کارکردنی ژنان، مووچەی کەم و کاتی زۆر
هەرچەندە نزیکی نیوەی کرێکارەکان ژنن، بەڵام مووچەیان کەمترە لە پیاوان، یەکێک لەو ژنانەی کاردەکەن نا یەکسانییەکان دەگێڕێتەوە، سەندیکا ڕەخنە لە جێبەجێ نەکردنی یاسای کار دەکات، بەهۆی کۆمەڵگاشەوە ژنان ناتوانن لە گێچەڵەکان بێنە دەنگ.
تەرزە تەها
سلێمانی- شارا، ژنێکی گەنجی ئیشکەرە لە یەکێک لە مۆڵەکانی سلێمانی، ئەو نایەکسانییەکانی کە بەرامبەری ئەنجامدراوە دەگێڕێتەوە، لەوانە خزمایەتی پێش ئەزموون و شارەزایی کارکردنەوەیە، بڕوانامە هیچ گرنگ نییە بە کەمتر سەیردەکرێن، لە بۆنەکاندا پشوو نایانگرێتەوە، پلەیان بەرامبەر پیاوەکان بەرز ناکرێتەوە تا مووچەکانیان زیاتر نەبێت.
"سەرەتا کە دەچیت بۆ کارکردن دەڵێن تەنها ئیشی تۆ فرۆشە، بەڵام دواتر دەبێت کاڵا بارکردن، چاککردنی کاڵا و پاککردنەوەش بکەیت، دەشبێت فرۆشی باشیش بێت".
زیاتر دەدوێت و دەڵێت کە هەرچەند هاوڵاتی بەهۆی خراپی دۆخی ئابوری شتی زۆر ناکڕێت، بەڵام خاوەن کارەکان دەیخەنە ئەستۆی کارمەند، گرنگترین مەرجیش جوانی و گرنگیدانە بە ڕووکەش، "لە هەندێک لە دوکانەکان دەبێت زۆرینەی کات میکیاج بکەیت، لەبەر ئەوەی دەوڵەمەند ڕوودەکاتە ئەو شوێنە، لەلایەکی دیکەشەوە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کڕیارە، بۆ نمونە من بە سوراوێکی تۆخ و جلێکی کراوە بچمە دوکانێکەوە زیاتر سەرنجی پیاو ڕادەکێشم بۆ ئەوەی بێنە دوکانەکەوە".
سەرباری گرانی ئەرکەکانیان، بەڵام جیاکاری ڕەگەز هەیە، یاریدەدەرەکان پیاون، "لە هەموو دوکانەکان بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەرمان هەیە، بۆ نمونە ئەگەر کچێک و کوڕێک شایستەی ئەو پێگەیە بوایە، هەر کوڕەکەیان هەڵدەبژارد، کچەکان ئیهمال دەکران، کوڕەکان پلەیان بەرز دەکرایەوە بۆ یاریدەر و زیاتر کچەکان تەنها وەک کارمەند دەمێننەوە".
ژنان ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە لەسەر کار
شارا نمونەی ئەو هەزاران ژنە گەنجەیە کە پاش دەرچوونیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان بەهۆی دانەمەزراندن دەچنە کەرتی تایبەت، بەڵام لە کەرتی تایبەتەیشدا ژنان هەراسان دەکرێن، لە بەرامبەریشدا مووچەکانیان بەرامبەر پیاو یەکسان نییە.
٨ی ئادار بەرهەمی مێژووی تێکۆشانە دژی ئەو نایەکسانییەی کە بەرامبەر ژنان لە کارگەکانی ڕستن و چنین کراوە، لە ١٨٥٧ ژنان ڕاپەریون داوای مافی خۆیان کردووە، بەڵام پۆلیس و هێزەکانی ناو کارگە دەرگای کارگەکەیان داخستبوو، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە ١٢٩ کرێکار گیانیان لەدەستدا.
ئەو کرێکارانە دژی مووچەی کەم و کاتی کارکردنی زۆر ڕاپەڕین، بەڵام ئێستاش پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدە و نیوێک دۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، نا یەکسانی لە مووچەکاندا هەیە و پلەی پیاوان بەرزدەکرێتەوە.
کارم دەکرد چونکە ناچاربووم
ڕووناک تۆفیق، ماوەی نزیکی دوو هەفتەیە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی دوکانێکی تایبەت بە خۆی داناوە، ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ لە دوکانێکدا بە ڕۆژانەی پێنج هەزار دینار کاریکردووە، دەڵێت ناچاری و گریفانی بەتاڵ وایکردووە، کە ڕازیبێت و کاربکات، "مەجبووری و ناچاریبووم کە ئەو ئیشەم کردووە، لەبەر حەز نەبووە".
ئامۆژگاری ژنان دەکات و دەڵێت: "ئامۆژگاریم بۆ ژنان ئەوەیە کە ئەگەر توانایەکیان هەیە بوێر بن و دەریبخەن، نەیشارنەوە، هەوڵبدەن و کار دەکەن، دەبێت بزانیت لە کوێ ئیش دەکات، بە چەند ئیش دەکات، لای کێ کاردەکات، نەک تەنها لەبەرخاتری ئەوەی بێتە دەرەوە".
هەوار کەریم، تەمەنی ٣٠ ساڵە، ماوەی دوو ساڵە کاردەکات لە ٩ و نیو بۆ ٥ی ئێوارە، دەڵێت کاتێک لە شوێنێکدا دەست بە کارکردن دەکەیت، پێویستە هەر سەرەتا قسە لەگەڵ ئەوە کەسەدا بکەیت، بۆ ئەوەی بیناسیت، چوکە ئاسوودەیی لە شوێنی کارکردندا زۆر گرنگە.
"ئێستا بەرپرس و سوڵحی عەشایەر یاساییە"
لە عێراق و هەرێمی کوردستان کار بە یاسای ژمارە ٧١ ساڵی ١٩٨٧ کە یاسای کاری عێراقی دەکرێت، کە لە ١٦٤ ماددە پێکهاتووە، تایبەتە بە مافی خاوەن کار و کرێکار، چۆنیەتی گرێبەست، مۆڵەت و مووچە.
بەڵام وەک لەیلا کەریم، ئەندامی سەندیکای کرێکاران و لێپرسراوی بەشی ژنان، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، کە یاساکان جێبەجێناکرێن، مافی کرێکاران دەخورێت، ژنان ڕووبەڕووی چەندین بەربەست و گێچەڵ دەبنەوە، ئەمەش دەگێڕێتەوە بۆ ئاگادارنەبوونی ژنانی کرێکار لە یاساکان، "نازانرێت مافی کرێکار و خاوەن کار چییە، هەر کەسێک کە مۆڵەتی کارێک وەردەگرێت، دەبێت یاساکانی کار و وەبەرهێنانی جێبەجێبکات، دەبێت گرێبەستیش بۆ کرێکارەکەی بکات، بەڵام ژنان بەشێکیان گرنگی بەو گرێبەستانە نادەن".
لەیلا کەریم، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات نزکی نیوەی ئەو کەسانەی ئێستا لە مۆڵ و شوێنەکاندا کاردەکەن، ژنن، بەڵام بە مووچەیەکی کەمتر، سەرپەرشتیارەکانیان پیاون، هەندێکیان مووچەکانیان لە خوار کەمترین مووچەوەیە کە یاساکە دایناوە.
"ژنان لە ئاست گێچەڵەکان بێدەنگن"
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە ژنان لە ئاستی ئەو گێچەڵانەی لە شوینی کاردا پێیان دەکرێت بێدەنگن، کەمن ئەوانەی دێنە دەنگ، "ئەو کەسانەی لە ئاستی توندوتیژییەکان و دەستدرێژییەکاندا دەنگ هەڵدەبڕن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، ئێمە تا چوار کەیسمان هەبووە کە ژنەکە وتبێتی قبوڵی ئەوە ناکەم کە بەرامبەرم دەکرێت، بەڵام لەوانەیە بە هەزاران کەیسی وا هەبێت و داپۆشراوە"
ئەم داپۆشین و بێدەنگیەشی گەڕاندەووە بۆ ناچاری کارکردن و لەدەست نەدانی کارەکەی، لەبەرامبەردا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە یاساکانیش وەک خۆیان جێبەجێناکرێن، بەرپرس و سوڵحی عەشایەری یاسان، "ئەم سوڵحە داپۆشینی کەیسێکە، دەستدرێژی و توندوتیژی بەچی قەرەبوو دەکرێتەوە، هیچ بڕە پارەیەک قەرەبووی ناکاتەوە، ئەگەر لە ناخەوە بشکێیت هیچ بڕە پارەیەک قەرەبووی ناکاتەوە".
ت.پ