"لە ٧٨٪ی ژنانی کارکەر لە کەرتی تایبەتدا بیمەیان نییە"
لەیلا کەریم، ئەندامی سەندیکای کرێکاران دەڵێت: لە کەرتی تایبەتدا خاوەنکار زیاتر پیاوە، زیاتر گرنگی بە تواناکانی پیاوان دەدرێت، لە ٧٨٪ ژنان لە کەرتی تایبەتدا بیمەیان نییە و لە ٥٧٪ گرێبەستیان نییە.
نیهایەت ئەحمەد
سلێمانی- ڕێژەی کارکردنی ژنان لە کەرتی تایبەت و گشتیدا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیادی کردووە، ئەگەرچی ژنان توانیویانە بە هێز و ئیرادەیان پێگەی خۆیان لە دامودەزگای حکومی و کەرتی تایبەتدا جێگیر بکەن، بەڵام هێشتا کارکردنی ژنان بە هۆی بابەتی کولتووری و ئەقڵییەتی پیاوسالارییەوە نەبووەتە بەشێک لە کولتووری کۆمەڵگە، ڕێژەی بەشداری ژنان لە لە کەرت گشتیدا بە ٢٥٪ی هێزی کارکردن دیاری کراوە و لەسەر ئاستی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش ١٥٪ی ژنان هێزی کارکردنن بە تەمەنە جیاوازەکانەوە.
بەهۆی بێکاری و دانەمەزراندنەوە ژنان ژیانیان سەختتر بووە
لەیلا کەریم حەمادی، ئەندامی سەندیکای کرێکارانی لقی سلێمانی و سەرپەرشتیاری بەشی ژنان، دەربارەی ڕۆڵی ژنان لە کەرتی تایبەت و گشتیدا باسی لەوە کرد، ژنان لە بواری کارکردندا چالاکترن وەک لە پیاوان، بە دڵنیای و باشتر و دڵسۆزیەیەوە کار دەکەن و زیاتر ژنان پەیوەستن بە کارەکانیانەوە لەو بوارەی تێیدا کاردەکەن، ئەمەش سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەختەی لە ئێستا ڕووی لە ئابووری هەرێمی کوردستان کردووە، بە هۆی نەبوونی دامەزراندنەوە، کە ڕێژەی بێکاری زۆر زیادی کردووە.
لەیلا کەریم حەمادی، ئاماژەی بەوەدا، کە ڕێژەی پیاوان لە ٨٨٪ لە کەری تایبەتدا کار دەکەن، ئەم ڕێژەیە بە بەراورد بە ژمارەی بەشداربوونی کارمەندی ژن لە کەرتی تایبەتدا دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری جیاجیا کە ژنان ناتوانن بچنە بواری کارکردنەوە لە کەرتی تایبەتدا و گرفتیان بۆ دروست دەبێت لەلایەن خێزان و لە شوێن کارەکانی خۆیانەوە، بەو هۆکارانە ژنان ناتوانن بەردەوام بن لە کارکردن و ناتوانن کاریان دەستبکەوێت، هەندێک جار لە شوێن کارەکانیاندا، خاوەنکار بە مەرج و هەڵبژاردنەوە کارمەندی ژن وەردەگرن کە دەبێت شێوە و پۆشینی جلوبەرگ بە خواستی خاوەنکار بێت، بەو مەرجە دەتوانێت ژن کار بکات، بێ ئەوەی مافەکانیان دەستەبەر ببێت.
یاساکان وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت و مافی ژنان پێشێل دەکرێت
لەیلا کەریم حەمادی دەربارەی یاسای تایبەت بە مافی کارکردن و هۆشیارکردنەوەی کرێکاران وتی: بەپێی یاسای کار و ئەو یاسایانەی کە تەرخانکراوە بۆ بواری کارکردن، بەشێکی تایبەتە بە کارکردنی کە ژنان تیایدا مافەکانی دەستەبەر دەبێت، لە هەموو ڕوویەکەوە، بەڵام لە ئێستادا ئەو یاسایان جێجەجێ ناکرێت و مافی ژن لە کەرتی تایبەتدا پێشێل دەکرێت، سەندیکای کرێکاران و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی نەیانتوانیوە بە تەواوی ماف و هێزی ژن و کارکردنیان وەربگرن، لە کەرتی گشتیدا کە ژن لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەت لە هەموو بوارەکاندا ڕۆڵ و گاریگەریان هەیە، زیاتر کار دەکەن.
هەروەها سەبارەت بە ڕۆڵی ژن لە بەرزکردنەوەی ژێرخانی ئابووری، ڕوونیکردەوە ژن لە هەموو بوارەکاندا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە بەرەوپێشچوونی ئابووری وڵاتدا، بەڵام بەربەستی زۆرە و ناهێڵن تواناکانی دەربخات بۆ ئەوەی سەرپەرشتی پرۆژە گەورەکان نەکەن.
ژن پێوستی بە یاسای پێدانی مۆڵەتی دایکایەتی هەیە لە کەرتی گشتی و تایبەتدا "
لە کۆتایی قسەکانیدا لەیلا کەریم، وتی: پێدانی مافەکانی ژنان لە کاتی کارکردندا بەشێکی تەواو دانراوە لە ماددەکانی ساڵانی هەشتاکان بۆ نەوەکاندا، مۆڵەتی دایکایەتی و هەندێک بارودۆخی تایبەت بە ژنانی هێزی کار، یاسا و مافە و لە کەرتی گشتیدا جێبەجێدەکرێت و پێی دەدرێت، بەڵام لە کەرتی تایبەتدا زۆر بە کەمی یاساکان جێبەجێ دەکرێت، چونکە هەر پرۆژەیەکی کەرتی تایبەتە دەستێکی باڵای لە پشتە و بە ئارەزووی خۆیان یاساکان پەیڕەو دەکەن، لە ٧٨٪ی ژنان لە کەرتی تایبەتدا بیمەیان نییە و لە ٥٧٪یش گرێبەستیان نییە.
لەیلا کەریم، ئەندامی سەندیکای کرێکاران و سەرپەرشتیاری بەشی ژنان لە لقی سلێمانی، داوا لەو ژنانە دەکات کە خاوەنکاری خۆیانن، فێرکاری بۆ ژنانی تر بکەنەوە و نەبنە ژێر دەستەی یەکتر، خۆشەویستی و دڵسوزی بۆ یەکتر زیاد بکەن و تواناکانی یەکتر نەشکێنین، وتیشی: پێویستە دڵخۆش بین بەوەی ژنێک سەرکەوتووە و هانی یەکتر بدەین بۆ کاری باشتر و جوانتر و ڕۆڵ و کاریگەری تەواو هەبێت بۆ بە هێزی و توانای ژنانی دەوروبەرمان.