کولێرە تەندوری مریەم خان؛ شوێنی بژێوی ژنان و پاراستنی کولتوور
لە دەڤەری ڕاپەڕین ژنان دەیانەوێت خاوەن کاری خۆیان بن و مریەم ئیبراهیم کولێرە بەتەندورێکی کردۆتەوەو بژێوی خۆی و ژنانی دیکە دابین دەکات.

دیڤان سیهاد
ڕانیە-ژنان هەمیشە پارێزەری میراس بوون و بەدەستی ئەوان هەر لەکۆنەوە تا ئێستاش نانی تەندور ئامادە دەکرێت، تەندور شوێنی کۆبوونەوەی ژنان و هەرەوەزی ژنانە، کارێکە تا ئێستاش بە پیرۆزی ماوەتەوە.
لە شاری ڕانیە ژنان هەمیشە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی کاربکەن و خاوەن کاری خۆیان بن، دەستیان داوەتە کاری جۆراوجۆر و لەگەڵیشیدا خاوەنداری لە کولتوورو میراس دەکەن و تێکەڵ بە کارەکانی ئێستایان دەکەن، ژنێک کولێرە خانەیەکی کردۆتەوە بە ناوی "کولێرەخانەی مریەم خان"، ئەو کولێرە خانەیە بە دەستوری کۆن و بە دار ئامادە دەکرێت، تێیدا کار دەکەن و بژیوی ژیانیان دابین دەکەن، ژنان دەڵێن: دەمانەوێت خاوەن کاری خۆمان بین و بژێوی خۆمان دابین بکەین.
مریەم ئیبراهیم دانیشتووی ڕانیە خاوەن کولێرە تەندروی مریەم خان قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: ئەو دوکانەم داناوە بە ناوی کولێرە تەندوری مریەم خان حەز و ئارەزووی خۆمە، توانام هەیە بیکەم، کڕیارەکانم هەمیشە حەزیان لێیەو داواکاری لەسەرە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان پێویستە لە دەرەوە و لە ماڵەوە سەرگەرم بن، سەرقاڵ بن بە ئیشێکەوە باشترە لەوەی کە دانیشن لە ژوورەوە وتیشی: ماڵ و خێزانەکەم هاوکاریم دەکەن، منداڵەکانم هاوکاریم دەکەن، بۆ ئیشەکە یارمەتیم دەدەن هەرکاتێک پێویستیم پێیان بێت، لە خێزانەکەمدا هەموویان ئیشیان هەیە منیش بە قەدەر توانای خۆم ئەو ئیشە دەکەم.