گوڵاڵە سدیق: سەرکێشی سیاسی حکومەتی هەرێم زیان بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت

گوڵاڵە سدیق باس لەوە دەکات، بەهۆی دۆخی هاوڵاتیانەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوانبارە و دەبێت دۆخی هاوڵاتیان نەکرێتە قوربانی بەرژەوەندی کەسی و مووچەخۆرانی بندیوار

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- حکومەتی ماوە بەسەرچووى هەرێمى کوردستان مووچەى سێ مانگى کۆتایى ساڵى ڕابردوو-٢٠٢٣ی فەرمانەبەران و مووچەخۆرانی دابەش نەکردووە، هەروەها بۆ ساڵی ٢٠٢٤یش تەنها مووچەی مانگی کانوونی دووەم/١ دابەشکراوە، کە بە کۆی گشتی ئەمڕۆ دەبێتە ٤٩ ڕۆژ، کە مووچەى فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەش نەکراوە.

 

کابینەی نۆیەم، کە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانى بەڕێوە دەبرێت، لە پێنج مانگدا تەنها یەک مووچەى دابەشکردووە، کە ئەویش هى مانگى یەکى ئەمساڵ بووە، بایکۆتی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ چەندین مانگ بەردەوامی هەبوو، لەسەر بنەمای سکاڵایەکیش ڕۆژی ٢١ی شوبات دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، بخرێته‌ سه‌ر ژماره‌ حسابی بانكه‌ فیدراڵییه‌كان و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق ببڕدرێت، بەو واتایەی مووچەی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ عێراق و ڕاستەوخۆ لە حکومەتی ناوەندییەوە مووچەی مانگی دوو بە لیستی مووچە دابەشدەكرێت و لە مانگی ئادارەوە بە كارتی بانكی مووچە دابەشدەكرێت.

 

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، سەرەڕای ئەوەی لە ١١ی ئادارەوە وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر ناردنی بڕی ٥٦٠ ملیار دینار بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی ماوەبەسەرچووى هەرێمی كوردستان كرد، تەنها بۆ مانگی شوبات، بەڵام لەلایەن حکومەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە و بەسەر مووچەخۆراندا دابەش نەکراوە.

 

نەبوونی مووچە و قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان دوای ساڵی ٢٠١٣ و ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوت لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا دەستی پێکرد، کە حکومەت بڕیاریدا بە سەربەخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ عێراق بودجەی خۆی دابین بکات، بەڵام ئەم بڕیارە لە قازانجی دەسەڵاتداران و خاوەنانی ڕێککەوتنەکە و لە زیانی مووچەخۆران و خەڵکدا بوو، بەوەی نە پارە هەبوو، نە ئابووری سەربەخۆ و هەموو لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە قۆرخکرا، دوا بە دوای ئەوە قەیرانی ئابووری تەنگی بە خەڵک هەڵچنی و نەبوونی مووچە بایکۆتی مامۆستایان و ناڕەزایەتی فەرمانبەرانی لێکەوتەوە، کە تا ئێستاش چارەسەر نەکراوە.

 

" بەهۆی نەفرۆشتنی سەرچاوەی نەوت و پابەندنەبوون بە حکومەتی عێراقەوە دۆخی هاوڵاتیان دژوارە"

گوڵاڵە سدیق، شارەزای دادوەری بۆ کاروباری دارایی و بانک، باسی لەوەکرد، کە تاکە سەرچاوەی هەرێمی کوردستان بۆ ئابووری پشتی پێ ببەستێت، نەوتە، بەڵام لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣ەوە بە پێی بڕیاری دادگا حکومەتی هەرێم ناتوانێت نەوت بە سەربەخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی عێراق نەوت بفرۆشێت، بەمەش ناتوانێت مووچە و شایستە داراییەکان دابین بکات، وتیشی: ئابووری هەر وڵاتێک لە گەشەسەندندا بێت، کاردانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر بازار دەبێت و بەو ئابووریەی خەڵک دەستیان دەکەوێت، دەچێتە ناو بازاڕەکانەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەهۆی نەفرۆشتنی سەرچاوەی نەوت و نەبوونی پابەندی بە حکومەتی عێراقەوە، بازاڕ و هاوڵاتی و بژێوی هاوڵاتیانیش لە پاشەکشەدان و بە تایبەتیش کاریگەری لەسەر چینی ناوەند، کە مووچەخۆرانە کردووە.

 

گوڵاڵە سدیق، ئابووریناس، باسی لەوەکرد، کە مووچە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، وتی: ئێمە لەو وڵاتانەین کە ٣٠ ڕۆژ جارێک مووچە دەدرێت، بەڵام ئێستا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نازانرێت مووچەی داهاتوو کەی دەدرێت، لەبەر ئەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی بازاڕ دەبێت، بۆیە خەڵک لە ئیستادا تەنها کەرەستە سەرەتاییەکان دەکڕن کە تەنها بۆ پڕکردنەوەی ڕۆژانەیانە، دوای بڕیارەکەی حکومەتی عێراق لە ٢١ی شوباتی ئەمساڵدا، کە حکومەتی هەرێمی ناچارکرد لیستی مووچەی فەرمانبەران بنێرێت و ڕاستەوخۆ لە ناوەندەوە مووچە دابین بکرێت، لە راستیدا هەڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، چونکە بە بێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک ئابووری سەربەخۆیان دامەزراند.

 

ئەو ئابووریناسە باسی لەوەشکرد، کە ئەگەر حکومەتی هەرێم پابەندی بڕیاری دادگای فیدڕالی نەبێت، ئەوا دەستی تۆمەت بۆ حکومەتی هەرێم ڕادەکێشرێت، وتیشی: هەرچەندە حکومەتی هەرێم دەیەوێت وەها دەریبخات کە حکومەتی عێراق مافی مووچەخۆران دەخوات، بەڵام ئەو دروشمانەی کە جاران خەڵکی پێ هەڵدەخەڵەتاند، ئێستا بۆی ناچێتە سەر و خەڵک خۆی ئاگاداری هەموو هەواڵەکانە و دەزانن کە لایەنی کەمتەرخەم حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

 

"حکومەت مووچەی فەرمانبەرانی بە بارمتە گرتووە"

گوڵاڵە سدیق باسی لەوەشکرد، ئەگەر لە ڕوانگەی لێبڕینی مووچە و پلە بەرزکردنەوە و خانەنشینییەوە سەیری دۆخی هەرێمی کوردستان بکەین، باشترە کە مووچە بگەڕێتەوە سەر حکومەتی ناوەندی عێراق، "چۆن بە سەرکێشی سیاسی ئابووری سەربەخۆ ڕاگەیەندرا و سەرکەوتوو نەبوو، هەروەها ڕیفراندۆمیش بە هەمان شێوە، ئەگەر ناردنی لیستی فەرمانبەرانیش سەرکێشی سیاسی تیادا بکرێت، زیانبەرکەوتوو هاوڵاتیان دەبێت، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا مووچەی فەرمانبەرانی بە بارمتە گرتووە و لەپێناو دەستکەوتی کەسی خۆیاندا بەکاری دەهێنن".

 

لە کۆتایی قسەکانیدا گوڵاڵە سدیق ئاماژەی بەوەدا، لە لێدوانێکدا ئەوە ئاشکرا کرا کە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ٣٢٠ ملیار دینارە، تەنها مووچەی ٩ مانگی ساڵی ڕابردوو یەک مانگی ئەمساڵ دراوە، کەواتە داهاتی زیاتر لە چوار مانگی حکومەتی هەرێم دیار نییە، کە ئەگەر دیار بێت دەتوانێت مووچەی هاوڵاتیان دابین بکات، وتیشی: حکومەتی هەرێم خۆشیان ڕاستگۆ نین لەسەر ئەو لێدوانانەی کە دەیدەن، ئەمەش دەرئەنجامی خراپی دەبێت، بەهۆی ئابووری سەربەخۆوە نزیکەی ١٠ ساڵ دەبێت گیرفانی هاوڵاتیان دەڕووتێننەوە، پلە بەرزکردنەوەیان ڕاگرتووە، بۆیە بۆ ئاشتکردنەوەی هاوڵاتیان، دەبێت بە دەم داواکارییەکەی دادگای فیدڕالییەوە بچن و دۆسیەی فەرمانبەران بدەنە حکومەت و مووچەی هاوڵاتیان بدەن و مووچەخۆران نەکەنە قوربانی مووچەخۆرانی بندیوار.