فرۆشیارانی پڕاس... تێکۆشەرانێک بەرەنگاری جیاکاری کۆمەڵایەتی لە یەمەن دەبنەوە
لە کێڵگەکانەوە بۆ بازاڕەکانی تەعزی یەمەن، فرۆشیارانی پڕاس”پیاز” لە بەردەم بازارێکی گۆڕاو و بارودۆخێکی ئابووری سەختدا، لەگەڵ چاوەکانی جیاکاری و لەکەدارکردنی کۆمەڵایەتی، گەشتێکی ڕۆژانەی سەخت بەڕێوەدەبرن بۆ دابینکردنی بژێوی بۆ خێزانەکانیان.
ڕەحمە شەنزور
یەمەن ـ لەگەڵ هەر گزنگێکی بەیانیدا، سەدان ژنی یەمەنی ماڵەکانیان لە گوند و ناوچەکانی گوندی پارێزگای تەعز بەجێدەهێڵن و ڕوو لە کێڵگەکان دەکەن لە سەرەتادا، پاشان بەرەو بازاڕەکانی شار بەڕێدەکەون، لە گەشتێکی ڕۆژانەی سەختدا بەدوای سەرچاوەی داهاتێکدا دەگەڕێن کە یارمەتی خێزانەکانیان بدات لە بەرەنگاربوونەوەی باری قورسی ژیاندا، گەشتەکە بە چاندنی پڕاس”پیاز” و گرنگیدان پێی دەستپێدەکات، کۆتایی نایەت تا دوای دروێنەکردن و ئامادەکردن و گواستنەوە و فرۆشتنی لە بازاڕەکاندا.
چاندن و فرۆشتنی پڕاس”پیاز” بە یەکێک لە پیشە کشتوکاڵییەکان دادەنرێت کە خێزانەکان لە گوندەکانی تەعزدا بۆ ماوەی دەیان ساڵ لە باوانەوە بۆ نەوەکان گواستووتەوە، بە شێوازێک کە خێزانەکان هەڵدەستن بە چاندنی بەرهەمەکە لە ڕووبەری بچووکدا، چاودێریکردن و دروێنەکردن و پاککردنەوەی و بەستنی بە دەستە، پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ بازاڕەکانی شار، ژنان بەشداری دەکەن لە سەرجەم قۆناغەکانی ئەم پرۆسەیەدا، لە کارکردن لە کێڵگەکان و ئاوپژێن و دروێنە، تاوەکو ئامادەکردنی بەرهەمەکە و فرۆشتنی.
لەگەڵ کەمبوونەوەی هەلی کار و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و قورسبوونی باری ئابووری، ئەم پیشەیە بووەتە سەرچاوەی داهات بۆ سەدان ژن، کە زۆرینەیان سەر بە خێزانە داهات کەم و ناونجییەکانن، پشت بە تەواوی یان بەشێکی پێی دەبەستن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەکانەیان، بەپێی خەمڵاندنە مەیدانییەکان، ژمارەی ئەو ژنانەی لە چاندن و فرۆشتنی پڕاس”پیاز” لە پارێزگای تەعزدا کار دەکەن لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ ژندایە، لە سایەی پشتبەستنێکی پەرەسەندوو بە کاری کشتوکاڵی و بازاڕەکان وەکو سەرچاوەی داهات لە ناوچەکانی گوندا.
لە ناو ئەم ژنانەدا مریەم قاسم هەیە، کە تەمەنی ٤٩ ساڵە، ڕۆژەکەی لە ناوچەی زەباب لە بەڕێوەبەرایەتی سەبر مەوادم دەستپێدەکات، پێش ئەوەی ڕوو بکاتە ناوەندی شاری تەعز بۆ فرۆشتنی پڕاس”پیاز”، ڕوومیکردەوە، کە لە کاتژمێر شەشی بەیانیدا ماڵەکەی بەجێدەهێڵێت، پاش نزیکەی کاتژمێرێک دەگاتە شار، پاشان کاتژمێرێکی درێژ لە بازاڕدا بەسەردەبات لە چاوەڕوانی کڕیاراندا ، وتی: لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە تاوەکو دووی پاشنیوەڕۆ لە بازاڕدا دانیشتووم، هەندێک جار تاوەکو عەسر.
مریەم قاسم نزیکەی ٣٠ ساڵە لە فرۆشتنی پڕاس”پیاز”دا کار دەکات، وتی: کە پیشەکە بووەتە بەشێکی سەرەکی لە ژیانی سەرچاوەی داهاتی خۆم و خێزانەکەمە، هەروەها سەختی کارەکە لە کاتی گەیشتن بە بازاڕدا کۆتایی نایەت، وەک چۆن پێش ئەو کاتژمێرانەی کارکردن لە کێڵگەکاندا، داهات هێشتا نادیارە و کاریگەری لەسەرە بەهۆی بڕی ئەو بەرهەمانەی کە پێشکەش دەکرێن بۆ فرۆشتن، نرخە باوەکان و قەبارەی خواست لە ڕۆژدا.

جیاکاری ئازارەکە قورستر دەکات
لەپاڵ بە بارگرانییە ئابوورییەکانەوە، هەندێک لە فرۆشیارانی پڕاس”پیاز” ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی تر دەبنەوە کە خۆی لە بینینی کۆمەڵایەتی نەرێنی بۆ کارەکەیان دەبینێتەوە، بەتایبەتی ئەو ژنانەی سەر بە چینە پەراوێزخراوەکانن، بەمشێوەیە بازاڕ بۆ ئەوان دەگۆڕێت لە تەنها مەیدانێکەوە بۆ پەیداکردنی بژێوی بۆ شوێنێک کە تێیدا ڕووبەڕووی لەکەدارکردن و جیاکاریش دەبنەوە.
ژنانی کرێکار لە بازاڕەکاندا، وتیان: هەندێک جار تووشی قسە و نیگای ئازاربەخش دەبن کە کارەکانیان بچووک دەکاتەوە، پیشەکەیان بە پەیوەندی کۆمەڵایەتییەوە دەبەستێتەوە، کە ئەمەش بارگرانییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەو بارودۆخە سەختەی کارکردن زیاد دەکات کە تێیدا دەژین.
مریەم قاسم جەختی لەوەکردەوە، کە کار نابێت هۆکارێک بێت بۆ جیاکاری یان کەمکردنەوەی کەرامەتی مرۆڤ، ژنان ئەم پیشەیە ئەنجام دەدەن لەبەر پێویستی بە دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکانیان، لە سایەی سنورداری بژاردەکان و نەبوونی هەلی کار کە داهاتێکی جێگیر دابین بکات، وتیشی: ئێمە ڕاهاتووین لەسەر هەندێک سەرنج و ڕوانینی نەرێنی، بەڵام پێویستی کارکردن پاڵمان دەنێت بۆ بەردەوامبوون و پشتگوێخستنی ئەوەی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، هەروەها دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکە وەک پاڵنەرێکی سەرەکی دەمێنێتەوە بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن، سەرەڕای ئەو هەڵوێست و ڕوانگە نەرێنییانەی کە ڕەنگە لە بازاڕدا ڕووبەڕووی ببێتەوە، پێویستی پەیداکردنی بژێوی ژیانی وای لێدەکات بەسەر ئەو بارودۆخانەدا زاڵ بێت و بەردەوام بێت لە کارەکانی.
کارێک لە کێڵگەوە دەستپێدەکات و داهاتیش بازاڕ بڕیاری لەسەر دەدات
بۆ فرۆشیارانی پڕاس”پیاز”، گەشتی کار پێش گەیشتن بە بازاڕ بە کاتێکی زۆر دەستپێدەکات. لە کێڵگەکاندا، ژنان بەشداری دەکەن لە چاندنی بەرهەمەکە و گرنگیدان پێی و دروێنەکردن و پاککردنەوەی و بەستنی، پێش بارکردن و گواستنەوەی بۆ شار و فرۆشتنیان، ئەمینە سەیف، کە تەمەنی ٦٥ ساڵە، نزیکەی ٥٠ ساڵە لە فرۆشتنی پڕاس”پیاز”دا کار دەکات وتی: پڕاس”پیاز” دەچێنین و گرنگی پێدەدات، پاشان دروێنەی دەکەین و ددەهێنینە بازاڕ بۆ فرۆشتنی.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە هێزی کڕینی هاوڵاتییان بە شێوازێکی بەرچاو دابەزیوە بەراورد بەوەی پێش جەنگ لە چەند ساڵێک پێشتردا هەبوو، لە ئەنجامی بارودۆخەی سەختی ئابووری و ژیان کە توانای خێزانەکانی لاواز کرد لە کڕیندا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەبوو لەسەر جووڵەی بازاڕ و خواست لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
هەروەها چاندنی پڕاس”پیاز ” و دروێنەکردن و ئامادەکردن و گواستنەوەی پێویستی بە ماندووبوون و کاتێکی زۆر هەیە، لەو کاتەی زۆر لە ژنان خاوەنی داهاتێکی جێگیر یان سەرچاوەیەکی تری جێگرەوەی بژێوی نیین، بەمشێوەیە قازانجەکان دەبەسترێنەوە بە گۆڕانکارییەکانی نرخەوە، جووڵەی بازاڕ، قەبارەی بەرهەم، و ڕادەی تواناکە لە ساغکردنەوەیدا.
ئامینە سەیف ڕوونیکردەوە، کە بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و ژیان، لەگەڵ بەرز و نزمی نرخەکانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و دابەزینی هێزی کڕین، هەموویان هۆکارن کە ئەو داهاتە کەم دەکەنەوە کە فرۆشیارەکان بەدەستی دەهێنن، تەنانەت فرۆشتنی بڕێکی باش لە پڕاس”پیاز” لە درێژایی یەک ڕۆژدا بە واتای بەدەستهێنانی داهاتێکی بەرز نییە، چونکە داهاتەکان بەپێی قەبارەی بەرهەمی فرۆشراو و ئەو نرخەی کە پێی دەفرۆشرێت دیاری دەکرێن، لە کاتێکدا بەشێک لە داهاتەکە دەڕوات بۆ تێچووی کشتوکاڵ و گواستنەوە و ئامادەکردن، قازانجەکان سنووردار و ناسەقامگیر دەبنەوە.

داهاتی سنووردار و بەرپرسیارێتییەکی بێوەستان
بارگرانییەکانی فرۆشیارانی پڕاس”پیاز” تەنها لە کارکردن لە کێڵگەکان و بازاڕەکاندا قەتیس نابن، بەڵکو درێژدەبنەوە بۆ بەرپرسیارێتییە خێزانییەکان کە ئەو داهاتەی بەدەستی دەهێنن دەکەنە پێویستییەک بۆ دابینکردنی خۆراک و دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان.
ئامینە سەیف ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەوەی لە فرۆشتنی پڕاس”پیاز” بەدەستی دەهێنێت بەشێکی سەرەکی لە داهاتی خێزانەکەی پێکدەهێنێت، بەردەوامبوونی لە کارکردندا بەسەرباری پێویستی بە دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان لە سایەی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی داهات سەپێنراوە، لەگەڵ سنورداری هەلی کاردا، بەتایبەتی لەبەردەم ژنان لە ناوچەکانی گوندا، کشتوکاڵ و فرۆشتنی بەرهەمەکان لە بازاڕەکاندا بووەتە یەکێک لە بژاردە کەمە بەردەستەکان لەبەردەم زۆرێک لەواندا، سەرەڕای ئەوەی کە داهاتەکە ڕەنگە سادە بێت، بەڵام بۆ خێزانەکانیان سەرچاوەیەکی پێویست نیشان دەدات کە یارمەتی دەدات لە بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و فشارە ئابوورییە پەرەسەندووکاندا.
پیشەیەک کە نەوەکان لە باوانەوە بۆ نەوەکان دەیگوازنەوە
لە ماوەی دەیان ساڵدا، خێزانەکان لە گوندەکانی تەعزدا پارێزگارییان لە چاندن و فرۆشتنی پڕاس”پیاز” کردووە، پیشەکە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گواستراوەتەوە، بۆ ئەوەی بۆ هەندێکیان ببێتە زیاتر لە تەنها چالاکییەکی کشتوکاڵی، هەروەها سەرچاوەی داهات و یەکێک لە شێوازەکانی پشتبەستن خود لە سایەی سنورداری جێگرەوە ئابوورییەکاندا.
بۆ مریەم قاسم و ئامینە سەیف و کەسانی تری فرۆشیارانی پڕاس”پیاز”، بازاڕ تەنها شوێنێک نیشان نادات بۆ ساغکردنەوەی بەرهەم، بەڵکو مەیدانێکە بۆ دابینکردنی داهاتێک کە یارمەتی خێزانەکانیان بدات لە بەردەوامبوون لە بەرەنگاربوونەوەی بارودۆخە سەختە ئابوورییەکاندا.
سەرەڕای درێژی کاتژمێرەکانی کارکردن، و دابەزینی هێزی کڕین، بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و ژیان، ناسەقامگیری داهات، ژنان بەردەوام دەبن لە گواستنەوەی بەرهەمەکانیان لە گوندەکان و ناوچە کشتوکاڵییەکانەوە بۆ بازاڕەکانی شاری تەعز، سوورن لەسەر سەرچاوەی بژێوییەک کە لە باوانەوە بۆ نەوەکان بۆیان بەجێماوە.