژینگەیەکی کاری گونجاوتر بۆ ژنانی کرێکار.
کاتی کارکردن هەستی خۆشی بە کارمەندان دەبەخشێت
بەپێی قسەکانی ئیلهام ئەحمەد، یەکێک لەو هۆکارانەی ئەزموونی یەکەی بەرهەمهێنانەکە جیاواز دەکاتەوە، بوونی سیستەمێکی کاری ئاسانە کە بەپێی بارودۆخ و تواناکانی ژنان ڕێکخراوە. کاتی کارکردن بە دوو شێوە دابەش کراوە؛ شێفتی یەکەم لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە تا یەکی دوای نیوەڕۆیە و شێفتی دووەم لە کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆوە تا پێنجی ئێوارەیە. ژنان دەتوانن شێفتی گونجاوتر بۆ خۆیان هەڵبژێرن یان لە هەردوو شێفتەکەدا کار بکەن.
ڕۆژی کار دەبێتە شوێنی خۆشی و شادی
ئیلهام ئەحمەد هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ژینگەی کار لەسەر بنەمای هاوکاری و پشتگیریی دوولایەنە لەنێوان ژناندا دامەزراوە. ئەو دەڵێت کارکردن بە شێوەی تیمی هەستی ئارامییان پێ دەبەخشێت و ڕۆژی کار دەبێتە دەرفەتێک بۆ پەیوەندیکردن و خۆشی، لەگەڵ تەواوکردنی کارە بەرهەمهێنەرەکان.
سەرەڕای جۆراوجۆریی بەرهەمەکان، پرۆسەی بازاڕکردن هێشتا ڕووبەڕووی هەندێک ئاستەنگ دەبێتەوە. یەکێک لەوانە سنوورداربوونی زانیاریی هەندێک دانیشتووی گوندەکانە دەربارەی بەکارهێنانی دۆشی هەنار و گرنگیی ئەو بەرهەمە لە ئامادەکردنی خواردندا، بە بەراورد لەگەڵ کڕیارانی شارەکان.
ئیلهام ئەحمەد ڕوونی دەکاتەوە کە دۆشی هەنار لە ئامادەکردنی زۆرێک لە خواردنەکاندا، وەک زەڵاتە و خواردنی گۆشتی برژاو، بەکاردەهێنرێت؛ هەروەها چێشتخانە، هۆتێل و سوپەرمارکێتەکان داوای دەکەن. بۆیە خاوەنکارەکان، جگە لە بازاڕە ناوخۆییەکان، گرنگی بە فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بەو دامەزراوانەش دەدەن.