گەندەڵی ڕێڕەوی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی بەرەو هەژاری بردووە

هەرچەند خاکی کوردستان چەندین داهاتی لێوە بەرهەم دێت، بەڵام بەرەوپێش نەبردنی ئابووری، هێنانی دەستی بیانی، گەندەڵی دەسەڵاتداران و بەکارنەهێنانی پلانی تۆکمە بۆ دابەشکردنی داهات، هاوڵاتیانی خستووەتە هەژارییەوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- تا دێت ئاستی هەژاری هاوڵاتیان و تاکەکانی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان زیاد دەبێت، هاوڵاتیان بەدەست خراپی بارودۆخەوە دەناڵێنن، هەژاری و پاڵپشتیکردنی سەرمایەداران لەلایەن دەسەڵاتداران و حکومەتەوە جیاوازی چینایەتی دروستکردووە.

 

هەوار عوسمان، مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە بواری ئابووری نێودەوڵەتی، دەربارەی زیادبوونی هەژاری لەناو هەرێمی کوردستاندا ڕوونیکردەوە چەندین هۆکار هەن بۆ زیادبوونی ڕێژەی هەژاری لەوانە، خراپی سەرچاوەی داهاتی تاکەکانی کۆمەڵگە، شێوازی کارەکان، نەبوونی هەلی کار لە هەرێمی کوردستان.

 

"نەبوونی هەلی کار بووەتە هۆی زۆربوونی هەژاری"

ئەو مامۆستایە باسی لەوەکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە زیادبوونی هەژاریدا، چونکە حکومەت هەلی کار دابین ناکات و کەرتی تایبەت ناڕەخسێنێت تا هاوڵاتیان زیاتر دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێت، بەتایبەت بۆ گەنجان، چونکە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان لە زانکۆکاندا بڕوانامە بەدەستدەهێنن و نەبوونی کار گەنجانی بەرەو ئاستێکی هەژاری بردووە.

 

وتیشی: لەلایەکی دیکەوە هەرێمی کوردستان تەنها پشت بە یەک سەرچاوەی داهات دەبەستێت ئەویش کەرتی نەوتە، سەرجەم کەرتەکانی دیکەی وەک پیشەسازی، کشتوکاڵ و خزمەتگوزارییەکان ڕۆڵیان لاوازە و پشتیان پێنابەسترێت، هەروەها هەبوونی ژمارەیەکی زۆر دەستیکاری بیانییەکان لە هەرێم وایکردووە گەنجان بە ئەستەم کاریان دەستبکەوێت، گەنجانی بەتوانا هەن، بەڵام دەرفەتی کارکردنیان نییە، کاتێک کارکردن نەبێت داهاتیش نابێت و هەژاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

"گەندەڵی و ناشەفافیەت لە کۆکردنەوە و دابەشکردنی داهاتەکان، هەژاری بەدوادێت"

دەربارەی ڕێکنەخستنی ئابووری وڵات مامۆستا هەوار باسی لەوەکرد، سەرچاوەی داهات زۆرن لە هەرێمی کوردستان وەک داهاتی نەوت، باجی گومرگ، ڕسومات و سەرجەم باجەکانی دیکەی تاکەکانی کۆمەڵگە و سەرمایەدارەکان، بۆیە کاتێک ئەم داهاتانە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و ڕێکخراوەیی کۆبکرێتەوە و فەساد و گەندەڵی تێدا نەبێت، بێگومان دەتوانن ڕێژەی هەژاری کەمبکەنەوە و داهاتی تاکەکان زیاد بکەن.

 

دەشڵێت: ئاشکرایە لای هەمووان سەرچاوە داهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ڕوون و شەفاف نین، گەندەڵی لە کۆکردنەوە و دابەشکردنیدا دەکرێت، داهاتەکانی هەرێم لەلایەن بەشیک لە دەسەلاتدرانەوە کۆدەکرێتەوە، بەپێی پلانی خۆیان دابەشی دەکەن بێ گوێدانە یەکسانی و چینەکانی کۆمەڵگە، پاشانیش کەسانی بەرپرس لە کۆکردنەوە و دابەشکردنی داهاتەکان کەسانی شارەزا نین.

 

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دروستبوونی هەژاری بێ پلانییە لە دووبارە دابەشکردنەوەی داهات، چونکە کاتێک داهات هەیە خەرجیش هەیە، وەک موچە و خەرجی کەرتی تایبەت، بەڵام بەشی زۆری دەدرێت بە موچەخۆران کەم بۆ کەرتە تایبەتەکان دابین دەکرێت، کاتێک بەشێک لە خەرجییەکان دەدرێت بە کەرتە تایبەتەکان زیاتر هەلی کار دابین دەکات و هەژاری کەمدەکاتەوە.

 

" گرنگە ئاڕاستەی پلانەکانی حکومەت بەرەو زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی بێت"

مامۆستا هەوار ئاماژەی بەوەدا، هەر وڵاتێک هەوڵی دەربازبوونی لە هەژاری بدات پێویستە پلانێکی تۆکمەی هەبێت و تیایدا بیر لە هەموو ئاڕاستەکان بکاتەوە، بە پێویستی دەزانێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی سەرەکی ببینێت بە جۆرێک هەوڵ بدات پێداچوونەوە بکات بە کار و پلانەکانیدا، بۆ ئەوەی کاتێک داهاتێکی دەستەکەوێت بزانێت لە چیدا بەکاریدەهێنێتەوە، ئاڕاستەی بکات بۆ پڕۆژە جۆراو جۆرەکان، بەتایبەت ئەو پڕۆژانەی دەستیکار زیاد دەکات، وتیشی: گرنگە ئاڕاستەی پلانەکانی حکومەت بەرەو زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی بێت، چیتر بازاڕەکان پڕنەکرێنەوە بە هاوردەکردنی بەرهەمی وڵاتانی دیکە بەڵکو کەرتی تایبەت بە وەبەرهێنانی ئابووری و هێنا ناوەوەی کەرتی تایبەت بکرێت، لەپێناو نەمانی هەژاری، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان پەرەپێبدات وەک کشتوکاڵی، خزمەتگوزاری و پیشەسازی، پڕۆژە ئابوورییەکان جۆراوجۆر بکات و تەنها خۆی لە کەرتی نەوتدا نەبینێتەوە، چونکە لەم حاڵەتەدا دەستی کار زیاد دەبێت و پێداویستی بازاڕەکان پڕدەبێتەوە، دواجار تاکەکانی کۆمەڵگە هەنگاو دەنێت بەرەو داهاتێکی باشتر.

 

"سەرمایەدارانی نزیک لە دەسەڵات چینایەتیان دروستکردووە"

لە درێژەی قسەکانیدا مامۆستا هەوار باسی لەوەکرد، لە کۆمەڵگەی ئێستای هەرێمی کوردستاندا چینایەتی دروستبووە، ناکرێت بە جۆرێک وەسفی چینە دەوڵەمەندەکە بکرێت کە ڕەنجیان زیاتر داوە و زیاتر کاریان کردووە، بەڵام چینە هەژارەکە پاڵیانداوەتە و کاریان نەکردووە بە پێچەوانەوە کەسانی دەوڵەمەند دەرفەتی کاریان بۆ ڕەخساوە، لە هەرێمی کوردستانیشدا چینێکی کەم هەن دەرفەتی کاریان بۆ دەڕەخسێت و دۆخی ژیانیان باشە، سەرمایەدارە باڵاکان بەهۆی نزیکییان لە دەسەڵات و پێنەدانی باج بە حکومەت و خۆدزینەوە لە باج وایکردووە دەوڵەمەند بن و داهاتەکەیان بۆ خۆیان ببەن، لەکاتێکدا کەسانی هەژار بە ئاسانی باجیان لێدەسەندرێت، ئەمەش وایکردووە چینایەتی دروستببێت و هەژاری زیاتر ببێت.

 

"نەهێشتنی گەندەڵی باشترین ڕێگەیە بۆ کەمکردنەوەی هەژاری"

وەک ڕێگە چارەسەرییەک مامۆستا هەوار ئاماژەی بەوەدا چەند ڕێگایەک هەیە بۆ باشبوونی دۆخی هەرێم و کەمبوونەوەی هەژاری لەوانە نەمانی گەندەڵی، هەبوونی شەفافییەت لە سەرچاوە داراییەکاندا، هەروەها کەسانی شارەزا و خاوەن بیرۆکە پێویستە دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت و لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتیان بکرێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکانیان، دەرفەت بە کەرتی تایبەت بدرێت بۆ وەبەرهێنان، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و زانیاری تاکەکانی کۆمەڵگە، "کەمکردنەوەی باج لەسەر کەسانی هەژار و مامناوەند لە بەرامبەردا وەرگرتنی باج لە باڵادەستەکان، بەم شێوەیە حکومەت دەتوانێت هەژاری کەمبکاتەوە و بەرەو باشکردنی بژێوی تاکەکانی کۆمەڵگە هەنگاو بنێت، وڵاتی من کێشەی سەرچاوەی داهات، سەرچاوە ئابووری و مرۆییەکانی نییە، بەڵکو بوونی گەندەڵی و کەسانی گەندەڵ کێشەی سەرەکین، وە ئەگەر ئەم گەندەڵیانە نەمێنێت دۆخی هەرێم باشدەبێت و پێویستمان بە هاوردەکردنی بەرهەمی وڵاتانی دیکە نابێت".