کەمترین موچە لە ژێر هێڵی برسێتیدایە

لە باکووری کوردستان و تورکیا ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی ژنان و منداڵان دروست دەکات، ژنانی زەحمەتکێش و کرێکار لە وان ڕایدەگەیەنن کە حەقی ڕەنجی خۆیان وەرناگرن، دەڵێن: ئێمە هیوایمان لەدەستداوە.

مەمیهان هلبین زەیدان

 

وان- ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە لە تورکیا و کوردستاندا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، مەرجەکانی ژیانی خەڵک خراپتر دەکات، دەستگەیشتن بە پێداویستییە خۆراکییە بنەڕەتییەکان سەخت بووە و بەشداریکردن لە هەر چالاکییەک لە دەرەوەی ماڵدا بووەتە کەیفخۆشییەکی گرانبەها، لە هەمان کاتدا دابینکردنی پێداویستییە هەرە بنەڕەتییەکانیش ڕۆژ بە ڕۆژ سەختتر دەبێت، بەپێی داتاکانی تورک-ئیش (TÜRK-İŞ) لە ئەیلوولی ٢٠٢٦دا، سنووری برسییەتی کە تێچووی مانگانەی خۆراکی خێزانێکی چوار کەسی نوێنەرایەتی دەکات، گەیشتووەتە ٣٧,٨٠١ لیزرەی تورکی، لە هەمان کاتدا هێڵی هەژاری کە خۆراک و خەرجییە بنەڕەتییەکانی تریش لەخۆ دەگرێت، گەیشتووەتە ١٢٣,١٣٠ لیرەی تورکی، تێچووی ژیانی مانگانە بۆ یەک کەسی کرێکار بە ٤٨,٨٨٥ لیرەی تورکی هەژمار دەکرێت، کەمترین موچە بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بریتییە لە ٢٨,٠٧٥ لیرەی تورکی، ئەم کەمترین موچەیەی کە تەنانەت لە ژێر سنووری برسییەتیشدایە قورسیی دۆخەکە نیشان دەدات.

 

ژن و منداڵ لە ناو ئەو کەسانەدان کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە  بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە، بەرپرسیارێتیی دابینکردنی بژێوی خێزان و ڕاگرتنی هاوسەنگیی بودجە زۆر جار دەکەوێتە سەر شانی ئەو ژنانەی کە بە گەڕان بەدوای کەلوپەلی هەرزاندا لە بازاڕە جیاوازەکاندا دەگەڕێن، بۆ دابینکردنی خۆراک تێدەکۆشن، هەروەها هەژاریش منداڵان ناچار دەکات لە ساڵانی خوێندن و یاریکردنیدا کار بکەن، ڕەنجی منداڵان و مردن لە شوێنی کاردا یەکێکە لە ئەنجامە قورسەکانی مەرجە ئابوورییەکان، زیادبوونی فشار لە ناو ماڵدا بەهۆی قەیرانە داراییەکانەوە، ژیانی ژنان ئاڵۆزتر دەکات.

 

ژنانی کرێکار باسیان لە قەیرانی ئابووری کرد و وتیان: ئەوان بۆ ڕەنجی خۆیان پاداشتێکی یەکسان وەرناگرن، لە بەرامبەر ئەو کێشانەی ڕووبەڕوویان دەبنەوە، حکومەت بە بەرپرسیار دەزانن.

 

”کڕیاران تەنها سەیر دەکەن و دەڕۆن”

ئێلایدا کوتلوو کە لە فرۆشگەیەکدا کار دەکات، سەرنجی ڕاکێشا بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان و وتی: هەموو شتێک زۆر گرانە، خەڵک ناتوانن پێداویستییە بنەڕەتییەکانی خۆشیان دابین بکەن، دەبێت مافی هەموو کەسێک یەکسان بێت، دەبێت حکومەت یارمەتیی کەسانی پێویست بدات،من لە فرۆشگە کار دەکەم و دەبینم کە کڕیاران دێن و زۆربەی جار تەنها سەیر دەکەن و دەڕۆن.

 

”ئێمە هیوامان لەدەستداوە”

فاتمە ساین سەرنجی ڕاکێشا بۆ سەر ئەو سەختییانەی لە ڕووی بژێوییەوە ژایانیان سەختە و وتی: ئەو کەسانەی بە کەمترین موچە کار دەکەن بۆ دابینکردنی بژێوییان تێدەکۆشن، وتی: ئەو کەسانەی بە کەمترین موچە کار دەکەن ناتوانن بژێویی خۆیان دابین بکەن، ئەمڕۆ هەموو کەسێک ناچارە چەندین کارتەکانی کرێدیت بەکار بهێنێت، هەموو کەسێک لە دۆخێکی زۆر سەختدایە، وەک ژنێک، ناتوانم بە تەواوی پێداویستییەکانم جێبەجێ بکەم، پێویستە ژنان کار بکەن تاوەکو لەسەر قاچی خۆیان بوەستن، بەڵام کاتێک کاریش دەکەن ئەوەی بەدەستی دەهێنن بەش ناکات، لە فرۆشگەیەکیشدا کار دەکەم بەڵام حەقی ڕەنجی خۆم وەرناگرم، ئەمڕۆ هەر کەسێک کە کار دەکات حەقی ڕەنجی خۆی وەرناگرێت، ئێمە هیوامان لەدەستداوە چونکە حکومەت لە هیچ بوارێکدا پشتیوانی ناکات، هەر حکومەتیش کێشە ئابوورییەکەی دروست کردووە.

 

”سێ کەس کار دەکەن بەڵام بەش ناکات”

سەمانوور بەیازتاش، ئاماژەی بەوە کرد، کە ناچارە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی کار بکات، سەرنجی خستە سەر مەرجە خراپەکانی کارکردن و ئەو ترسەی لە کاتی هاتوچۆی سەر کاردا دەیچێژێت، وتی: ئێمە سێ کەس لە ماڵەوە کار دەکەین، منیشیان لەگەڵدام بەڵام دیسانیش ناتوانین بژێوی ژیانمان دابین بکەین، هەوڵ دەدەین کار بکەین و شتێک بەدەست بهێنین، لەم دۆخەی ئێستای ئابووریدا زۆر سەختە مرۆڤ بژی، ئاسایشمان نییە، ماڵم دوورە لەو شوێنەی کاری لێ دەکەم، بە موچەی ڕۆژانە کار دەکەم بۆیە هەرچەندێکم دەستکەوێت دەستبەجێ تەواو دەبێت، ناتوانم پێداویستییە کەسییەکانم بەو ئەندازەیەی دەمەوێت دابین بکەم، ئەوەی لە هەموویان هەرزانترە دەیکڕم و ناتوانم زۆربەی ئەو شتانە بکڕم کە دەمەوێت، ئەگەر حکومەت کەمێک پشتیوانی دابین بکردایە، خەڵک کەمێک ئاسوودەتر دەبوون، دەبێت مرۆڤ بە موچەیەکی یەکسان کار بکات.

 

”خاوەنکارە بچووکەکان ناتوانن کار بکەن”

حەنیفە گوزەل کە دوکانێکی جوانکاری و جلی ژێرەوە بەڕێوە دەبات، وتی: قەیرانی ئابووری خاوەنکارە بچووکەکانیشی خستووەتە دۆخێکی سەختەوە، دوکاندارانی ناو بازار ڕۆژانە ڕووبەڕووی سەختیی زیاتر دەبنەوە، لە سەرووی کرێ و پسوولەی خەرجییەکانەوە، هەندێک جار بەهۆی نەبوونی فرۆشتنەوە دۆخیان سەختتر دەبێت.

 

حەنیفە گوزەل ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە بازاڕی گەورەی گشتیدا تەنها دوو فرۆشیاری ژن هەن بۆیە ئەم دۆخە ئێستا بۆ هەموویان زۆر سەختە وتی: کرێی خانووکان زیاد دەکەن، پسوولەکانی کارەبا و گازی سروشتی زۆر بەرزن، بە زۆر دەتوانین بژێویمان دابین بکەین، هەندێک ڕۆژ هەن هیچشتێک نافرۆشین، دۆخەکە زۆر خراپ بووە، دەتوانم بڵێم ئەمە ڕۆژانی کۆتاییمانە، ناتوانم بژێویم دابین بکەم، بەم هۆیەوە کاری زیادە دەکەم، ژنێک هەیە لە بازاردا بەرگدووری دەکات، ئەو بەیانیان چاودێریی نەخۆشێک دەکات و دوای نێوەڕۆ دێتە ئێرە تاوەکو بەرگدووری بکات.

 

”ماڵی خەڵکیان وێران کرد”

حەنیفە گوزەل، ڕوونیکردەوە، کە هۆکاری کێشە ئابوورییەکان سیاسەتەکانی حکومەتە، لە نێوان کەسانی نزیک لە حکومەت و ئەوانەی نزیک نین لە حکومەت نایەکسانییەکی گەورەی ئابووری هەیە، وتی: بە دزی ماڵی خەڵکیان وێران کرد، گیرفانی ئەوان پڕە بەڵام گیرفانی خەڵکی بەتاڵە، ئەوانەی لە لای ئەوانن هەموویان دەوڵەمەندن، هەموو شتێکیان هەیە، ئەو دوکاندارانەی لە لای ئەوانیشن دەوڵەمەندن، بەڵام هەر کەسێک لە لای ئەوان نەبێت لە دۆخێکی خراپدایە، وەک ژنێک دۆخی ئابووری بە هەموو شێوەیەک کاریگەری لەسەر من هەیە، ئێمە لە ڕووی داراییەوە وێران بووین خانوو و دوکان بە کرێ گیراوە، تەنانەت ناتوانین پشتگیری منداڵەکانمان بکەم بۆچی من پشتگیری حزبی دەسەڵاتدار بکەم بۆ ئەوەی ژیانێکی باشم هەبێت بۆچی لە لای ئەوان بم، بۆچی سڵاویان لێ بکەم؟

ئێمە زۆر شتمان ناوێت، هەرکەسێک ئازادی ھەیە حزبی سیاسی خۆی ھەڵبژێرێت و بیروڕای خۆی دەرببڕێت، بەڵام کاتێک سەیری تورکیا دەکەین بۆمان دەردەکەوێت کە ئازادی بەهیچ شێوەیەک نییە، ئێمە وەک ژن ئازاد نین، ئەگەر نەتوانین کۆنترۆڵی ئابووریمان بکەین، بەتەواوی لەناو دەچین.

 

حەنیفە گوزەل باسی لەوەشکرد، بەقسەی دوو کچە کڕیاری گەنج کە بەم دواییە هاتنە دوکانەکەی و شوێنی کارەکەیان بۆ باسکرد، زۆر دڵتەنگ بوو، وتی: دوو کچ هاتنە دوکانەکە، تەمەنیان ٢٢ ساڵ یان ڕەنگە کەمتر بووبێت، کاتێک ئەو بەرهەمانەیان بینی کە کڕیویانە، پێیان وتم: ئێمە لە فرۆشگاکە کار دەکەین، ناتوانین هیچی تر بکەڕین، کچەکان لە هەمان تەمەنی کچەکانم بوون، دانیشتم و گریام، بەڕاستی ئەمە خەڵک دڵتەنگ دەکات، ڕوونە کە ژنان و منداڵان ئەو گروپانەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی سەختی ئابوورییەوە، هەندێک جار کڕیارەکان دەپرسن، :بۆچی ئەوەندە گرانە؟” بەڵام نابێت لێم بپرسن چونکە هەموو شتێک گرانتر دەبێت، کاتێک خەڵک دەبینن نرخەکان بەرز دەبنەوە، دەست دەکەن بە گفتوگۆ لەگەڵ ئێمە، بەڵام ئێمە بەرپرسیار نین لەم کارە.

 

”کەس ناتوانێت گۆشت بکڕێت، هەموو کەس ئێسقان دەکرێت”

گوڵسووم ئوچا کە کاری بەرگدووری دەکات، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پارەیەی کە لە کارکردنی تەواوی ڕۆژێکدا بەدەستی دەهێنێت بەش ناکات بۆ دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان، وتی: ئێمە لە بەیانییەوە تا ئێوارە لێرە کار دەکەین، هەموو شتێک ئەوەندە گرانە کە هیچ شتێک ناکڕرێت، لە هاتوچۆوە بگرە تاوەکو خۆراک زۆر گرانە. بچنە لای قەساب و ببینن، کەس ناتوانێت گۆشت بکڕێت، هەموو کەس ئێسقان دەکڕێت، ئەگەر ئەوەندە دزی نەبووایە، کێشەکە چارەسەر دەبوو، بیر لە هەموو سەردەمەکان بکەنەوە، هەرگیز ئەوەندە دزی نەکراوە، لەسەر کورسییەکانیان دانیشتوون ئەو پارەیەی کە خەڵک خستوویەتییە خەزێنەکەوە دەگرن و دەیخەنە ناو گیرفانی خۆیانەوە، ئەگەر ئەوان دزییان نەکردایە، پارە بەشی هەموو کەسێکی دەکرد، خەڵک لە بەیانییەوە تا ئێوارە کار دەکەن بەڵام نازانن چەند قەزەنج دەکەن.

 

”تاوەکو عەقلیەت نەگۆڕێت دۆخەکە باشتر نابێت”

گوڵسووم ئوچا جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوان پاداشت و حەقی ڕەنجی خۆیان وەرناگرن و لە کۆمەڵگەدا ناڕەوايي و ستەم زۆرە، دەبێت سیستەمی ئێستا بگۆڕێت، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: تاوەکو سیستەم و عەقڵیەتە نەگۆڕێت، دۆخەکە باشتر نابێت، هەنگاوەکانی بەدوای یەکدا دۆخەکە خراپتر دەکات، لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ئایینییەوە بگرە تاوەکو دەزگا خێرخوازییەکان، هەموویان لە خەڵک دەدزن، دۆخەکە بۆ پەروەردە و تەندروستیش هەر وایە، بیر بکەنەوە سێ کەس لە خێزانێکدا کار دەکەن و هێشتا ناتوانن بژێویی خۆیان دابین بکەن، کرێی خانوو لە وان لە ٢٥,٠٠٠ لیرەی تورکی دەست پێ دەکات، ئەگەر خوێندکاەێک هەبێت، چۆن دەژیت؟ ئەگەر ئەوەندە خەڵک ئازارنەدرابایە، پارە لەم وڵاتەدا بەشی هەموو کەسێکی دەکرد، هەندێک کڕیار دێن دەبینم ئەو قوماشەی بۆ بەرگدووری هێناویانە دڕاوە، بەڵام دۆخەکە ئەوەیە، هەندێکیان زۆر دەوڵەمەندن، هەندێکیان هیچ شتێکیان نییە، ڕێگەیەکی ناوەڕاست نییە.