چرۆ و شەیما لە ماڵدا نامێننەوە و ئێستا خواردنگەیەکیان بۆ خۆیان داناوە

خواردنگەی زنار لە پارکی شاری یاری هەڵەبجە لەلایەن شەیما و چرۆوە ماوەی هەفتەیەکە کراوەتەوە بە ڕووی میواناندا، ئەو دوو ژنە خۆشحاڵن کە پاش ٧ مانگ کار کردن لە ماڵەوە، ئێستا لە خواردنگەکەیاندا کار دەکەن.

میهرەبان سەلام هەڵەبجەیی

 

هەڵەبجە- شەیما و چرۆ سەرقاڵی ئامادەکردنی خواردنن بۆ میوانانی خواردنگەکەیان، بە عەشق و خۆشەویستیەوە لە کارەکەیان دەڕوانن و هیواخوازن ئەو ژنانەی لە ماڵەوە کار دەکەن برەو بە کار و پیشەکەیان بدەن و بێنە دەرەوە بۆ کار کردن.

 

شەیما سدیق، دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە و ماوەی ٧ مانگە بە ئۆنلاین لە بواری خواردندا کار دەکات، وەک خۆی ئاماژەی پێ دەدات، لەبەر ئەوەی کڕیارێکی باشی هەبووە، بڕیاری داوە بێتە دەرەوە و لەگەڵ هاوڕێکەیدا کار بکات.

 

هەمووان لە توێژ و تەمەنە جیاوازەکان سەردانمان دەکەن

پارکی شاری یاری هەڵەبجە شوێنی کۆبوونەوەی خێزانەکان و چەندین یاری منداڵانیشی تیادایە، بۆیە بەردەوام هاوڵاتیان ڕووی لێدەکەن و بۆ بۆنە و ئاهەنگەکانیان، شەیماش "خواردنگەی زنار" لە پارکەکەدا دەکاتەوە، تا ببێتە شوێنێکی ئارام بۆ کۆبوونەوەی خێزانەکان و بەسەربردنی کاتەکانیان.

 

بڕیارماندا بیرۆکەی کارەکەمان لە ئۆنلاینەوە بکەین بە خواردنگە

چیا مستەفا، هاوڕێی شەیمایە و پێکەوە بڕیاریانداوە سەرجەم کارەکانی ماڵەوەیان بهێننە دەرەوە، "وتمان ئەوەی بە ئۆنلاین بیفرۆشین لە خواردنگەکە بێت باشترە) سەبارەت بە پێشوازی هاوڵاتیانیش  لە کارەکەیان، چیا مستەفا بە دڵخۆشیەوە دەڵێت: پێشوازی هاوڵاتیان زۆر باشە.

 

حەزەکەم ژنان خاوەنی ئابووری خۆیان بن

شەیما صدیق دلخۆشە بە کارەکەی و باس لەوە دەکات، پێی خۆشە ژنان خاوەن ئابوری خۆیان بن و دەڵێت: زۆر حەز دەکەم ژنان کاتە بەتاڵەکان بە پیشەکانیان پڕ بکەنەوە و خاوەن گیرفانی خۆیان بن، هیوادارم ژنان لە ماڵەوە بێنە دەرەوە و کار بکەن، چونکە کار کردن عەیبە نییە، بۆ کارەکەی خۆشم لە پلانم دایە فراوانتری بکەم و ژنان بخەمە سەر کار.

 

خواردنگەی زنار ئێواران کاتژمێر ٥:٠٠ بۆ ١٢:٠٠ی شەو کراوەیە، جگە لە خواردەمەنی، بابەتی شیرینی و شەربەتی فریش و ساردەمەنی پیشکەش بە هاوڵاتیان دەکەن و کە هەمووی لەلایەن ژنانەوە دروست دەکرێت.