حەلیمە قادر نزیكەی ٣٠ ساڵە بووەتە پارێزەری بنێشتی کوردی و دروستی دەکات
حەلیمە قادر ئەو ژنە لێهاتویەیە كە وەستای بنیشتی كوردیە تائیستا خەڵكی سنوورەكە هەرناوبانگی هاوژینکەیان دەزانی بێئاگا لەوەی ژنێكی بەتوانا لەماڵەوە بنێشتەکە دروست دەکات و ئامادەی دەکات بۆ بازاڕ، وتی: ئاژانسی نوژهنا یەكەم دەزگای میدیایە توانی ئەو ژنە بناسێنێت
شلێر كۆیی
كۆیە_زۆرن ئەو ژنانەی لەماڵەوە کاردەکەن و رەنجیان نابیندرێت، یاخود کۆمەڵگە ڕەنجی ژنان ون دەکات و تەنها بە کاری پیاوان دەیبنێت، حەلیمە قادر ئیبراهیم، یەکێکە لەو ژنانەی لەوەتەی هەیە كاری بنێشت دروست كردن دەكات، بەقەد كارگەیەكی بنێشت، بنێشتی دروست كردووە، لەشاری كۆیە بەهۆی بەردەوامییان بنێشتەكەیان بەناوبانگە، حەلیمە هەمیشە لەماڵەوە هاوكاربووە بۆ بژێوی ژیانی خێزانەكەی و لەماڵەوە كارەكانی کردووەو هاوژینەکەی لەبازار فرۆشتویەتی، بەڵام لە ئێستادا هاوژینەکەی توانای كاری نەماوە هەرخۆی كارەكان دەكات.
حەلیمە قادر، بۆ ئاژانسەكەمان دواو وتی: نزیكەی ٣٠ ساڵە كاری من دروستكردنی بنێشتی كوردیە، بۆماوەی ١٤ ساڵان لە چیای ئیشم كردووە تا وەختی خوێندن دەهاتەوە هەرلەچیای بنێشتمان دروست دەكرد، دوایی هاتینە ماڵەوەو لەماڵێ درووستمان دەكرد و زۆر رازیم لە ئیشەكەم.
قۆناغەکانی دروستکردنی بنێشتی کوردی
دەربارەی قۆناغەکانی دروست کردنی بنێشتی کوردی حەلیمە قادر وتیشی: كاری بنێشتی كوردی زۆر قورسە قۆناغەكانی زۆرن ئێستا بۆمان دێنن لە چیا، بەڵام جاران لەچیا خۆمان دارەكەمان دەسمی و بە قوڕ، شوێنێک وەك قاپ لە قەدی دارەكەمان دەداو بنێشتەكەی كە زۆر شلە پێی دەڵێن بنیشتەتاڵە دێتە ناو قاپەكەو هەڵ دەگیرێت، پاشان دەبێت نزیكەی دوو كاتژمێر لەسەر ئاگر بیكوڵێنی ئینجا وەك ئەو شێوەی ئێستا دروستی دەكەم بەزەبری ئاوە گەرمەكە و بەتەرازوو دەیكیشم و پانی دەكەمەوە، دەبێت لەو ئاوە ساردەی دابنێم، پاشان لە زەرفی دەكەین بۆ فرۆشتن، جاران هاوژینەکەم دەیفرۆشت ئێستا ئەو ناتوانێت لەماڵەوە كەوتووە من ئامادەی دەكەم، کەسێک دێت دەیبات بۆ فرۆشتن، ماندووم، لەوانەیە هەرتا ساڵێكی دیكە بتوانم ئەو بنیشتە دروست بكەم، چونكە قورسە بەتایبەت كە دەیكوڵێنی نابێت ڵێی بێ ئاگابیت، وەك بەنزین هەڵدەچێت.
"بنێشتەکە سروشتییەو ماددەی تری تێکەڵ ناکەم"
سەبارەت بەوەی بنیشتی كوردی جیاوازیان هەیە یاخود نا، حەلیمە قادر ئاماژەی بەوەكرد، گەر فێڵی لێنەكەن جیاوازی نییە گەر هی دارەبەنی بێت، بەڵام گەر دەرمان و شتی دیكەی تێبكەن جیاوازی هەیە وتی: ئێمە هەرگیز هیچی تێناكەین بنێشتەكە سروشتی خۆیەتی، بەڵام لەم بارودۆخە خەڵك هەیە دەرمان و شتی تێدەكەن تا زۆربێت و بنێشتی خۆمان و ئەسڵی لەدوورەوە بۆنی دێت، بەوە دەناسرێتەوە، بەڵام ئەوەی شتی تیدەکرێت دەلێی سەلكە سابونە لەبازار دەفرۆشرێت زۆر فێڵی تێدا دەكەن.
"بنێشتی کوردی دەرمانی زۆر دەردە"
حەلیمە قادر وتی: ئەو بنیشتە بۆ زۆر دەرد دەرمانە، وەك ریخۆڵەو قۆڵۆن وهەناو گەدە، جارێك ژنێك هات وتی منداڵەكەم ریخەڵۆكی باریكە ناتوانێت دانیشیت وچەندین پزیشکم پێكردووە منیش بنیشتە تاڵەكەم پێدا، دوای ماوەیەك هاتەوە زۆر شتی لەگەڵ خۆی هێنابوو بۆمان ، هەرچەندە من پێم ناخۆشبوو، وتی كچەكەم چاکبووە زۆر دڵی خۆشبوو ، من بۆخۆم هەناوم ئازاری هەبێت، كەمێك دەخەمە ناو ئاوی سارد و دەی خۆمەوە زۆر باشە.
لەكۆتایی قسەکانیدا حەلیمە قادر وەستای بنیشتی كوردی وتی: من لە كارەكەم رازیم، رۆژانە كەی بۆم گونجا دادەنیشم ئیشەكەم دەكەم ئیشێكی بێ كێشەیەو ژیانی خۆمی پێبەڕێوەدەبەم.