"١٠ کاتژمێر کار دەکەین، ناتوانین قتویەک ڕۆن بکڕین"

ئەو ژنانەی کە لە کێڵگەی پەتاتەدا کار دەکەن، ناتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن تەنانەت ئەگەر ڕۆژانە ١٠ کاتژمێریش کار بکەن، دەشڵێن: بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، ئەو پارەیەی وەریدەگرین بەشمان ناکات.

ئامەد

 

ئامەد- قەیرانی ئابووری ئێستا کاریگەری لە هەموو بوارەکان، لە بازرگانەکانەوە تا کرێکارانی کێلگەکان و ئەوانەس کە دەچنە بازاڕ بۆ کڕینی پێداویستیەکانیان کردووە، لە ناوچە گوندییەکان لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا کۆکردنەوەی بەروبووم دەستپێدەکات، ژنانیش بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان لە کێڵگەکانی پەتاتە و پەموو و نیسکدا چەندین کاتژمێر کار دەکەن، بەڵام بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە ئەو پارەیەی بەدەستی دەهێنن بەس نییە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان.

 

ئەو ژنانەی لە کێڵگەی پەتاتە لەسەر جادەی چنارە لە ئامەد کار دەکەن، هەموو بەیانییەک کاتژمێر ٦ دێنە کێڵگەی پەتاتە و بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێر سەرقاڵی کۆکردنەوەی پەتاتە دەبن، تەنها یەک کاتژمێریش پشوویان هەیە، لەبەر خۆر و بە تینوێتی و نەخۆشییەوە بەرامبەر ژیان دەجەنگن، باس لەوە دەکەن، ڕۆژانە ٣٠٠ لیرەی تورکی داهاتیانە و بەوەش ناتوانن قتویەک ڕۆن بکڕن.

 

"ئێمە بەرگەی هەموو سەختییەک دەگرین"

شیلدان تونچ، کە لە تەمەنی ١٣ ساڵییەوە لە کێڵگەکاندا کار دەکات و ئێستا تەمەنی ١٩ ساڵە، باسی لەوەکرد، دوای تەواوکردنی کارەکەی لە کێڵگەکاندا دەچێتەوە ماڵەوە و کاری ماڵەوەش دەکات، بەرگەی هەموو سەختییەکانیش دەگرن، وتیشی: ئێمە چەندین کاتژمێر کار دەکەین، بەڵام مافی ڕەنجەکەمان وەرناگرین، لە بارودۆخێکی ناجێگیردا کاردەکەین و بیمەمان نییە و نە داهاتێکی هەمیشەییمان هەیە، مووچەی ڕۆژانەمان ئەمساڵ لەچاو ساڵی ڕابردوو باشترە، بەڵام بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە بەشی ئێمە ناکات و ناتوانین پێداویستییەکانمان دابین بکەین.

 

"خێزانەکان منداڵەکانیان دەنێرن بۆ کارکردن لە کێڵگەکاندا"

ئێدا گوندوز کرێکارێکە و باسی کێشەکانی ئێستا دەکات و دەڵێت: ماوەی ٣ ساڵە لێرە کار دەکەم و تەنها یەک کاتژمێر لە ڕۆژێکدا پشوو دەدەین، هەر کارێک سەختی خۆی هەیە، هەندێک جار زۆر ماندوو دەبین و نەخۆش دەکەوین، چونکە کاتێکی زۆر لە ژێر خۆردا بەسەر دەبەین، هەرچەندە زۆر کار دەکەین، بەڵام هەقی ڕەنجەکەمان وەرناگرین. بەهۆی قەیرانەوە نرخی هەموو شتێک بەرزبووەتەوە، بەهۆی قەیرانی داراییەوە خێزانەکان ناچارن منداڵەکانیان کە تەمەنیشیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە بنێرنە کێڵگەکان تا کار بکەن و بژێوی ژیان دابین بکەن.

 

"نایەکسانی کارکردن لە نێوان ژن و پیاودا هەیە"

هێلین شنۆلیش کرێکارێکە و دەڵێت: سێ ساڵە لێرەم، هەندێک ڕۆژ زۆر ماندوو دەبم، لەچاو ئەو کارە زیادەیەی دەیکەین ئەو پارەیەی دەستمان دەکەوێت کەمترە، ڕێز بۆ کاری ژنان نیشان نادەن، ئێمە تەنها دەتوانین بێینە ئێرە و لێرە کار بکەین، بەڵام پیاوان دەتوانن لە هەر شوێنێک بیانەوێت کار بکەن، ئەمە لە هەموو شوێنێکدا هەیە، زستان دەخوێنم و هاوینیش لە کێڵگەکاندا کار دەکەم، من هەموو شتێک دەکەم، بەڵام ئەو کارەی ئێمە ئەنجامی دەدەین بەس نییە.