بەشێك لە ژنانی كۆیە بە نانكردن بژێوی ژیانیان دابین دەكەن

بەشێك لە ژنانی شارۆچکەی كۆیە و دەوروبەری بە نانكردن بژێوی ژیانی خۆیان و خانەوادەكانیان پەیدا دەكەن، ئەوان وێرای پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و گۆڕانكاری لە باری ئابووری، هەروا بە شێوازە تەقلیدییەكەی نان بۆ فرۆشیارانی نانی خۆماڵی دەكەن.

شیا كۆیی

 

کۆیە- نانی تیری ڕووناک یەكێك لەو فرۆشگایانەی كە ١٤ ژن بە دوو شەفت نانی تیادا دەكەن، پەرژین تەها خاوەنی ئەم فرۆشگایە بۆ نوژنها دەڵێت: لە ٢٠١٥ەوە ئەم فرۆشگایەم داناوە، كە تایبەتە بە نانی تیری، پێش ئێمە وابزانم دوو شوێنی دیكەش هەبوون كاری نانكردنیان دەكرد، بەڵام ئێستا زیاتر لە بیست شوێنی نانكردن لە كۆیە هەیە.

 

پەرژین تەها وتی: نانكردن كارێكی قورسە بۆ ژنان، بەڵام هەموو ژنێكیش شانازی پێوە دەكات، ١٤ ژنی شكۆمەند بە دوو شەفت لە فرۆشگاكەی ئێمە كار دەكەن، ئەوان هەم بژێوی ژیانی خۆیان و خانەوادەكانیان پەیدا دەكەن و هەمیش تاڕادەیەك چێژ لەم بەیەكەوە كاركردنە وەردەگرن، چونكە هەست بەوە دەكەن كە بە دەست و پەنجەی خۆیان كاردەكەن و بژێوی خۆیان پەیدا دەكەن، ئێمەش ڕێزی زۆریان لێ دەگرین و شانازیشیان پێوە دەكەین.

 

لە فرۆشگاکەدا چەندین جۆری نان دەکرێت

خاوەنی فرۆشگای نانی تیری ڕووناك باسی لە بازاڕەکان کرد و دەڵێت: ئێمە بەرهەمەكەمان تەنیا لەناو شارۆچکەی كۆیە ساغ ناكەینەوە، بەڵكو بۆ شار و شارۆچكەكانی دیكەیش دەینێرین، ئاردی بەشەخۆراكی مانگانە بە كەڵكی نانی تری نایەت، ئێمە ئاردی دیكە دەكڕین، بەڵام هەندێك لە كڕیارەكانمان خۆیان ئارد دێنن و لێرە بە بڕە پارەیەكی كەمتر بۆیان دەكەین بە نان.

 

پەرژین ئاماژەی بەوەشدا كە چەند جۆر نان دەكەن ئەویش نانی گەنم و نانی جۆ و نانی ڕەشكە و جاری واش هەیە كڕیارەكان داوای نانی تێكەڵەی گەنم و جۆ دەكەن، سەبارەت بە  گرنگیی نانكردن پەرژین تەها وتی: گرنگیی نانكردن لە ئاردەكەیە، پاشان لە كابانەكەش، ئەوەی نان دەكات گرنگە بزانێ بە باشی نان بكات، بە هۆی ئەوەی نانەكەمان جوانە و لە نرخیش نرخێكی گونجاومان هەیە، لە زۆربەی شارەكان داوای نانی ئێمە دەكەن و بۆیان دەنێرین، وەك شارەكانی هەولێر، سلێمانی كەركوك و شارەكانی دیكە و تا شارۆچکەی چۆمانیش.

 

خاوەنی نانی تیری ڕووناک دەڵێت: كەس هاوكاری ئێمە ناكات، داوا دەكەین غازمان بەنرخێكی گونجاو بدەنێ، دەڵێن غاز كەمە و بەش ناكات، ئەگەر ‌هەفتەی دووجار غازمان بە نرخێكی هەرزانتر لە بازاڕ پێ بدەن، نرخی نان لای ئێمە دادەبەزێت و جیا لەوە هاووڵاتیان سوودمەند دەبن، بۆ ئێمەیش كریارمان زۆرتر دەبێت.

 

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەبارەت بە كاركردنی ژنان، ئەو خاوەنكارە دەڵێت: گرنگە ژن برەو بە توانای خۆی بدات و كاری خۆی هەبێت، تا بژێوی خۆی و ماڵ و منداڵی دابین بكات، ئێستا ئەو ژنانە لێرە كارمان لەگەڵ دەكەن مانگانە ٣٥٠-٤٠٠ هەزاریان دەست دەكەوێت، ژنەكان زۆر بەجدی و جوانی كاری خۆیان دەكەن، من لێرەش نەبم خەمی هیچم نییە، ئەوان وەك فرۆشگای خۆیان بەڕێوەی دەبەن و هەموو ڕۆژ كارمان هەیە، تەنیا ڕۆژانی هەینی پشوو وەردەگرین.

 

لە کۆتایدا سەبارەت بە چۆنیەتی بیركردنەوەی ژنان لە كاری تایبەت بە خۆیان، پەرژین تەها وتی: دەبێت ژنان بیر لەوە بكەنەوە، بە كامە ڕێگا و لە چ كارێكدا دەتوانن داهاتی سەربەخۆ پەیدا بكەن، بۆ نموونە من لە شوێنێك كاری نانكردنم دەكرد، دواتر توانیم شوێنەكە لە خاوەنەكەی بكڕمەوە و ببم بە خاوەن پیشە و شوێنكاری تایبەت بە خۆم، كە ئومێدم هەیە ئەوانەی لای ئێمەش كاردەكەن بە هەمان قۆناغدا تێپەرببەن و ببن بە خاوەنی پیشە و كاری تایبەت بەخۆیان.

 

"نانکردن قورسە و ناچارین کار بکەین"

ناسكە حەوێز یەكێك لەو ژنانەیە ماوەیەكی زۆرە لەو شوێنە كار دەكات، بەدەم نانكردنەوە بۆ نوژنها قسە دەكات و دەڵێت: ماوەیەكی زۆرە من لێرە نان دەكەم و كارەكەم خۆشدەوێت، هەرچەندە كاری نانكردن كارێكی قورسە، بەڵام ناچارین كار بكەین، بە تایبەت لەوەرزی هاوین گەرمایە و ئیشەكەمان زۆر زەحمەتترە، لە بەیانیەوە دێم تا نیوەڕۆ نان دەكەم و بەپێی توانای خۆمان ڕۆژانە نان دەكەین، چەندی پێمان بكرێت ئەوەندە نانە دەكەین، جاری وایە یەك تەنەكە ئارد دەكەین بە نان، كە دەكاتە زیاتر لە ١٠٠ نانی تیری.

 

ناسکە حەوێز بەوپەڕی متمانەبەخۆبوونەوە وتی: پێموایە ژنان ئەگەر پێویستیان بەكار بێت، زۆر ئاساییە خۆی كاری خۆی هەبێت، ئیدی بە هەر جۆرێك بێت پێداویستی خۆی دابین بكات، باشترە لەوەی لە ماڵ دابنیشێت و چاوی لە دەستی كەس نابێت، ئەوەی خۆشیمان پێ دەبەخشێت لە نانكردن، ئەوەیە كڕیارەكان بڵێن نانەكەتان جوانە، چونكە زۆر خۆشە كریار لە كارەكەت رازی بێت.

 

ئەڤین حاتەم، یەكێكی دیكەیە لەو ژنانەی لە نانی تیری ڕووناك كار دەكات و دەڵێت: من هەویر دەكەم و زۆرجاریش هەویرەكە دەكەم بە ئەنگوتك، قورسە و زەحمەتییەكی زۆریشی هەیە، بەڵام كارەكەم خۆشدەوێت و زۆر بە جوانی دەیكەم، سەرەتا كە دێمە سەركار ئاردەكە دەردێنم و بە عەجانە هەویرەكە دەشێلم، پاشان بەپێی داواكاری كڕیارەكان ئیش دەكەین، چونكە هەندێك كڕیار خواستیان لەسەر نانی كەمخوێیە و هەیە نانی سادەی دەوێت و هەیە داوای نانی جۆ دەكات، بە گشتی ئێمە بە خاوێنی و بەپێی خواستی كڕیار بەرهەمەكە ئامادە دەكەین و مەبەستمانە كریارەكانمان رازی بكەین.