“سەربەخۆیی ئابووری سەربەخۆیی فکری و بڕیاردانی بەدوادا دێت”
لەیلا سۆفی ژنێکی خاوەنکارە و دەڵێت: كاتێك ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ دەبن، لە بواری فكری و بڕیاردانیش سەربەخۆ دەبن، بۆیە من پێم وایە دەبێت ژنان تواناكانی خۆیان نیشان بدەن.
شیا کۆیی
کۆیە- لە شاری كۆیە ڕێكخراوی ئۆسكار بۆ پەرەپێدان بە تواناكانی ژنان، بەردەوام هاوكار و پاڵپشتی ژنانی سنورەکەیە و گەشت پێشەنگا و فێستیڤاڵ بۆ ژنان ڕێکدەخات، یەکێک لە پێشەنگاکانیش لەناو پاركی فاتح رەسوڵ بوو کە بۆ نزیکەی ٢٠ ژن کرایەوە بە ئامانجی نمایشكردنی كەلوپەلەكانیان و خواردنە كوردەواریەكان، كە بریتین لە كەلوپەلی كوردەواریی و جوانكاری و ڕازاندنەوە و خواردنی كوردەواری، بۆ ناساندنی كەلتوور و فەرهەنگی كوردی.
لەیلا سۆفی یەك لە بەشداربووانی پێشانگاكە، دەربارەی كارەكەی بۆ نوژنها وتی: من بە كاری سیرامیك بەشداریم كردووە، سەرەتا سوپاسی ڕێكخراوی ئۆسكار دەكەم بۆ ڕەخساندنی ئەو پیشانگایە، تا بتوانین هونەرەكەمان نیشان بدەین و ببێتە دەستکەوتێکی ماددی بۆمان، من كەلوپەلەكانم هەمووی دەستكردن وپێکدێن لە مۆم وگوڵدان و پەیكەر.
وتیشی: هەوڵمداوە كارەكانم ژنانە بن، یەك لە كارەكانم پەیكەری لاق درێژە و گوزارشت دەكات لە ژن، كە سەرەڕای فشارە كۆمەڵایەتی و كولتووریەکانی سەری و ئەو كێشە و گرفتەی هەیەتی، پێویستی بە قاچی درێژە تا بتوانێت زاڵ بێت بەسەر هەموو ئەو شتانەی بەسەری دێت، یەكێکی دیكە لە کارەکانم پەیکەرێکە کە گوزارشت لە ژنی ئازا دەکات و بە واتای ڕزگاری دێت، چونكە ژن بەردەوام بەشداریان لە شۆڕشەكان كردووە.
لەیلا سۆفی ئاماژەی بەوەشكرد، كە خۆی بەشی سیرامیكی تەواو كردووە و دەڵێت: ڕۆژانە هەوڵدەدەم كارێكی هونەری نوێ بكەم و ئەم كارەم هەم بۆ ئارەزووی خۆمە و هەم بێزاریم تێدەپەڕێت پێی، هاوكات جۆرێك لە تێكەڵ بوونە بۆمن لەگەڵ ژناندا، ئەگەرنا داهاتی زۆر نییە و کەم شتەکانمان دەفرۆشرێت.
لە كۆتاییدا وتی: هیوادارم ژنان بە بێ ترس بتوانن تواناكانیان نیشان بدەن، لە هەر بوارێك بێت جیاوازی نییە، چونكە ئەوە وادەكات هەم خۆیان و لێهاتوویەكانیان بناسێنن، لە ڕووی ئابووریشەوە سەربەخۆدەبن و کاتێک ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ دەبن، لە بواری فكری و بڕیاردانیش سەربەخۆ دەبن، بۆیە من پێم وایە دەبێت ژنان تواناكانی خۆیان نیشان بدەن.