توندوتیژییە ئابوورییەکان یەکێکن لەو توندوتیژییانەی ژنان پێوەی دەناڵێنن

ئابووری بنەمایەکی خۆبەڕێوەبەری تاکە و لەدەستبوونی ئابووری بۆ ژنان، دەکرێت ڕێگەیەک بێت بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییە دەروونی و بەشێک لە توندوتیژییە جەستەییەکان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- یەکێک لەو توندوتیژییانەی ژنان لەلایەن ئەقڵیەتی سەردەست، جا ئەگەر خێزان یان دەسەڵات بێت، توندوتیژی ئابوورییە، لە ئەقڵیەتی سەرمایەداری و پیاوسالاریدا، ئابووری واتای هێز و قۆرخکارییە، لە سیستمی دایک-ژندا، ئابووری بنەمای بەڕێوەبردن و گەشەپێدانە، بەم هەڵسەنگاندنە، دەگەینە ئەو باوەڕەی چەندە ئابووری لە دەستی پیاودا بێت، لەپێناو قۆرخکاری و باڵادەستبوون و دەسەڵاتدارییەوە، توندوتیژییەکانی سەر ژنان زیاد دەبێت، چەندە ژنان خاوەن ئابووری سەربەخۆی خۆیان بن، دەتوانن زیاتر خاوەن ڕۆڵ و کاریگەری و ئیرادە بن و لە بەرامبەری توندوتیژییەکان خاوەن بڕیاری بەرەنگاربوونەوە بن.

 

ژنانی خاوەنکار باس لە گرنگی ئابووری سەربەخۆ و ئەو توندوتیژییانە دەکەن کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە.

 

"ژنان بە پیرۆزی لەدایکبوون و خاوەن هێزی شاراوەن"

فێنک جەلال، ئەندام لە سەندیکای ڕستن و چنین، ماوەی ١٠ ساڵە وەک ژنێکی دەست ڕەنگین کار دەکات و بەشداری فێستیڤاڵەکان دەکات، دەربارەی توندوتیژییەکانی سەر ژنان و ڕێگریکردنیان بۆ گەیشتن بە داهاتی سەربەخۆی خۆیان ڕوونیکردەوە، خێزان و کۆمەڵگە هەست بە تواناکانی ژنان ناکەن، بەڵام ژنان توانایەکی شاراوەیان هەیە و توانایان هەیە کار بکەن و خاوەن ئابووری سەربەخۆی خۆیان بن.

 

فێنک جەلال بە پێویستی دەزانێت ژنان لە ماڵەکانیان بینە دەرەوە و کار بکەن و شوێن خولیای خۆیان بکەون، چونکە ژنان خاوەن هێز و توانان و دەتوانن بگەن بەو ئامانجەی هەیانە، وتیشی: ژنان کاتێک کار دەکەن جگە لەوەی کارەکەیان دەبێتە پاڵپشتیەک بۆیان و دەتوانن ببنە پاڵپشتیەکیش بۆ خێزانەکانیان و هاوکاریان بکەن، بۆیە دەبێت ژنان هەوڵ بدەن و هیچ بەربەستێک نەیانوەستێنن.

 

"ئەگەر ژن نەبێت ژیانیش نابێت"

لە درێژەی قسەکانیدا فێنک جەلال باسی لەوەکرد، ژنان بە پیرۆزی هاتوونەتە ژیانەوە، دەتوانن گۆڕانکارییەکان لە جیهاندا دروستبکەن، چونکە ژن نەبێت ژیان نابێت، ئەگەر ژنان لەم دۆخە قورسەدا کار نەکەن و ڕەنج نەدەن دەبێت چاوەڕێی کەسانێک بن هاوکاریان بن و داوای هاوکاری بکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانیان، دواجار لەم دۆخەشدا ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، کاتێک ژن خاوەن ئابووری سەربەخۆی خۆی نەبێت، داواکارییەکانی جێبەجی ناکرێت و توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت و وای لێدەکرێت خولیاکانی لەناوبچێت، دەڵێت: ژنان نەک تەنها لەو لایەنەوە، بەڵکو کاتێک خاوەن داهاتی خۆیانن توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و مووچەکانیان لەلایەن خێزان و هاوژینەکانیانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، بۆیە ژنان پێویستە بە ڕووی توندوتیژییەکاندا بوەستنەوە و هەوڵی ئابووری سەربەخۆ بدەن.

 

"ژن بە هەبوونی ئابووری سەربەخۆ زیاتر ئازاد دەبێت"

کوێستان عەزیز، وەک ژنێکی خاوەن کار ئاماژەی بەوەکرد، ژنان خاوەن توانایەکی شاراوەن، بۆیە پێویستە دەستبکەن بەو ئامانجەی هەیانە و هەوڵبدەن بۆ دەستکردن بە کاری خۆیان، ژنان بە درێژایی مێژوو زوڵمیان بەرامبەر کراوە، توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجامدراوە، بەڵام ئەوان بە هەوڵ و کارەکانیان دەبێت بەسەر توندوتیژییەکاندا زاڵ بن، پیاوان ڕێگری لە ژن دەکەن کە کار بکات، لەلایەکی دیکەشەوە پێداویستی بۆ دابین ناکەن و ئەمانەش هەمووی توندوتیژین بەرامبەر بە ژنان دەکرێت.

 

کوێستان عەزیز باسی لەوەکرد، هەندێک پیاو هەن ڕێگری لە ژنان دەکەن کار بکەن، یاخود داهاتەکەیان لێدەسەنن، بۆیە کۆمەڵگە و خێزان پێویستی بە هۆشیارکردنەوەیە دەربارەی پرسەکانی ژنان و ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، وتیشی: کۆمەڵگە و خێزانەکان هەمیشە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ژنان چاویان نەکرێتەوە و دەست نەکەن بە کاری خۆیان، بەڵام پێویستە ژنان بە ڕووی هەموو توندوتیژی و بەربەستەکاندا بوەستنەوە، بۆ ئەوەی حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژییەکان کەم ببنەوە.

 

"لەبەر نەبوونی ئابووری سەربەخۆ ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت"

ئاڵێ عەبدوڵا، وەک ژنێک هەمیشە حەز بە سەربەخۆی خۆی دەکات، هەوڵ دەدات پشت بە خۆی ببەستێت و خاوەن کاری تایبەت بە خۆی بێت، پێی وایە ئەگەر ژن خاوەن داهاتی سەربەخۆ نەبێت، لە هەموو ئازادییەک بێ بەشە، کاتێک پێویستی بە پێداویستییەکە بێگومان پێداویستیەکەی بۆ دابین ناکرێت، لە ئەنجامدا سوکایەتی، بێڕێزی و قسەی نەشیاوی بەرامبەر دەکرێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو ژنە دەستڕەنگینە باسی لەوەکرد، کاتێک ژن خاوەن داهات دەبێت بێگومان ئازادە، توندوتیژییەکان بۆ سەری کەمترە، بۆیە پێویستە زیاتر هەوڵ بدەن هەرچەند بەربەستیشیان هەبێت، وتیشی: ژنان نەک تەنها لە ماڵەکانیاندا تووشی توندوتیژی دەبن، بەڵکو کاتێک دەچنە دەریشەوە بۆ کارکردن لەلایەن خێزان و کۆمەڵگەوە ڕووبەڕووی توندوتیژییەکان دەبنەوە، یاخود داهاتیان لێدەستێندرێت، ئەمەش ئەوپەڕی زوڵمە لەو ژنە دەکرێت.

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی گرنگە بۆ ئێستای کۆمەڵگە هەوڵدانی ژنانە بۆ کارکردن و کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان، بۆیە پێویستە دەست بکەن بە کارکردن و خاوەن کاری تایبەت بە خۆیان بن.