"کەمئەندام بوونمان، نەبووەتە رێگر لەبەردەم کارکردنمان"

خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان یەکێکن لەو توێژانەی ڕۆژەکانیان لە سەخترین دۆخدا تێدەپەڕێنن، مووچەکانیشیان ئەگەر دابەشبکرێت بەشی کەمترین پێداویستیەکانیان ناکات.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- هاتوومەتە یەکێتی کەمئەندامان، لێرە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان پێکەوە کاری دەستڕەنگینی دەکەن، سەرباری قورسی ژیانیان بەڵام هێشتا دەیانەوێت بەڕووی ژیاندا پێبکەنن.

 

لە ژوورێکی ئەم ڕێکخراوەدا، کۆمەڵێک ژنی دەستڕەنگین دەیانەوێت بە ڕووی ژیاندا پێبکەنن و خەمەکانیان لەبیر بکەن، بیسەلمێنن دەتوانن کار بکەن و نەبوونی بەشێک یان ئەندامێکی جەستە نابێتە ڕێگر لەبەردەم کارکردندا.

 

نزیکەی ١٠ ژن ڕۆژانی یەکشەممە و سێ‌ شەممە، لەم ژوورەی ڕێکخراوی یەکێتی کەمئەنداماندا کۆدەبنەوە، لەگەڵ خەمە قورسەکانیان کە لە چاوەکانیاندا ڕەنگ دەداتەوە، پێدەکەنن و باسی چۆنیەتی تێپەڕینی ڕۆژەکانیان و ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکانیان دەکەن.

 

بە هۆی کارەکانیانەوە زیاتر لە ٢٠ پێشەنگایان بۆ کراوەتەوە

ئەوەی ئەم ژنانە کۆ دەکاتەوە تەنها ئەوە نییە، کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، بەڵکو ئەو ژنانە کاری دەستی دەکەن، ملوانکە، گوارە، گوڵیەخە، بازن بە موروو، زەنگیانە و بەردە ڕەنگاوڕەنگەکان دروست دەکەن، جلوبەرگە کوردییەکان دەدوورن و دەنەخشێنن، بە شلیلەش شاڵ دەچنن.

 

ئەو ڕۆژانەی کۆدەبنەوە، بەشێکی زۆر لە کاتەکانیان بۆ باسکردنی کارەکانیان و پێدانی بیرۆکەی نوێ بەسەر دەبن، یەکتر فێری شێوازی نوێی دەستڕەنگینییەکانیان دەکەن، تا ئێستاش زیاتر لە ٢٠ پێشانگاییان لەلایەن یەکێتی کەمئەندامانەوە بۆ کراوەتەوە.

 

کردنەوەی پێشەنگای کاری دەستی هاوکارێکی باشە بۆیان

شادی عەبدولحەلیم، یەکێکە لە ژنەکانی ناو ئەم ڕێکخراوە تەمەنی ٤٥ ساڵە، بە تەنها لەگەڵ دایکی دەژی ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵە ئەم کارە دەکات، لە هەفتەیەکدا دوو ڕۆژ دێتە ڕێکخراوەکە، زۆربەی جارەکانیش کارە دەستییەکانی لەگەڵ خۆی دەهێنێت و لەگەڵ ژنەکانی دیکە لەبارەی بیرۆکەی کارەوە قسە دەکەن.

 

شادی براکانی ئەنفالکراون، دایکیشی نەخۆشە و خۆی چاودێری دەکات، لەبەر ئەوەی بە ڕۆژ بەردەوام چاودێری دایک دەکات، زۆرتر بە شەواندا کاری دەستی دەکات، زیاتر حەزی لە چنینی پشتێن و کڵاوە، دەربارەی کارەکانیشیان دەڵێت "ئەگەر پێشانگا بۆ ئێمە بکرێتەوە زۆر باش دەبێت، چونکە مووچە نییە و دەبێتە هاوکارێکی باش بۆمان".

 

" کەمئەندام بوونمان نەبووەتە ڕێگر نییە بۆ کارکردنمان"

ئەوان تەنها کار ناکەن، بەڵکو زۆر جار ئامۆژگاری خەڵکانی دیکەش دەکەن تا کار بکەن، بیانووی نەبوونی هەلی کار و دانەمەزراندن هۆکار نەبێت بۆ تەمبەڵی و دانیشتنیان، کوێستان ئەحمەد، یەکێکی دیکەیە لە ژنەکان، دەڵێت " هیچ کات کەمئەندام بوونمان نەبووەتە ڕێگر نییە بۆ کارکردنمان، بەڵکو ڕۆژانە هەوڵ دەدەین زیاتر فێر دەبین".

 

وەک کوێستان باسی دەکات، زۆرجار سەرنجی هاووڵاتیان بە کارەکانیان ڕادەکێشن لە پێشانگاکاندا، هەروەها باس لەوە دەکات، کە زۆرجار ئامۆژگاری هاوڵاتیانی کردووە، تا ببنە خاوەن کاری خۆیان و چاوەڕوانی دامەزراندن نەبن، بە تایبەتیش ژنان هەوڵ بدەن داهاتێک بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن.

 

ئەو ژنانە بەم کارەیان دەیانەوێت پاڵپشتییەکی مادیی بۆ خۆیان بەدەستبهێنن، هەر لە ڕێکخراوەکەوە فێری ئەم دەستڕەنگینییە بوون، ئامادەشن کەسانی دیکەش فێربکەن، نمونەیەکی جوانی ژیانە سەختەکەیان نیشان بدەن.

 

ت.پ