ژنان دژی گەمارۆ خەبات بۆ ئابووری سەربەخۆ دەکەن

لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی-مەخموور، ژنان بەهۆی ئەو ئاستەنگ و گەمارۆیانەی کە پەدەکە جێبەجێی کردووە، لە خەباتدان بۆ بەدەستهێنانی ئابووری سەربەخۆی خۆیان.

بەرژین کارا

 

مەخموور- لەگەڵ دۆخی پەنابەرییاندا، لە ساڵانی ١٩٩٤ تا ٢٠٢٣ ژنانی کامپی شەهید ڕوستەم جودی مەخموور ڕێکخستنی خۆیان پێکهێنا، لەگەڵ ڕێکخستنی ژیانیاندا، ژنان چەندین دامەزراوەیان لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ڕزگاریخوازی ژنان بنیاد ناوە.

 

دەستەی ژنانی کامپی مەخموور ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پەروەردە و ڕێکخستنی ژناندا، ساڵانە پەروەردە بۆ ژنان لە بوارە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا دەکەنەوە، یەکێک لەوانە خولی دروومانە.

 

ئایلەم کارا کە لە دوکانێکی چنین کاردەکات، باسی ئەو سەختییەی کرد کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە، بۆ ئەوەی هەموو پێداویستیەکانیان دابین بکەن.

 

'من زۆر شت فێر بووم'

لە سەرەتای قسەکانیدا ئایلەم کارا ئامانجی خۆی بۆ ئەو کارە دەربڕی و وتی: ئامانجی من لە هاتنم بۆ ئێرە، ئەوەیە کە بتوانم لەسەرپێی خۆم بوەستم، پێویستە بۆ خۆم سوودم هەبێت و وەک ژنێک شتێک بەدەست بهێنم، دەستەی ژنان خولێکی کردەوە و منیش بەشداریم کرد و زۆر شتی لێوە فێربووم، ویستم خۆم باشتر بکەم و نزیکەی ٧-٨ مانگە لە دوکانێکی درووین کار دەکەم.

 

کۆنتڕۆڵ و گەمارۆ ئاستەنگی دروست دەکات

 

ئایلەم کارا ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەکی زۆر ئەو ژنانە هەن کە دەیانەوێت لە دوکانی بەرگدروودا کاربکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی دەرفەت، خواستەکانیان بەدی نایەت و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە سەرەتاوە ئێمە زۆر بووین، بەلام پێداویستی و ئامێرمان نەبوو یان شکابوون، کەس یارمەتیمانی نەدا بۆ ئەوەی ٢٠ ژن دەست بە کار بکەین، گەمارۆی سەر کامپەکەش زیاتر بووە بەربەستمان، نزیکەی ٢٠ ژنمان ڕاهێنا، بەڵام تەنها ٣ ژنیان مانەوە. بەو پێیەی ئامێر نەبوو، شتێکی پێویست نەبوو، ئێمە بە تەنیا کارمان دەکرد.

 

'دەمانەوێت فێری هەموو ژنان بکەین'

ئایلەم کارا ئاماژەی بەوەشکرد، خواستی سەرەکییان ئەوەیە کە هەموو ژنان بتوانن خۆیان لە هەموو ڕوویەکەوە ڕابهێنن و وتی: گوتمان لەمڕۆ بەدواوە خولی جیاواز دەکەینەوە، زیاتر ڕاهێنان بە ژنان دەکەین بۆ ئەوەی ئەوانیش فێربن، لەبری ئەوەی بێنە لای ئێمە بۆ کار، خۆیان بتوانن لە ماڵەکەی خۆیان یان لە شوێنێکی تر کار بکەن.