بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و کۆنترۆڵنەکردنی نرخەکان لەلایەن حکومەتەوە

ئەگەر سەیری چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە بکەیت، لوتکەی کارەسات دەبینیت، نرخی کاڵاکان بەرز بووەتەوە و بازاڕ لەلایەن حکومەتەوە کۆنترۆڵ ناکرێت، کەسانێکیش خواردن و پێویستی بەفیڕۆ دەدەن، کە دوورن لە مرۆڤ بوونەوە

هیما ڕاد

 

سنە- ململانێی نێوان گرانی نرخ و زیادبوونی هەژاری ماڵە ئێرانییەکان بەردەوامە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و ڕەوتی بەرزبوونەوەی تمەن وەک بڵقێک وایە کە خەریکە دەتەقێتەوە، لەم تەقینەوەیەدا ئەگەر حکومەت لەناو نەچێت، بەدڵنیاییەوە خەڵک لەناو دەچن و دەبێت ئامادەبن بۆ مردن بەهۆی بەدخۆراکی و فشاری ئابووری.

 

هەموو بەها مرۆییەکان خەریکە نامێنن، کەسێک کە لە بەیانییەوە تا شەو بیر لە دابینکردنی خۆراک بۆ خۆی و خێزانەکەی دەکاتەوە، کات نادۆزێتەوە بۆ خوێندن، خوێندنەوە، پشودان و مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە ڕۆحی و دەروونییە باڵاکان، بەمەش دەبێتەوە پارچە ئێسکێک کە تەنها هەناسە دەدات و ناژی.

 

بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران نەک تەنیا کاریگەری لەسەر بنەماڵەی کرێکاران و خەڵکی هەژار کردووە، بەڵکو کاریگەری لەسەر مامۆستایان و فەرمانبەران، خانەنشینان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەبووە و ناڕەزایەتییەکانیان لە بەرامبەر کەمی مووچە و بارودۆخی ئابووری ترسناک بەردەوامە.

 

بە زیادکردنی مووچەی ٪٢٠ نەک هەر کێشەی بژێوی ژیان چارەسەر نابێت، بەڵکو داهات و خەرجی هێشتا یەکسان نین و پێویستی سادە و سەرەتایی هەموو ژیانێک دە هێندەی ئەو داهاتەیە کە مرۆڤ بەدەستی دەهێنێت، هەڵاوسان ئەوەندە زیادی کردووە کە بەم بڕە داهاتە لە ئێراندا، ئێستا و هیچ داهاتوویەک نییە و لە ژێر ئەم فشارانەشدا، کەمتەرخەمترین خەڵکی کۆمەڵگە کە زۆرینەی کۆمەڵگە لەخۆدەگرێت، چەقێنراون حکومەت هیچ وەڵامی نییە بداتەوە.

 

ژنێکی دووگیان کە ژنی ماڵەوەیە و هاوژینەکەی کرێکارە، باس لە دۆخی خراپی ژیانیان دەکات بە پیشاندانی ئەو سەلاجە بەتاڵەی کە دەبوو خواردنی جۆراوجۆری تێدابووایە، بۆ ئەوەی خواردنی خۆی و منداڵەکانی پێبدات، دەشڵێت: تەنانەت هەندێکجار بیر لە مردن دەکەمەوە بەهۆی کەموکوڕییەکان و بارودۆخە سەختەکەمانەوە، چونکە مناڵمان هەیە و ناتوانین ژیانی بۆ دابین بکەین.

 

ئەو ژنە دووگیانە، باسی ئەو نەخۆشیانە دەکات کە بەهۆی کەمی ئاسن و ڤیتامینەکانەوە تووشی بووە، بارودۆخی وەک ژنێکی دووگیان کە خۆراکی خراپی هەیە لە هەموویان مەترسیدارترینە، بارودۆخی ئەم ژنە هاوشێوەی هەزاران و ملیۆنان کەسی ئەم خاکەیە کە خەریکە گیان لەدەستدەدەن و کۆماری ئیسلامی شاهیدی ئەوەن، بەڵام تەنیا بیر لە پاراستنی دەسەڵات و نەمرییەتی خۆی دەکاتەوە.