کێڵگەی کوردستان، هەفتە بازاڕێک بۆ کۆکردنەوەی ژنانی خاوەنکار

کێڵگەی کوردستان، هەفتە بازاڕێکە لە پارێزگای هەڵەبجە، چەندین بەروبوومی خۆماڵی لەخۆدەگرێت و کاری دەستی ژنان و شیرینی و بەرهەمەکانی هەویرەمەنی تێدا نمایشکراوە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- هەفتە بازاڕی کوردستان لە هەڵەبجە چەندین جۆر بەروبوومی سەوزە و میوەی خۆماڵی تیادا نمایشکراوە، هەروەها کاری دەستی و شیرینی و هەویرەمەنی تێدا دەفرۆشرێت.

 

"بە شیرینی و کاری دەستی خۆم بەشداریم کردووە"

شەهێن عەبدولڕەحمان، یەکێکە لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە لە هەورامانەوە بەشدارە، شەهێن کاری دەستی و شیرینییەکانی کە خۆی دروستیکردوون و بەشێكیشی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هێناوە، نمایشکردووە، هەروەها دەڵێت: بۆ دووەم ساڵە بەشداری لە هەفتە بازاڕەکەدا دەکەم و لەو بەرهەمانەی کە دروستیدەکەم شیرینییەکان کاری دەستی خۆمە و لە پێنج شەممە و جومعە لە کاتژمێر یانزە بۆ حەوتی شەو دەمێننەوە".

 

هاوڵاتیان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان و خوارووی عێراقەوە سەردانی هەفتە بازاڕی کێڵگەی کوردستانیان کردووە، سارا سادق، کە لە وڵاتی سویدەوە گەڕاوەتەوە بۆ باشوری کوردستان و سەردانی هەفتە بازاڕەکەی کردووە، وتی: یەکەمجارە سەردانی هەفتە بازاڕەکە دەکەم، تازەیی بەرهەمەکان و سروشتی بوونیان وات لێدەکات بەرهەمەکان زیاتر بکڕیت و دووربین لە کاڵای دەرەکی".

 

تریفە عەبدول، هاوڵاتییەکە و سەردانی هەفتە بازاڕی کێڵگەی کوردستانی کردووە، باس لەوە دەکات تا چەندە کاتی هەبێت سەردانی هەفتە بازاڕەکە دەکات و پێی باشە هەموو ڕۆژەکانی هەفتە بازاڕەکە کراوەبێت، دەشڵێ: بەروبوومی خۆماڵی دڵنیایی دەدات بە هاوڵاتیان و سودی لێدەبینین.

 

لە هەفتە بازاڕی کێڵگەی کوردستان لە هەڵەبجە سەرجەم بەروبوومەکان خۆت بە تازەیی دەتوانیت لێی بکەیتەوە و دڵنیابیت لە دڵنیایی و جۆری بەروبوومەکە، هەفتانەش ڕۆژانی پێنج شەممە و هەینی بە ڕووی هاوڵاتیاندا کراوەیە.