ڕیحان و شەوبۆ.. دایک و کچێک تەواوکەری کاری یەکترن

ڕیحان و شەوبۆ پێکەوە لە بەرگدروویەکدا کار دەکەن و دەڵێن، دەبێت ژنان بەهرەی خۆیان بدۆزنەوە و کار بکەن، هەرچەندە ماندووکاریش بێت، لە کۆتاییدا ئاسوودەیی دێت.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- یەکێک لەو چیرۆکانەی کە واتای تێکۆشان بۆ هەبوون و سەر پێ وەستانی ژنان دەدات، ژیانی ڕیحان و شەوبۆیە، کە دایک و کچێکی نمونەین و بەیەکەوە توانیویانە بەرگدروویەک بکەنەوە و کارە دەستیەکانی خۆیانی تێدا نمایش بکەن و لەسەر داوای ژنان جلوبەرگ و کارە دەستییەکان بنەخشێنن.

 

ڕیحان سان ئەحمەد، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە و خاوەنی بەرگدرووی سۆمایە، لە ساڵی ٢٠١٠دا بیرۆکەی دوکان دانانی بۆ دروستبووە و لە ساڵی ٢٠١٣دا بەرگدرووەکەی کردووەتەوە، وەک خۆی باسی دەکات، بەو متمانە و دەستخۆشییەی بۆی دێت، کارەکەی تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتووە.


ڕێحان باس لە دەستپێکی دەستبەکاربوونی شەوبۆی کچی دەکات و دەڵێت: چەندین جار هەوڵم داوە کە کەسی دیکە بێنمە سەر کار، بەڵام لەگەڵ بەرگدرووییەکەی مندا نەگونجاوە، بۆیە بڕیارمدا کچەکەم بهێنمە پاڵ خۆم، هەم لەبەر ئەوەی کارێک بکات و هەمیش تا ئیشەکەی دایکی هەكبگرێتەوە و لە داهاتوودا ناوی دایکی ون نەبێت.

 

ڕیحانی دایک دەڵێت: دایکان حەزدەکەین ئەو ئیشەی هەمانە بیگوازینەوە بۆ مناڵەکانمان و ئیشەکەمان لەناو نەچێت، پێویستە کەسە نزیکەکانی خۆمان بهێنینە ناو بوارەکەمان و وردە وردە بیانخەینە تەنیشت خۆمان، تا پشت بە خۆیان ببەستن و متمانە و باوەڕ بەخۆبوونیان وایان لێبکات ترسیان بشكێت، دەشبێت بەهرەکان بدۆزینەوە و چاوەرێ نەکەین حکومەت دامەزراندن بکاتەوە، ئەوەش دەزانین کە ئەرکەکە لەسەر ژنان قورسە، بەڵام دەبێت قورساییەکەی هەڵبگرین.

 

شەوبۆ ئیبراهیم، کچی ڕیحانە و دەرچووی بەشی پەرستارییە، لەگەڵ ئەوەی پەرستارە بەڵام هەوڵی داوە لە ڕێگەی پیشەکەیەوە خزمەت بە کەسانی تر بکات و دەلێت: سەرەتا تەنها بڕینی جلی منداڵانم کردووە، پاشان جلی ماڵەوەی ژنان، پاشان دەستم کردووە بە دروومان، هەرچەند لە دەرەوەی شار خوێندومە، بەڵام هەرکات گەڕامەوە بۆ ماڵەوە، ئارمەتی دایکم داوە،

 

شەوبۆ پەیامی بۆ ژنان هەیە و دەڵێت: هەرچەند کارەکان زۆرن و ماندووکارن، بەڵام دواتر دەبێتە ئاسوودەیی و هەرگیز هیلاکی تاسەر نییە، بەڵکو ئەنجامەکەی ئاسوەدەیی دەهێنێت.